کۆدی نهێنی سەرکەوتن و خۆڕاگری بارزان و شکستی دوژمنان و هاوکارەکانیان؟

کۆدی نهێنی سەرکەوتن و خۆڕاگری بارزان و شکستی دوژمنان و هاوکارەکانیان؟

بە گەڕانەوە بۆ رووداوەکانی رابردوو دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە سەرکەوتن و خۆڕاگری بارزان و شکستی دوژمنان و هاوکارەکانیان، بوونە دوو بابەتی گرنگ و پێکهێنەری مێژووی بەرگری کورد و پەلامارە بەردەوامەکانی داگیرکارانی کوردستان، ئەو سەرکەوتنانەی کورد و شکستی سیاسەتی داگیرخوازی دوژمنانیش بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەبن، قۆناغی یەکەم بەر لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست پێدەکا و بە دامەزراندنی پارتی کۆتایی دێ، قۆناغی دووەمیش بە دامەزراندنی پارتی دەست پێدەکا و تا ئەم ساتەوەختەی ئێستاش بەردەوامی هەیە، لەو دوو قۆناغەدا (بارزانی)یەکان چ ئەوکاتەی وەک عەشیرەت خەمی چەوسانەوەی گەلێکی ستەمدیدە و وڵات داگیرکراویان لە کۆڵنا و کوردایەتیان کردە سەنگەری رووبەڕوو بوونەوەی ستەمکاران و بڕیاری بەرگری لە ستەم لێکراوان و گێڕانەوەی مافی ماف خوراوان، چ ئەوکاتەش بارزانی نومر پارتی دیموکراتی کوردستانی دامەزاند و رابەرایەتی ئەو پارتەی گرتە دەست و تا ئێستاش رابەرایەتی دەکەن، جیا لە بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان، دەیان پیلانی دووقۆلی و سێقۆڵێ و چوارقۆڵیان لە دژ گێڕدراوە و هەر سەرکەوتووش بوون، لێرەدا پرسیار ئەوەیە چی لە پشت مانەوە و سەرکەوتن و بەرگریەکانی بارزان و شکستە بەردەوامەکانی دوژمنانە؟
لە بەراوردێکی دوژمنان لە رووی ژمارە و تەکنۆلۆژیای سەربازی و چەک و جبەخانەی جەنگی لەگەڵ بارزانیەکان، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئاسمان و رێسمانیان بەینە، چونکە هێزی دوژمنان زۆر لە هێزی بارزانیەکان و پارتی گەورەتر بوون، پیلانەکانیشیان ئەگەرچی نەخشەڕێژی پێشوەختە و دۆزەخی بوون، بەڵام بە هۆی تێگەیشتنی قوڵی بارزانی نەمر و دوای ئەویش سەرۆک بارزانی لە پرسی کورد و دانانی سەربەخۆیی وەک دوا وێستەگەی چارەسەر، هەموو پیلانەکان بە هێزی شۆڕشگێڕی و بڕوا بەخۆبوون پووچەڵ کراوەنەتەوە، ئەوەش وایکردووە بەردەوام لە بەرامبەر هێزی بارزانیەکان تووشی شکست ببن، ئەگەر سەرکەوتووش بووبن سەرکەوتنەکەیان کاتی و کورتخایەن بووە، بۆ بەڵگەش چەند نموونەیەک لە شکستی دوژمنان و سەرکەوتنی بارزانیەکان دەخەینە روو.
ئەوە هێزی بارزانیەکان و ئەوەش هێزی سێ داگیرکاری کوردستان و پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦، ئەوەش رێڕەوە مێژووییەکەی بارزانیەکان و پەڕینەوە لە رووباری (ئاراس)و دۆشدامانی دوژمنان و پیلانگێڕان لە بەرامبەر ئەو رێڕەوە مێژووییەی کە هەرگیز چاوەڕوانی نەبوون.
ئەوە هێزی نابەرامبەری رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ئەوەش سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلول و بە چۆکدا هێنانی رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٧٠و، رێککەوتنی ١١ی ئازار و بۆ یەکەمجار خواردنەوەی ژەهراوی ئینکاری نەکردنی دوژمنان لە ماف و بوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ.
ئەوە پیلانە نێودەوڵەتیەکەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥، ئەوەش وەڵامدانەوەی پیلانەکە بە رابوونی شۆڕشگێڕانە و بەردەوامی شۆڕش لە ٢٦ی گوڵاندا، دوای ئەو هەموو سەرکەوتنانەی کورد بە رابەرایەتی بارزانی نەمر و شکست و بەزینی دوژمنان و هاوکارەکانیان و زۆر سەرکەوتن و شکست و بەزینی تر، هێشتا دەستبەرداری پیلان و دوژمنکاری نەبوون و لە پەنای دانوستان و گفتۆگۆ چەندین جار پەنایان بۆ تیرۆری بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی کاک ئیدریس بردووە.
دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ پیلان و گەلەکۆمەی داگیرکارانی کوردستان و دەستە و گرووپە کوردە هاوکارەکانیان چوونە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار، ئەوە هەڕەشەی جووڵاندنی هێز بۆ هاتنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەوڵدان بۆ قالبدانی دەستکەوتە بەدەست هاتووەکانی کورد و سنووردانان بۆ ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان وەک ئەوەی خۆیان دەیانویست.
ئەوە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و برسی کردنی خەڵکی کوردستان و بودجەی حکومەتی هەرێم بە پیلانێکی پێشوەختەی نەخشە بۆ کێشراو.
ئەوە هەوڵەکانی دوور خستنەوە و پاکتاوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حوکمڕانی بەغدا.
ئەوە پیلانە ستەمکاریەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆبوونەوەی هێزە داگیرکارەکانی کوردستان و دەستە و گرووپە خیانەتکارەکانی ناوخۆ لە سەر مێزی پیلانگێڕییەکی هاوبەش، ئەو پیلانە جیاواز لە پیلانەکانی تر بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەش کرابوو کە دوا قۆناغی لەناوبردنی حکومەتی هەرێم و هێنانەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بوو بۆ کوردستان، سەرکەوتنی ئەو پیلانەشیان لەوەدا دەبینی کە بتوانن پارتی و بارزانیەکان بە یەکجاری لەناو بەرن، ئەگەر ئەوەشیان پێ نەکرا بتوانن پارتی بە شێوەیەک لاواز بکەن کە سەرۆک بارزانی لە بڕیاری سیاسی کوردستانی و عێراقی بە تەواوی دوور بخەنەوە، ئەو پیلانانە و زۆر پیلانی تریش بە حیکمەت و بڕوا و متمانەی سەرۆک بارزانی بە هێزی پێشمەرگە و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە سەرکەوتنی کورد و شکستی دوژمنان و پیلانگێڕان تێپەڕێندران.
سەرکەوتنی کورد و پوچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانەش وەک هەموو پیلانەکانی پێش خۆی لەوەدا بوو کورد و سەرۆک بارزانی خستنە بەرەیەک و داگیرکارانی کوردستان و دەستە و گرووپە کوردە هاوکارەکانی داگریکاری کوردستانیشیان خستنە بەرەیەک، بەوەش جارێکی تریش مێژوو دووبارە کرایەوە و وەک رابردوو کورد و سەرۆک بارزانی سەرکەوتن و داگیرکارانی کوردستان و دەستە و گرووپە کوردە هاوکارەکانیان بەزین و ناچار بە شکست کران.
هەموو ئەو پیلانانە نەک هەر نەیانتوانی خۆزگەی پیلانگێڕان بەدی بێنن، بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ پێگەی سیاسی و جەماوەری و متمانە بوون بە سەرۆک بارزانی و بارزانیەکان و پارتی روو لە هەڵکشانە و، پێچەوانەی رەوتی پیلانەکانی دوژمنان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و عێراقی و ناوخۆی کوردستان بەهێز تر و کاریگەرتر دەردەکەوێ.
بۆ کەسانی بێئاگا لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد تێگەیشتن لە وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە زەحەمەت و باوەڕ پێنەکراوە، چونکە نەک هەر بێئاگاییان لە مێژوو یان ئەوانەی بەهۆی لاوازی و سەختی رێگاکە نەیانتوانی لەگەڵ ئەو رەوتە مێژووییە بڕۆن، بەڵکو پسپۆر و شارەزایانی سیاسی و جەنەڕاڵ و ئەزموندیدانی سەربازیش لە ئاستی سەرکەوتن و پووچەڵ کردنەوەی ئەو زنجیرە پیلانگێڕیە نەخشە بۆ کێشراوانە تووشی شۆک بوون، ئاخر سەرکەوتنی هێزێکی بە ژمارە کەم و بێ تەکنۆلۆژیای سەربازی بەسەر هێزێکی زۆر و پڕ چەک و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی، لە دەرەوەی زانستی سەربازییە و شۆک بوونی پسپۆڕ و شارەزایانی سەربازی ناهەق نییە، یان پووچەڵ کردنەوەی ئەو هەموو پیلانە دووقۆڵێ و سێقۆڵی و هەندێ جار بە پشتیوانی نێودەوڵەتیش زیاتر لە پەرجوو دەچێ و تەنها کەسە پەرجووخوڵقێنەکان دەتوانن پێی هەستن و لێکدانەوەی بۆ بکەن، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی کە هەموو ئەو هێز و پیلاگێڕیانە کە دژ بە کوردبوون بەکارهێنراون و گێڕدراون بۆ وەستاندنی ئیرادەی نەتەوەیی گەلێکی ژێردەستە بوون، بارزانی نەمر پێش دامەزراندنی پارتی و دوای دامەزراندنی پارتی و ئێستای سەرۆک بارزانیش پەیامی کوردبوون و خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان هەڵگرتووە و هێزیان لە بڕوا بەخۆبوون و ئیرادەی شۆڕشگێڕی و کوردبوون و کوردایەتی وەرگرتووە، ئەوە کۆدی نهێنی سەرکەوتنەکانی بارزانیەکان و بەزینی هێزی دوژمنان و پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانیان بووە.
Top