خوێندنەوەیەكی شیكاری بۆ 100 رۆژی ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

خوێندنەوەیەكی شیكاری بۆ 100 رۆژی ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان
دوای تێپەڕبوونی سەد رۆژ بەسەر دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێم باشە راو سەرنجی خۆم دەربڕم و باسی هەڵسەنگاندنی حكومەت بكەم لە رووی ئابوورییەوە. من پێموایە شتێكی ئاساییە كە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە چ سیاسی، یان ئابووری بن، بەردەوام، یان ناوبەناو هەڵسەنگاندن بۆ حكومەتە تازە دامەزراوەكان بكەن، بۆیە دەبینین كە ئەم ناوەندانە هەڵسەنگاندنێكی بەرایی ئامادە دەكەن بۆ سەد رۆژی یەكەمی ئەم حكومەتانە، بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنەش بەرنامە راگەیاندراوەكەی حكومەت دەبێت لە سەرەتای دامەزراندنیەوە. سەبارەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دیارە بەرنامەیەكی تێرو پڕی گشتی و ئامانجداری لە هەموو بوار و كایەكاندا راگەیاندووە، كە پێشتر من لە ژمارەیەكی پێشووی گۆڤارەكە ئاماژەم پێ كردووە، بۆیە دوای تێپەڕبوونی سەد رۆژ دەتوانم بڵێم ئەوەی كە لەم بەرنامەیەدا هاتۆتەدی زۆر كەمە، بەڵام دەكرێت بگوترێت كە ئەمە سەرەتایەكە و موژدەی خێر و خۆشی بەدواوە دێت، ئەوەی لە رووی كارگێڕییەوە لەم بەرنامەیەی حكومەت هاتە ئاراوە، رێكخستنی كاری دامەزراوە و فەرمانگەكانی حكومەت بوو، لە سەر ئاستی كاری ئەم دامەزراوانە، یان كارو ئەدای فەرمانبەران، هاوكات سەرەتاكانی كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەدەركەوتن، هەتا ئەگەر بە ساردو سڕیش بێت، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە كاری زۆر جددی هەیە، واتا بە كردار ئەنجام بدرێت، نەك هەر بە شێوەی میدیایی بێت، خاڵی دووەم كە لە ژمارەیەكی رابردوودا جەختمان لەسەر كردەوە، بریتییە لەوەی كە حكومەتەكان متمانەی گەلانیان بەدەست بێنن، بەڵام بەداخەوە ئێمە هیچ دەستپێشخەرییەكان لەم بارەوە نەدیوە، لەوانە قوتاربوون لەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران كە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن و ناویان لە لیستی وەهمی و بن دیواردایە، هەروەها هیچ هەنگاوێكمان لە بواری ئیدارییەوە نەدی لە چارەسەركردنی كێشەی بێكاری، هاوكات دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە هەموو پسپۆڕییەكاندا تا ئێستا بە سستی بەڕێوەدەچێت، یان تەنیا لە سەر كاغەزە و نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكومەت پێویستی بە بەرنامەیەكی كارا هەیە لەسەر ئاستی هەموو بوارەكاندا، ئەمەش دەبێ بە خەڵك رابگەیەندرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێكاری بە بەشداریی كەرتی تایبەت، تا ئێستا ناتوانین هیچ تروسكاییەك بەدی بكەین سەبارەت بە پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ناوەند، چونكە تا ئێستا ئەم پەیوەندییانە هەر وەك خۆیان ماون، هەرچەندە حكومەتی هەرێم هەنگاوی بەرچاوی بەم ئاراستەیە هەڵێناوە، بەتایبەتیش سەردانی شاندەكانی هەولێر بۆ بەغدا، یان هاتنی بەرپرسانی بەغدا بۆ هەولێر، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی بەرچاو و رۆشن لەم بوارەدا بە تەواوی رانەگەیەندراوە و بەدی نەكراوە، چ لەسەر ئاستی بودجە، یان فایلی نەوت پەیوەست بە هەناردەكردن و بەرهەمهێنان و فرۆشتن، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و خێرا و كارا بگرێتەبەر لەم بوارە گرنگەدا، كە پێموایە ئەمە كلیلی چارەسەری زۆر كێشەیە كە رووبەڕووی حكومەت دەبێتەوە، لە رووی سیستەمەوە من لەو باوەڕەدام كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو توانای ئەوەی هەیە كە مووچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا پێموایە ئەو لایەنە دەكەوێتە بەر كاریگەریی ئەو رووداوانەی بەغدا و ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ بەغدا بەردەوامن.
