ەو رۆژە دێ ئەبوجەهلەکان پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن

ەو رۆژە دێ ئەبوجەهلەکان پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن

چەند نووسەرێک لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکەن ئەو ئیعلامە رابگیرێ، ئەوە بەلای منەوە داوایەکی دڵ خۆشکەر بوو، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشم بەیاننامەکەیان لە گۆڤاری (لڤین)دا بڵاو کراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەو گۆڤارە کورد گوتەنی لە یەکەم ژمارەیەوە تا ئێستا پەت پسێن بووە و یەکێک بووە لەو بڵاوکراوانەی کە لە رێگای چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردنی راستییەکاندا، بەردەوام دژی لایەنێکی دیاریکراو ژەهری رشتووە و هەوڵیداوە ئاگری ناکۆکی و دووبەرەکی خۆش بکات.
دوایی بە خۆمم گوت با چاوێک بەو نووسەرە دڵسۆز و خەمخۆرانەدا بگێڕم و بزانم کێن ئەوەندە بە پەرۆشن؟ کاتێک چاوم بە نووسەرەکاندا گێڕاو ناوی مەریوان وریا قانع و مەسعود عەبدولخالق و ئاراس فەتاح و ئاسۆس هەردیم بەرچاو کەوت سەرم سوڕما، ئاخر ئەوانە بە ناوی پەرۆشی بۆ خەڵک دووکوچکەی ئەوە فیتنەگێڕیەی ئێستایان دانا، ئاخر ئەوانە خەڵکیان فێر کرد چۆن دژی بەها و شکۆی نەتەوەیی و مێژووی شۆڕشگێڕی و تەبایی سیاسی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوەستنەوە.
کورد دەڵێ: مەشکە چی تێدابێ ئەوەی لێدەڕژێ، ئەوانەش لە رابردوو چییان کردووە هەر ئەوەیان لێ چاوەڕوان دەکرێ، بۆیە ئەگەر ئەوەی ئێستا داوای دەکەن فێڵ نەبێ و بە راستیان بێ، چاوەڕوانی ئەو رۆژەش بکەن ئەبوجەهلەکان پێشنوێژی بۆ مەسڵمانان بکەن و خامەنەیی و ئەردۆغان و مالیکی و سەدر.. هتد، سرودی ئەی رقیب و ئەی کوردینە ئەی مەردینە بچڕن.
Top