لە هەر شتە و شتێک فێر بووین، بەڵام لە هەموو شتێک هیچ فێر نەبووین

لە هەر شتە و شتێک فێر بووین، بەڵام لە هەموو شتێک هیچ فێر نەبووین

پێشمەرگایەتی فێری بڕوا بە خۆبوونی کردین، فێری کردین چۆن بە مەرگی خۆمان بەرگری لە بە ئاسوودە ژیانی خەڵک بکەین، بڕیاری ئەوەی پێداین کۆڵەپشتی ئازادی و سەربەخۆیی لە کۆڵ ببەستین و لەسەر تاتەشۆری کۆیلەیی و ژێردەستەیی کۆڵەپشتیەکە بکەینەوە و، بە چڕینی (ئەی رەقیب) نەفرەت لە سیاسەتی داگیرکارخوازی دوژمنان بکەین و وەڵامی خۆزگەکانی داهاتووی خۆشمان بدەینەوە.
دیکتاتۆری فێری کردین چۆن بەگژ زوڵم و ستەم و سیاسەتی خۆ سەپاندنی ئەم دوژمن و ئەو دوژمن و ئەم داگیرکاری کوردستان و ئەو داگیرکاری کوردستاندا بچینەوە، فێری کردین بە خاکەوە بژین و بۆ خاک بمرین، فێری کردین چۆن لە زوڵم یاخی ببین و چۆن شەڕی زاڵمان بکەین و چۆنیش بەرگری لە مەزڵوومان بکەین.
ڤایرۆسی کۆرۆناش فێری کەرەنتینەی کردین، فێری کردین چۆن خۆمان لە دوژمنە نەبینراوەکانیش بپارێزین، ئەوەتا وەک دەبینین لە هەر شتە و شتێک فێر بووین، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە لە هەموو شتێک هیچ فێر نەبووین، ئەنفال، کیمیاباران، راگواستن، کۆمەڵکوژی، یەک فەرهەنگی شیعە و سوننەی عەرەب بۆ چەوسانەوە و لەناوبردنی یەکجارەکی کورد، ئەوانە هەموو شتێک بوون و پێویست بوو زۆر شتیان لێ فێر ببین، بەڵام هیچیان لێ فێر نەبووین، لە کاتێکدا دەبووایە لانی کەم لێیانەوە فێری یەکگرتن و یەک هەڵوێستی و کۆدەنگی نەتەوەیی و نیشتیمانی ببین، خۆ ئەگەر هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتیانە فێری یەکگرتن و یەک هەڵوێستی و کۆدەنگی نەتەوەیی و نیشتیمانیان کردباین، لەوەشدا سەرکەوتوو دەبووین و وەک ئێستا بە ژێردەستەیی نەدەماینەوە.
Top