زێڕ و زێڕنگری، سەربەخۆیی و پێشمەرگایەتی

زێڕ و زێڕنگری، سەربەخۆیی و پێشمەرگایەتی

هەر کەسە و بە پیشەی خۆی، ئاخر کەسێک هیچ لە زێڕنگەری نەزانێ قەدری زێڕیش ناگرێ، ئەوە پەندێکی کۆنی کوردەواورییە، زێڕنگەریش ناتوانێ قەدری شتێک بگرێ کە هیچ شارەزاییەکی لێی نییە، ئەوە بۆ سەرتاش و نانەوا و... هتد راستە، چونکە هەر یەکێک لەوانە ژیان لەگەڵ پیشەیەکی تایبەتی بەسەردەبا و ناچارە رێزی پیشەکەی بگرێ، ئەوە بۆ شۆڕشگێڕ و سەوداسەرێکی ئازادی و سەربەخۆییش راستە.
ئاخر کەسێک لە قوتابخانەی کوردایەتی پەروەردە نەکرابێ و ئازادی و سەربەخۆیی لەلا نەبووبێتە دوا ئامانج، هەرگیز ناتوانێ رێز لە پێشمەرگایەتی و مێژووی بەرخودان و سەروەریەکانی پێشمەرگە بگرێ، چونکە رۆژێک ئازاری شەونخونی نەچێشتووە و بە نووسینەوەی مێژووی بەرخودان و سەروەریەکانیشەوە ماندوو نەبووە، هەر ئەوەش وایکردووە بەهای ئازادی و سەربەخۆییش نەزانێ.
جا چۆن ئەگەر زێڕ نەبێ زێڕنگری مانایەکی نامێنێ، ئەگەر زێڕنگریش نەبێ جوانی و بەهای زێڕ دەرناکەوێ، پێشمەرگە و ئازادی و سەربەخۆییش ئەوها یەکتری تەواو دەکەن، چونکە ئەوە پێشمەرگەیە بە رەنج و خوێنی خۆی ئازدی و سەربەخۆیی دەکاتە ئامانج، ئازادی و سەربەخۆییش بەبێ بوونی پێشمەرگە دەبێتە خەونێکی بەدی نەهاتوو، بۆیە چۆن قەدری زێڕ لای زێڕنگرە، ئەوها قەدری ئازادی و سەربەخۆیی و پاراستنیان تەنها و تەنها لای پێشمەرگە و ئەو کەسانەیە کە لە قوتابخانەی شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری پەروەردە کراون.
Top