لەسەر ئاستی ئابووریدا، داوامان لە حكومەت كردووە، ئەولەوییاتی خۆی لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەیەك رابگەیەنێت، بەڵام ئەوەی بینیمان و گوێمان لێیان بوو، تەنیا راگەیاندنی خێرای هەندێ وەزیر و بەرپرس بوو، یان پارچە پارچە بوو لە خستنەڕووی ئەولەوییاتەكانیان، بۆیە دەبێت ئەولەوییات بە شێوەیەكی زانستی و سیستماتیك و ورد رابگەیەندرێت، بە شێوەیەك بەرنامەیەك هەبێت كە هەر وەزارەتێك باس لەو ئامانجانە بكات كە لە ساڵی یەكەمدا دەیەوێت بیانهێنێتەدی، واتە هەر ئامانجێك دەخرێتە نێو پلانێكەوە، هەر پلانێكیش لایەنی ماددی و دارایی خۆی هەیە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بكرێت و پێویستیشە بە ئاشكرا رابگەیەنرێت و خەڵكەكەش پێی ئاگادار بێت، ئەوەی جێی سەرنجە بینیمان كە هەر وەزیرێك پلانێك، یان پرۆژەیەك لە تەلەفزیۆن و راگەیاندنەكاندا باس دەكات كە فڵانە پرۆژە لە ئەولەویاتی وەزارەتەكەیدایە، وەك بڵێی سەرۆكی كۆمپانیایەكی بازرگانیی سادە بێت، نەك وەزارەتێك كە گرنكی بە بەرژەوەندیی سەرجەم خەڵك بدات.
تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی زۆری لە پێشە و ئێمەش چاوەڕوانی زۆرتری لێ دەكەین، دەمانەوێت حكومەت شەفافتر بێت لە كەرتی نەوت و لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتدا، هەرچەندە راپۆرتی ژمێركاری لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان هەیە و ددانی پێدا نراوە، بەڵام ئێمەی ئەكادیمی و پسپۆڕ سەرنج و تێبینیمان هەیە لەسەر ئەم جۆرە راپۆرتانە، كە راپۆرتی سنووردار و لە بواری سنووردارن، تایبەتیش نین بە هەموو ئەو شوێنانەی كە نەوتی كوردستانیان لێ بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە جارێكی دیكە دەیڵێمەوە كە پێویستمان بە شەفافییەتی زیاترە، هاوكات شەفافییەت لە كارگێڕی و دارایی حكومەت، لەبەر ئەوە پێشنیار دەكەم پێویستە حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەدیهێنانی دەستكەوت و ئامانجەكان كە لەو بودجەیەی پشت بە بەند دەبەستێت، بگۆڕێت بۆ پشتبەستن بە بەرنامەی ئەدا و ئەرك، وەك ئەو جۆرە بودجەیەی كە پشت دەبەستێت بە ئەدا و ئەرك كە بۆ هەر خەرجییەك بواری خەرج تەرخان بكات بۆ بەدیهێنانی ئامانجێك، هەروەها پارەیەك دابین بكرێت و لیژنەی بەدواداچوون هەبێت بۆ ئەنجامدانی، مانگانە یان هەر سێ مانگ، یان شەش مانگ، یان ساڵانە بێت، بەمەش بودجەكە لە بودجەی خەرجییەوە دەگۆڕێت بۆ خەرجی بەدیهێنانی ئامانجگەلی دیاریكراو، دواجار ئەو ئامانجانەی بەرنامەی حكوومی لە رووی داراییەوە لەم بودجەیەوە جێی دەبێتەوە، چونكە ئەستەمە پەیڕەو بكرێت بە وردی و بە شێوەی زانستی و راستگۆیانە ئەگەر كاری بودجەی دارایی حكومەت هەر لەسەر بودجەی پێشان بێت، واتا پشت بە بەند ببەستێت، چونكە ئەم بودجەیە تەنیا گرنگیی بە خەرجی دەدات و ئامانجەكان ناپێكێت.
دێمە سەر بوارێكی دیكە كە ئەویش بەهەردەردانی سامانی گشتیی كوردستان و گەندەڵییە، دیارە لە هەرێمی كوردستان دیاردەی گەندەڵی بەرفراوانەوە و دەبێ ددانی پێدا بنێین و نابێ لەم بوارەدا شەرم بكەین، گەندەڵی لە عێراق بە گشتی بڵاوە، بۆیە پێویستمان بە بەرنامەیەكی زانستی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و ئیداری، واتا هەنگاوەكان بەم ئاراستەیەدا فراوانتر بن، دەبێ لایەنەكانی دادوەری و یاسادانان بەو پەڕی بوێرییەوە رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە، گوێ نەدەنە ئەو فەرمانانەی لە لایەنی سەرەوە بۆیان دێن، تایبەت بە لایەنێكی دیاریكراو، هەروەها دەبێ داواكاری گشتی ئەو پەڕی ئازادیی هەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەروەها لە لێپێچینەوەو بانگهێشتكردنی بەرپرسان و نابێت شەرم لە هیچ لایەنێكی سیاسی، یان حزبی بكات، بۆیە دەبێ لەمەدا پەلە بكرێت و بۆ هەموو لایەك بیسەلمێنین كە هەنگاوەكان بە تەواوی هەڵدەگیرێن و ئامانجەكانیان دەپێكن، ئەوەی تا ئێستا ئەنجام دراوە، تەنیا هەنگاوی بچووكن لە فەرمانگەی بچووك و تەنانەت فەرمانبەری پلە نزم بانگهێشت كراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە و نەگەیشتوونەتە ئەو بەرپرسە باڵا گەندەڵانەی كە سەری گەندەڵییەكەن.
