پەکەکە و زینی وەرتێ و پرۆژەی بە دیموکراتیزە کردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
April 18, 2020
وتار و بیروڕا
کوردستان بەهێز و پیلانگێڕی کراوەتە چوار پارچە و هەر پارچەیەکی بە زۆر بە وڵاتێکی داگیرکارەوە لکێنراوە، لە هەر پارچەکیش کورد لەسەر کوردبوون کۆمەڵکۆژ دەکرێ، پەکەکە کە خۆی بە حزبی هەر چوار پارچەی کوردستان دەزانێ، هاوشێوەی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان سەربەخۆیی و رزگاری کوردی پی تاوانە و روون و ئاشکرا دەڵێ: بە گژ هەر هەوڵێکی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستاندا دەچینەوە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێ.
وەک هەموو نەتەوەکانی تر خوا کوردی بە کوردی خوڵقاندووە، تورک بەو بڕیارەی خواش پابەند نییە و کوردبوون بە تاوان دەزانێ، جیا لەوەی مافی کوردبوونی لە باکووری کوردستان لە کوردان زەوت کردووە، لەسەر کوردبوون لە رۆژئاواش پەلاماری کوردان دەدات، فارسیش وەک تورک بە بڕیاری خوای گەورە رازی نییە و خوڵقاندنی کوردان بە کوردی رەت دەکاتەوە، جیا لەوەی سێدارەی گەڕۆک بە کوچە و شەقامەکانی شارە کوردنشینەکانی رۆژهەڵاتدا دەگێڕێ و لەسەر کوردبوون کوردان لە سێدارە دەدات، بەوەشەوە ناوەستێ و پەلاماری کوردانی باشووریش دەدا و پێیوایە دەبێ خۆی چارەنووسی کوردان لەو پارچەیەش دیاری بکات.
پەکەکە وەک حزبی هەر چوار پارچەی کوردستان لە قەندیلەوە پرۆژەی بە دیموکراتیزە کردنی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرز کردۆتەوە، ئەوەی جێگای پرسیارە (پەکەکە) پشتی لە زوڵم و ستەمی عەرەب لەسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان کردووە، سووکایەتی کردنی تورک بە کوردبوونی کوردان لە عەفرین و سەرێکانی نابینێ، سێدارە گەڕۆکەکانی ئێران و بەگژدا چوونەوەی دەنگ و ئیرادەی کوردان و خواستی سەربەخۆیی لە باشووریش بە رێگر لەبەردەم پرۆژەی بە دیموکراتیزە کردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێ، لە قەندیل پاڵی داوەتەوە و پێی وایە دەروازەی بە دیموکراتیزە کردنی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زینی وەرتێوە دەست پێدەکات.