دوای حەڤدە ساڵ، عێراقتان باش

دوای حەڤدە ساڵ، عێراقتان باش

لەدوای حەڤدەساڵ لە ڕوخانی ڕژێمی پێشوو، هێشتا ئەو پایەو پرەنسیپانەی کە قەراربوو عێراقی نوێی لەسەر بونیاد بنرێت جێ بەجێ نەکراوەو هەمان ئەو عەقڵیەتەی ڕابردوو بگرە بە حاقدتریش بوونی هەیە و ئێستاش خەون بە عێراقێکی مەرکەزی ناوەندێتی و دیکتاتۆری دەبینن.

کورد لە کۆبوونەوە سەرەتاکانی پێش هەردوو کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە (لەندەن و سەڵاحدین)و لە هەردوو کۆنگرەکەش داوای ئەوەیان کرد کە نەچینەوە بۆ بەغداد، چونکە ئەوە نزیکەی سەدەیەکە ئێمە لەگەڵ عێراق شەڕو گفتوگۆ تاقی دەکەینەوە نەگەشتین بە ئەنجام، بۆیە ڕێگەمان بدەن با جیابینەوەو سەربەخۆبین، بەڵام ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی قبوڵی ئەو داوایەیان نەکردو کوردیش ئەو هێزە نەبوو دژی خواستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێت.

پرۆژەی فیدڕاڵیەت و دابەشکردنی عێراق بۆ سێ هەرێم، بژاردەی ئەمریکیەکان بوو بەمەرجی دەستورێکی مۆدێرن و دیموکراسی، کەچی حەڤدە ساڵی ڕابردوو نە عێراق بوو بە فیدراڵ نە ئیش بە دەستوریش دەکرێت، میزاج و بەرژەوەندی و مەزهەب و میلشیاو کوشتن و جینۆسایدو هەوڵی سڕینەوەی یەکتر، زەقترین دیاردەکانی عێراقن و ئەم حەڤدە ساڵەش چویە سەر نزیکەی هەشتا ساڵی حوکمی بەربەریەتی هەژمار لەسەر سوونە و هیچی بۆ ئێمە لێ سەوز نەبوو.

کەوتنی دیکتاتۆر تاکە دەستکەوتی دوای حەڤدە ساڵی ئێمەیە لە عێراقی نوێ چونکە ڕاستە بەشێک لە خواستەکانمان لە دەستوری هەمیشەیی عێراق جێگیرکرد، بەڵام ئەوەی ئیشی پێناکرێت لەم عێراقە بەناو نوێیە دەستورەو وەک (قورئانە ڕەشەکەی حەمەی میراولی) لەسەر ڕەفە هەڵگیراوەو لە داهاتووش دەتوانرێت حیلە ناشەرعی بۆ دەستکاریکردنی ئەو مافانەش بدۆزنەوە کە ئێمە دڵمان پێی خۆشەو گۆرانی بۆ دەڵێین.

ڕاستە جیهان و ئێمەش دەستەویەخەی بەڵایەکی ناگەهانی جیهانین و هەموومانی سەرقاڵ کردوە، وەلێ دەبێت هەموو هێزو لایەنە سیاسیەکان بە بەردەوامی و بەیەک دەنگی لەسەر خەت بین بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانمان بسێنین و نەهێڵین بخورێت، ئەگەرنا ئەمانە پێیان بکرێت هیچمان پێ نادەن و ئەوەشی هەمانە لەناوی دەبەن و لە هەوڵی ئەوەدابین لەهەر دەرفەتێکی گونجاودا بەرهەمی ڕیفراندۆم بخەینەوەگەڕو بەیەکجاری ڕزگارمان ببێت لەم وەرەم و سەرەتانەی ناوی عێراقە.

ئێستا دوای شکست پێهێنانی دوو کاندیدی نوێ لە عێراق لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، زیاتر کاریگەری و قورسایی هەرێم خۆی دەنوێنێ و بەرجەستە بووە، بۆیە هەقە زیاترو زیاتر مکوڕ بین لەسەر خواستە سەرەکیەکانمان و خواستە نەتەوەییەکان پێش هەموو شتێکی دیکە بخەین و زۆریش دڵخۆش نەبین بەم لێکنزیکبوونەوانە، چونکە لە خاڵی لاوازییانەوەیە نەک بیروباوەڕ، ئەمەش ئەو گرێ سەرەکیەیە کە نزیکەی سەدەیەکە خەڵک و سەرکردە عێراقیەکان بەرامبەر بە ئێمەی کورد هەیانە.

دوای حەڤدە ساڵ و تاقیکردنەوەی عەقڵیەتی ئەو شیعانەی کە پێکەوە ڕۆژانێک ئۆپۆزسیۆنی دژبە دیکتاتۆر بووین، بۆمان دەرکەوت عەقڵیەتی حکومڕانانی عێراق نەگۆڕەو ئەوەی پێویستە لەسەرمان نەگەڕانەوەیە بۆ دواوەو هەنگاوهەڵگرتنە بەرەو کەناری ئارامی و لەنگەرگرتنی یەکجارەکی.
Top