لە راستیدا پێموایە دانانی سەد رۆژ زۆر كەمە بۆ هەڵسەنگاندن و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لە بوارە جیاجیاكانی كەرتی ئابووری كە هەندێكیان كاتی زیاتریان پێویستە، بۆ نموونە بۆ دووساڵ، یان چوار ساڵ، واتا بە درێژایی تەمەنی حكومەت لە بواری پیشەسازی، یان كشتوكاڵدا، بەڵام لێرەدا دەتوانین لە ماوەی سەد رۆژدا كە ئامانجەكانمان دیاری بكەین لە بواری ئابووری و كشتوكاڵدا، هەروەها بەرنامەی پێشنیاركراو بۆ گەیشتن بۆ ئەم ئامانجانە، بەڵام تا ئێستا نەمانبیستووە، یان نەماندیوە هیچ كام لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ئابووری و كشتوكاڵی و پیشەسازی هیچ هەنگاوێكیان بەم ئاراستەیەدا هەڵهێنابێت، بۆیە دەبوایە بەرپرسانی ئەم كەرتانە لە ماوەی سەد رۆژدا نەخشە رێگایان خستبایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە كارو پرۆژەكانیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام ئەوەیان نەكردووە، چونكە ئەم هەنگاوە سەرەتایەك دەبێت بۆ بەرنامەی داهاتوو، ئەوەی من بزانم تا ئێستا یازدە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، لە هیچ لەو كۆبوونەوانەدا ئەم بەرنامانە نەخراونەتەڕوو و باسیان لێوە نەكراوە، هاوكات دیسان پێویستمان بە هەنگاوی بوێرانە و جددی هەیە بۆ بووژاندنەوەی كەرتی دارایی و بانك لە هەرێمی كوردستان، چ بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەند، یان بە شێوەی سەربەخۆ، چونكە ئێمەی ئابووریناسان ئەو راستییە دەزانین كە بانك شێوەی دڵە كە خوێن دەبەخشێتە هەموو جەستە، چونكە بانكی سست و ناكارا و ئیفلیج ناتوانێت سوودبەخش بێت بۆ كەرتەكانی ئابووری، یان بەرەنگاری هەموو قەیران و كێشە ئابووری و داراییەكان ببێتەوە كە لە ئێستا و ئایندەدا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە.
كەرتی تایبەت شەریكی ستراتیجی و سەرەكییە بۆ حكومەت لە بواری جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەتدا، بۆیە پێویستە هەماهەنگییەكی زۆر پتەو و لیژنەی بەدواداچوونی باڵای هاوبەش هەبێت لە نێوان ئەنجومەنی وەزیران و ژووری بازرگانی و سەندیكاكان بۆ دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو و كۆدەنگیی نێوانیان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانەی كە حكومەت داوایان دەكات لە كەرتەكانی دیكەی ئابووری، تاكو پشكی كەرتی تایبەت دیاری بكرێت بۆ یارمەتیدانی حكومەت و ئەم كەرتە زیاتر بەهێز بكرێت و لە كەرتێكی لاوازی شەریكەوە ببێتە كەرتێكی سەرەكی كە كاریگەری هەبێت لە بووژاندنەوەی كەرتی ئابووریدا، هەروەها ئەمە پێویستی بە هەماهەنگیی پتەو هەیە، هاوكات چاوخشاندنەوە بەو یاسایانەی كە كاری ئەم كەرتە و كاری كۆمپانیاكان و بازاڕ رێك دەخەن.
جارێكی دیكە دووپاتی دەكەمەوە كە پشتبەستن بە بودجەیەك كە لەسەر ئەداو ئەرك بێت، زەمانەتێكە كە هانی وەزارەتەكان و دامەزراوەكانیان و تا بچووكترین شانەی حكوومی دەدات كە خزمەتی گشتی پێشكەش دەكەن، هەروەها چۆنێتی مامەڵەكردن بەو سامانە و بەجێهێنانی ئەو ئامانجانە دیاری دەكات، لەبەرامبەردا ئەو فەرمانگانە دەرك بەوە دەكەن كە بەرنامەیەكی چاودێری و بەدواداچوون و سەرپەرشتیاریكردن لەسەر ئەو كارانە هەیە.
لە كۆتاییدا پێشنیاردەكەم بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە هەر وەزیرێك باری سەرنجی خۆی بۆ كارەكەی بخاتەڕوو لە میانی چوارساڵی ئایندەدا، هاوكات بەرنامەیەكی تێروتەسەل پێشكەش بكەن كە دەتوانن بەو بڕە پارەیەی بۆیان تەرخان كراوە، ئەركەكانی یەكەم ساڵی خۆیان بە رێكی راپەڕێنن، لەگەڵ پێشنیاریان بۆ دووەم ساڵ و سێیەم و چوارەم، بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە بۆیان دانراوە لە سەروەختی راگەیاندنی كابینەی وەزارەتدا.
Top