(لە پەراوێزی پانێڵەکاندا)

(لە پەراوێزی پانێڵەکاندا)


٭ پانێڵە سیاسیەکان بوون بە بڵنگۆو دوانگەی دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی و مرۆییەکان بەجۆرێک زۆرێک لەپرسەکان لێرەوە شرۆڤەدەکرێن و دەخرێنەژێر تلسکۆبی چارەسەرکردنەوە

٭هەرێمی کوردستان چەندساڵێکە پانێڵە سیاسیەکانی کردوە بە سەکۆی کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان و لێیەوە بیروڕا جیاوازەکان شرۆڤەی خۆیان بۆ چارەسەری دۆخەوەپێشهاتوەکان دەخەنە ڕوو

٭ پانێڵی پێشووی (مێر)ی و زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک دوانگەیەکی باش بوو بۆ شرۆڤەی دۆخی هەمەجۆری ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش کەتێیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەمەچەشنیانە سەرجەم دۆخەکەیان خستە بەرباس و گفتوگۆی و پەنجەیان لەسەر زامەکان داناو چارەسەری ڕاستەقینەیان بۆ ئازارو نەخۆشیەکان خستەڕوو

٭ پانێڵەکان پێیان ووتین دۆخی سیاسی و ئابوری عێراق توشی شێرپنجەیەکی گەورە هاتوەو پزیشک و چارەسەری ڕاستەقینەو باشی دەوێت بۆ ڕزگاربوونی چونکە دۆخەکە هێندە خراپە بەئازارشکێن چارەسەرناکرێت و زامەکە قوڵتردەکاتەوە ئاخر لەعێراقێکدا کە زیادلە(۷۰۰ ملیارد)دۆلار بێ سەروشوێنەو دزراوەو ژیانی خەڵک لەخراپترین دۆخیدایە چۆن دەتوانیت بەخەڵکی ڕەش و ڕووت بڵێیت بێدەنگ بن؟

٭ ئەم عێراقە وەرەمێکی گەورەیە لەسەر لەشی هەموو عێزاقیەکان ڕواوەو لەکۆڵمان نابێتەوەو هەموانی گیرۆدەی دەردو بەڵای بێ ئامان کردوەتەوە بەم هەموو زامەشەوە هێشتا هەرێمی کۆردستان لەم دۆخە خراپەدا پشتی لە بەغداد نەکردو بۆ سونەو شیعەی عێراق و دەستەکانی دەرەوەی عێراقیش ڕوون بویەوە هەرێم تیکەی قووتدان نیەو جارێکی دیکە ناتوانن ئەوەی پێتانخۆشە بیکەن بەرامبەرمان

٭ سیاسیە عێراقیەکانی دوای ساڵی(۲۰۰۳)بەقەد چل ساڵی ڕژێمی پێشوو دزی و فزیان کردوەو لەپانێڵەکەی دهۆکیش بینیتان( فالح فەیاز) هیچ وەڵامێکی بۆ عێراقی نوێ پێ نەبوو؟
پانێڵەکانی کوردستان ووێستگەیەکی باشی گفتوگۆی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی کوردستانیشە کە وادەکات بەرچاوی هەموان ڕۆشنترببینێت

٭ بوونی ئەم پانێڵانە دەلاقەیەکی باشی شرۆڤەی دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیەو جیهانیشە بۆیە بەردەوامی ئەم پانێڵانە و ووێستگەی دیکەی دوانگەی کاربەدەستان زەرورەتێکی حەتمیە چونکە تێگەشتنی هاوڵاتیان لەسەرجەم ئاریشەو دۆخەکان نیوەی چارەسەری کێشەکانە

Top