نازی یەکێتی و بێدەنگی و ناز هەڵگرتنی پارتی
April 20, 2020
وتار و بیروڕا
لە دوای رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو دوو حزبە لە دەسەڵات و حوکمڕانیدا، لە چاک و خراپدا، لە دزی و گەندەڵیدا شەریک و پەنجا بە پەنجا بوون، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە یەکێتی لە باشەکاندا زیاتر لە پەنجا بۆ خۆی دادەنێ و لە خراپەکانیشدا دەڵێ: ئەوە حکومەتەکەی (پارتی)یەو ئێمە لەو حکومەتەدا دەسەڵاتمان نییە.
یەکێتی مووچەی فەرامانەبرانی کورستان و بودجەی حکومەتی هەرێمی بە بڕین داو فرمێسکیش بۆ مووچەخۆران دەرێژێ و دەڵێ: حکومەتەکەی پارتی لەبەر دزی گەندەڵی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین ناکرێ.
کاتێک باس دێتە سەر گەندەڵی خۆی لە ئاوی حەیات بە پاکتر دەزانێ و دەڵێ: ئێمە وەک یەکێتی لە حکومەت دەسەڵاتمان نییە و ئەوە حکومەتی پارتییە گەندەڵە.
هەرچی پارەی پرۆژەمانی سلێمانی هەیە وەک حزب خەپەلووشی کرد و دەڵێ: ئەوە پارتییە غەدر لە سلێمانی دەکا و پرۆژە و خزمەتگوزاریشی لە هەولێر پەرە پێداوە.
لەگەڵ بوونی ئەو راستییانە و زۆر راستی تریش یەکێتی بەردەوام ناز بەسەر پارتیدا دەکا و دەڵێ: ئێمەی یەکێتی پاکین و ئێوەی پارتی گەندەڵن، لەسەر ناز کردن بەردەوام دەبێ و دەڵێ: ئێمەی یەکێتی لە حکومەت بێدەسەڵاتین و ئێوەی پارتی غەدرمان لێدەکەن، ئەو ناز کردنەی یەکێتی و ئەو بێدەنگی و ناز هەڵگرتنەی پارتی لە کاتێکدایە تا ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئەو دوو حزبە لە دەسەڵات و بەڕێوە بردنی کوردستان و هەرچی دزی و گەندەڵی هەیە شەریک و پەنجا بە بەنجا بوون، لە دوای ئەو بەروارە ئەو دووحزبە بە بەڵگە بوونە حەفتا و پێنج بە بیست و پێنج و فەرموون ئەوەش بەڵگەکە:ــ
یەکێتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر نیوەی کوردستانی فرۆشت، لەو نیوەش کە ماوە یەکێتی وەک حزب هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەڕێوە دەبات، بەردەوامیش ناز و گلیەیی ئەوە دەکات کە پارتی لە هەولێر و دهۆک نایکات بە شەریک، پارتیش دەمی بووە بە تەڵەی تەقیوو و لە پێناو بەرژەوەندی گیشتیدا بەردەوام ئەو نازە ناڕەوایەی یەکێتی دەکێشێ.