دەستلەکارکێشانەوەی بەرهەم صالح بە سوودی کوردە یان بە زیانیەتی.

دەستلەکارکێشانەوەی بەرهەم صالح بە سوودی کوردە یان بە زیانیەتی.


هەواڵی ئامادەگی دەربڕینی بەرهەم صالح سەرۆك کۆماری عێراق بۆ دەست لەکارکێشانەوەی وەك بەشێك لە دەرەنجامی ئاڵۆزیەکانی ئەمدواییەی عێراق و ناکۆکیەکانی ناوزەندکردنی کەسێك بۆ سەرۆك وەزیران، کێشەکانی عێراق ئاڵۆزتر دەکات یان چارەسەریان دەکات؟

ئەمە پرسێکە کە ناوەندە سیاسی و ئەوانەشی کە چاودێری سیاسی یان کارەکتەری سیاسی عێراق و کوردستانن بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و شیکردنەوەی جیا جیا ی لە بارەوە دەکرێت.

بەڵام لە حاڵێکدا ئەگەر ئەوە رووبدات و سەرۆك کۆمار دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەوا تۆپەکە دەکەوێتە گۆرەپانی سیاسی کوردەوە، کە رەنگە بۆ ئەو قۆناغە بۆ یەکێتیش ئاسان نەبێت کەسێکی تر لە شوێنی بەرهەم سالح کاندید بکات بۆ سەرۆك کۆماری عێراق. بێگومان پارتە سیاسیە کوردیەکانیش لە ئێستادا کۆك نین، تا بتوانن بە ئاسانی کەسایەتیەك بۆ سەرۆکی کۆمار دیاریبکەن. ئەمەش دەرفەت دەداتە لایەنە عێراقی و هەرێمایەتیەکان تا چەواشەی شەقامی نارازی عێراقی بکەن و بڵێن ئەوەتا کورد هۆکاری بەردەوامی کێشەکانی عێراقن، بەهۆی ئەوانەوە پرۆسەی ئاڵوگۆری دەسەڵات پەکی کەوتووە.

بەپێی ماددەی ٧٥ـی دەستوری عێراق، لە کاتی چۆڵبوونی پۆستی سەرۆك کۆمار ئەوا جێگری شوێنی دەگرێتەوە بەڵام لە حاڵێکدا ئەگەر سەرۆك کۆمار جێگری نەبوو، ئەوا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ئێستادا (محمد حەلبوسی)ە، شوێنی سەرۆك کۆمار دەگرێتەوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی کورددا نیە، چونکە (محمد حەلبوسی) لە ژێر فشاری زۆرینە شیعەی پەرلەمان و داواکاری ناجێگیری خۆپیشاندەراندایە، بۆیە بەبێ دوودڵی هەرچی بریاری ئەوانە پەسەندیان دەکات. بۆ نموونە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی٢٥ـی ئەیلولی ٢٠١٧، پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەو (حەلبوسی)یە چەندین بریاری نادەستوری دەرکرد لە دژی هەرێمی کوردستان. تەنانەت ئێستاش لەسەر هەمان سیستەم و دژایەتی کردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بەردەوامە.

ئەوەی پرۆسەکە قورستر و مەترسیەکانیشی گەورەتر دەکات هەلوومەرجی ئێستای پرۆسەی سیاسی عێراق و کارکردن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستورە چونکە ئەگەر کورد لە هەرەمی سیستەمی سیاسی بەتایبەت پۆستی سەرۆك کۆمار نەمێنێت ئەوا دەرفەتی ڤیتۆکردنی یاساکان و چاودێریکردنی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور لەدەستی کورد دەردەچێت و، دەکەوێتە دەست رەحمەتی حەلبوسی یان حەلبوسیەکان، بەمەش دۆخی ئاسایش و سیاسی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، بە جۆرێك کە لە پێشی هەموان کورد زەرەری لێدەکات.

سەرکردایەتی سیاسی کورد بە دیاریکراوی پارتی دێموکرات و یەکێتی نیشتیمانی دەبێت یەکدەنگ بن لایەنی کەم لەو قۆناغەی ئێستادا، چونکە قۆناغەکە زۆر مەترسیدارە، ئەگەر عێراق جێگیر نەبێت کاریگەری زۆری هەیە بەسەر هەرێمی کوردستان، سەرباری ئەو راستیەی کە کورد هەمیشە پێی باش بووە حکوومەتی عێراق لاواز بێت بەڵام هیچ کاتێك لەبەرژەوەندی کوردا نیە عێراق نائارام و ناجێگیر و بێسەروبەری و بێ سیستەم بێت، هەرێمی کوردستان تا ئێستاش مەحکوومی پەیوەندییەکی باشە لە گەڵ حکوومەتی عێراق، تەنانەت یەکێك لە هێڵەگشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بوو لە درووستکردنەوەی پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عێراق، بەڵام لە ئێستادا دامەزراوە دەستورییەکان پەکیان کەوتووە، حکوومەتی عێراق لە حاڵەتی کاتبەرێکەردایە، ئەگەر سەرۆك کۆماریش دەست لەکاربکێشێتەوە ئەوا دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆماریش دەکەوێتە بۆشایی یاسایی، ئەمەش لەبەرژەوەندی دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و عێراقدا نیە.

تاکوو ئێستاش ئەو قۆناغەش بۆ کورد قۆناغێکی ئاڵۆز و ناروونە ، لە دوای ریفراندۆمی ٢٥ــی ئەیلولی ٢٠١٧ جگە لە فاکتەرە ناوخۆییەکان، دەرکەوت کە سیستەمی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبوو، هەرچەندە بەشێکی زۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی رەنگدانەوەی راستی فاکتەر و باروودۆخی ناوخۆیی کارەکتەرەکانە بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێتەوە کە سیستەمی نێودەوڵەتی تەنانەت لەسوریاش دژی خواستی کوردەکان بوو بۆ خۆبەرێوەبەرییەکی سادەش.

کورد چی بکات؟
دەبێت کورد خۆیی کۆبکاتەوە و کۆدەنگیەکی بەهێز درووستبکات، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکانی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێندرێن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە سەرکردە سیاسیەکان هەوڵەکانیان بخەنە گەر بۆ زیاتر هەماهەنگی و کارکردنی پێکەوەی لەژێر چەتری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر پێشهاتێك کە رەنگە رووبدات، بێگومان رۆڵی سەرۆك بارزانی وەك رابەر و لێڤەگەری باڵای گەلی کوردستان زۆر گرینگەو، دەبێت هەموومان لە دەوری بەرنامەیەك کۆببینەوە کە ئاسۆیەکی روونتر و بەرچاوروونیەکی باشترمان بداتێ لەمەڕ پێشهاتە نەخوازراوەکانی عێراق و ناوچەکە.
Top