یەکێتی و هەڵگەڕانەوە لە درووشمەکانی
December 23, 2019
وتار و بیروڕا
یەکێتی لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەم ساتەوەختەش زۆرترین موزایەدەی بە مافی چارەی خۆنووسین و فەراهەم کردنی دیموکراتی و ئازادی بیروڕا کردووە، بەردەوام ئەو دوو درووشمەی وەک دوو لە داهێنراوەکانی خۆی بە رکابەرە سیاسیەکانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەفرۆشتەوە، بەو هۆیەوە توانی زۆرترین خەڵک لە خشتە بەرێ و پێگەی خۆی پێ لەناو جەماوەردا قای بکات، بەڵام ئێستا نەک هەر لەو دوو درووشمە هەڵگەڕاوەتەوە، بەڵکو بۆ شەڕفرۆشتن بەو دوو درووشمە کە ساڵانێکی زۆر موزایەدەی پێوە کردن و خەڵکی پێ لە خشتە بردن، ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستی دوژمنان و هاوپەیمانێتی لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان ببەستێ و بە بەڵگەش ئەوەی کرد و دەستی خستە ناو دەستیان و هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەستن.
١ــ شەڕفرۆشتنی یەکێتی بە مافی چارەی خۆنووسین:ــ
یەکێک لە مافە زۆر سادە و سەرەتاییەکانی هەر گەل و نەتەوەیەک لە پرسە چارەنووسسازەکاندا و ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە چارەنووسی گشتییەوە هەیە گەڕانەوەیە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵک، بڕیاری ریفراندۆمیش گەڕانەوە بوو بۆ مافی چارەی خۆنووسین و ئیرادە و بڕیاری جەماوەر، ئەوەبوو لە ریفراندۆمدا %٩٣ی خەڵکی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی دا، یەکێتی کە هەڵگری درووشمی مافی چارەی خۆنووسین بوو، لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لەو درووشمەی خۆی هەڵگەڕایەوە و هاوشێوەی دوژمن و داگیرکاران دژ بە مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کوردستان وەستایەوە، بەوەش سەلماندی کە ئەو درووشمەی کردۆتە چاوبەستی سیاسی و فێڵی پێ لە خەڵک و دۆست و ئەندام و لایەنگرانی خۆشی کردووە، ئەگەرنا هەر لە سەرەتاوە بڕوای بە مافی چارەی خۆنووسین و گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەبووە.
٢ــ شەڕفرۆشتنی یەکێتی بە دیموکراتی و ئازادی بیروڕا:ــ
یەکێتی وای دەردەخست کە ئەو دەرگای دیموکراتی و ئازادی بیروڕای بە رووی خەڵکدا کردۆتەوە و ئەگەر ئەو نەبووایە کورد شتێکی بەناوی دیموکراتی و ئازادی بیروڕا نەدەدی و نەدەبیست، بەڵام کۆنگرەی چوارەم کە بە کۆنگرەی تەوافوق و رێککەوتنی خاوەن باڵەکان ناسراوە، ئەو سیحرەی بەتاڵ کردەوە کە دەیان ساڵە لە خەڵکی کوردستانیان و ئەندلم و لایەنگرانی خۆشیان کردووە، چونکە بە پێی ئەو ریککەتن و تەوافوقە سنوور بۆ ئازادی دەنگدەر دانراوە و دیاریش کراوە کراوە کێ دەردەچێ و کێ دەرناچێ، ئەوەش هەم پێچەوانەی دیموکراتییە و هەمیش پێچەوانەی ئازدای بیڕوڕا، لێرەوە دەگەینە ئەو راستییە کە بەشێک لە سەرکردە بڕیار بەدەستەکانی یەکێتی هەڵگری هیچ ئامانج و خواستێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەبوون و حزبەکەیان پێ لە کورد گەورەتر بووە، ئەوەش وایکردووە لە پێناو مانەوەی خۆیان مەترسیدارترین گەمە بکەن، هەر کاتێکیش مەترسی کەوتبێتە سەر بەرژەوەندیە حزبییەکانی سڵیان لە هیچ نەکرۆدۆتەوە و کورد و مافی چارەی خۆنووسین و دیموکراتی و ئازادی بیروڕایان بە قوربانی خۆیان کردووە.