باشترین مامۆستای کورد دوژمنەکەیەتی

باشترین مامۆستای کورد دوژمنەکەیەتی

بۆ کەسانی ژیر و ئاقڵ زۆر جاران دوژمنەکەی دەبێتە باشترین مامۆستای، ئێمەی کورد یەکێک بووین لەو گەلانەی کە دەبووایە دوژمنەکەمان باشترین مامۆستامان بێ، بەڵام بە هۆی ناژیری و کەم ئەقڵی تا ئێستاش نەمانتوانیوە دەرس لەو هەموو وانە گرنگانە وەربگرین کە دوژمنان پێیان داوین.
دوژمنان زۆر وانەی گرنگی وەک ئەنفال و کیمیابارانی پێداوین، لە ئەنفالدا نەیپرسی: کێ پارتییە و کێ یەکێتی؟! کێ سۆشیالیستە و کێ شیوعی؟! بە زمانی عرووبە پێی گوتین: هەمووتان کوردن و لەبەر کوردبوون بە فەرموودەی ئەنفال کۆمەڵکوژتان دەکەین.
لە کیمیابارانی هەڵەبجە و ناوچەکانی تریش نەیپرسی: کێ پارتییە و کێ یەکێتی؟! کێ سۆشیالیستە و کێ شیوعی؟! بە زمانی دوژمنکاری پێی گوتین: هەمووتان کوردن و لەبەر کوردبوون بە ژەهر دەتان خنکێنین، دوژمن بەو دوو وانەیە پێی گوتین: هەمووتان کوردن و بە هۆی کوردبوون دەکوژرێن و پێویستە یەکبگرن، بەڵام بە پێچەوانەوە بە قسەی مامۆستاکەمان نەکرد و یەکمان نەگرت و زیاتر خۆمان پەرتەوازە کرد و حزبایەتیمان پێش کوردایەتی خست، لێردا دەپرسین: لە کوێی سەر رووی ئەم زەمینە بووە مامۆستا وانەی وا گرنگ و بە سوود بە قوتابی و خوێندکارەکانی بداو روون و ئاشکرا پێیان بڵێ: تا پەرتەوازە بن و حزبایەتی پێش کوردایەتی بخەن، چارەنووستان کۆمەڵکوژییە، جا بە ئەنفال بێ یان ناوی تر.
ئەوەی گرنگە ئەنفال و کیمیاباران و زۆر وانەی تریش بە شێوەیەک ئازاریان داوین لە (ئەلفەوە تا یا) لەبەرمان کردوون و ساڵانە بەدەم ئازاراوە دەیانڵێینەوە، بەڵام جگە لە گوتنەوەیان هیچی تریان لێ فێر نەبووین.
Top