كورد و كوردتر

كورد و كوردتر

ئاڵای ئاڵاو بە خوێنی ئازادیخوازانەوە بیانوویەك نییە بۆ چەوساندنەوەی ڕۆڵەكانیان و تەنیا پارچە پەڕۆیەكیش نییە كە شەكاوەبێت بە دەم شنەبای بێئومێدی لە یەكڕیزبوون، بەڵكو زۆرتر بەسەرهاتی پەنگخواردووی ناو فرمێسكی چاوی چاوەڕێی دایكێكی ئاوارەیە كە ڕۆڵەكەی فێر نەبووە و نابێ چەكی مەردایەتی دانێت و بستێ خاكی ئەم كوردستانە بدات بە نەیارانی، بەڵكو ئامانجی یەكڕیزبوونە، مەبەست ئەوەیە كە گەورە و بچووكی ژێر ئەم ئاڵایە تەنیا ئەم ئاڵایە بناسن، بەڵام ئێستا ئیتر ئەم ئاڵایە پردی گەیاندنی كۆمەڵێك بەرژەوەندیخوازە كە وایان كرد، ئەم وڵاتە لە ناوەڕۆكدا چیتر بە تەنیا هەڵگری ئەم ئاڵایە نەبێت.
ئێمە ئیتر گیانێكی فرە ئاڵاین و ئاڵای زۆرمان هەیە، تەنانەت دوژمنەكانیشمان ئاڵایان هەڵكراوە و بە پارەی گیرفانی خاك فرۆشان بەسەرمانەوە ئەیشەكێنێتەوە، بەداخەوە ڕواڵەت بینین و خافڵاوین بە درووشمەكانیان و لە خەیاڵێكی خاودا دەژین.
بۆ پرسیار نەكەین چەند سەدەی دی دەبێ نێوماڵمان تەبا و یەكڕیز نەبێ؟ بۆ هێشتا شارچێتی دەكەین و هێشتا ڕێگە دەدەین كارێزمای مێژوومان لەكەدار بیكرێت؟ هێشتا تەنانەت شێوەزارەكانمان بوونەتە جێگای گاڵتە و گەپ، هێشتا كورد و كوردتر هەیە!
پێشەوا قازی محەمەد ئەم ئاڵایەی وەك ئاڵای هەموو كوردانی دنیا ناساند، بەڵام ئێستا خۆمان ناهێڵین وابێت، خەڵكی فڵان شار خۆی لە شارێكی دیكە پێ كوردترە، خەڵكی لادێی فڵان لە لادێیەكی دی خۆی پێ كوردترە، شێوەزاری فڵانی لە شێوەزاری فڵانێكی دیكەمان پێ كوردیترە، وامان لێ هاتووە كە خەڵكی هەندێك شارمان هەر پێ كورد نین، پێناسەی نەتەوە كەی وایە؟ ئەمە پیلانی ئەو كوردانەیە نانیان بە دروستكردنی جیاوازی و ناكۆكیی لەنێوماڵی كوردەوە بەستراوەتەوە، بەسە با چیتر كورد و كوردتر نەمێنێت و هەموومان كورد بین، نەك شتی دیكە.
لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و قامیشلۆ و عەفرین و سنە و مەریوان و دیاربەكر و دێرسیم و كفری و كەلار و چەمچەماڵ و هەورامان و بادینان و بارزان و هەڵەبجە و مەهاباد و .. هتد، كام شارە هەیە خوێنی بۆ ئەم ئاڵایە نەدابێت؟ كام شار بۆ كوردبوون شەڕی نەكردووە؟
هەرچەندە مەبەستم لەو شەڕانە نییە كە جاشەكانی بەناو كورد بە بیانووی جیاوازیی حزبی دروستیان كردووە، تاكوو كورد بە خوێنی كورد تینوو بێت، گەر سەرنجی مێژوو بدەین، ئەوا دەبینین كە دەوڵەتی بەریتانیا لە هەر وڵاتێك بووبێت دوای بەجێهێشتنی لە ڕێگەی دروستكردنی بەرژەوەندیخوازییەوە هەوڵیداوە لەو وڵاتەدا جیاوازیی بیروڕا دروست بكات و ئامانجە سەرەكییەكەیان لە بیر بباتەوە، كە ناوەڕۆكی چەمكی یەكڕیز بوونە و بۆ ئێمەش كورد بوونە.
كەس لە كەس كوردتر نییە، با هەموومان كورد بین و ئەوە بزانین كە تاكە شتێك دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئامانجە نەتەوەیەكانمان ناسینی ئەو كەس و لایەنانەن كە لە نێوانمان جیاوازی دروست ئەكەن، باچیتر دوایان نەكەوین و ئەوە باوەڕمان بێت كە ئەم ئاڵایە بۆ هەموومانە و بە یەكبوونمان زۆر جوانتر دەشەكێتەوە، ئەو خۆرەی ناوەڕاستی با ڕق و كینەكانمان بەرامبەر یەك بسووتێنێت و ڕەنگە سپیەكەی ئاشتی بخاتە نێوانمان و سووری خوێنی شەهیدان بیرمان بێنێتەوە بۆ پاراستنی سەوزایی و سرووشتی جوان و ئاوەدانیی كوردستان، با هەموومان وابیربكەینەوە كە كوردین و كورد هەیە، بەڵام كوردتر نەخێر!

Top