گەورەترین هەڵە و هەڵەی لەویش گەورەتر

گەورەترین هەڵە و هەڵەی لەویش گەورەتر

گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە هەموومان وەک یەک بیر بکەینەوە و پێمان وابێ هەموومان لە چوارچێوەی یەک حزب یان یەک ئایدیای سیاسیدا کۆ ببینەوە، چونکە هیچ حزب و ئایدیایەک جێگای هەموو راو بیروبۆچوونە جیاوازەکانی تێدا نابێتەوە، بۆ نموونە:ــ
ئەگەر حزبێکی ئیسلامی پێیوابێ حزبەکەی ئەوان جیگای هەموو جیازیەکانی تێدا دەبێتەوە، دەکەوێتە هەڵە گەورەکەوە، چونکە ئەوکات چۆن وەڵامی مەسیحی و ئێزیدی و تەنانەت زۆر خەڵکی موسلمانیش کە راو بۆچوونی سیاسی تریان هەیە دەداتەوە؟ یان ئەگەر حزبێکی مارکسی پێیوابێ جێگای هەموو بیروبۆچوونە سیاسیەکانی تێدا دەبێتەوە، دووبارە دەکەوێتە هەڵە گەورەکەوە، چونکە ئەوکات چۆن وەڵامی ئیسلامی و کەسانی دیموکراتخواز و راو بووچوونەکانی تر دەداتەوە؟ ئەوە بۆ حزبە دیموکرات و سۆشیال دیموکرات و هەموو بیروبۆچوونەکانی تریش راستە.
هەڵەی لەوەش گەورەتر ئەوەیە هەر سیاسی و سەرکردەیەک حزب و ئایدیاکەی لە کوردبوون و کوردایەتی بە گەرەتر بزانێ، یان حزبێکی ئیسلامی هاوپەیمانی حزبێکی ئیسلامی بێگانە و دژی حزبیکی مارکسی یان دیموکراتی کورد بێ، ئەوە بۆ حزبە مارکسی و دیموکرات و سۆشیال دیموکراتەکانیش راستە، چونکە کێشەی کورد کوردبوونە و لەبەر کوردبوونیش دەکوژرێ و دەچەوسێنرێتەوە و وڵاتی داگیر دەکرێ، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە هەموو بیروبۆچوونە سیاسیەکان لە چوار چێوەی کوردبوون و کوردایەتی کردندا جێیان دەبێتەوە، چونکە ئەگەر ئامانجی هەر حزبێکی کوردی بەرگری کردن لە کوردستان و پاراستنی کورد و نەهێشتنی چەوسانەوە بێ، هەڵگری هەر بیروبۆچوونێکی سیاسی بێ، دەکرێ لە چوار چێوەی کوردبوون و کوردایەتی کردندا جێی ببێتەوە.
Top