گرنگی باخچه‌ی منداڵان له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن
November 20, 2019
وتار و بیروڕا
بێگومان هه‌موو میلله‌تێك دواى ژیان پێویستى به په‌روه‌رده و فێركردن هه‌یه، واته پێویستى سه‌ره‌كى دواى پاروه نان بریتییه له په‌روه‌رده، باخچه‌ى منداڵانیش كه ده‌زگایه‌كى په‌روه‌رده‌یی و فێركردنه پێش قوتابخانه، منداڵ ده‌توانێ له (4)چوار ساڵى دا په‌یوه‌ندی به باخچه‌ى منداڵان بكات، چونكه باخچه‌ى منداڵان كاریگه‌رى راسته‌وخۆ و ئه‌رێنى هه‌یه له‌سه‌ر ژیانى منداڵ. چ وه‌كو ئاماده‌كاری و ئاماده‌سازییه‌ك بۆ چوونه قوتابخانه، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدان ومكوم كردنی زیاتری زمانى قسه كردن وكارامه‌ییه‌كان به‌گشتى و هه‌روه‌ها فێربوونى خوێندنه‌وه و نووسین و بڕوا و متمانه به‌خۆبوون، جگه له‌وه‌ش تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تى دروست ده‌كات له نێوان منداڵان به گشتى كه كاریگه‌رى باشى ده‌بێت له سه‌ر كۆی سیفاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یارى كردن له‌گه‌ڵ یه‌كترى و هاورێیه‌تى و خۆشه‌ویستى و سۆز و چاره‌سه‌كردنى گرفته‌كانیان، واته باخچه‌ى منداڵان وێستگه‌یه‌كى هه‌ره گرنگه له ژیانى منداڵان و له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌زگایه‌كى په‌روه‌رده‌یی و فێركردنى گرنگه، پێویسته په‌روه‌رده‌كاران به گرنگى وبایه‌خه‌وه بڕواننه باخچه‌كان و هه‌وڵ بده‌ن له گونده‌كان و كۆمه‌ڵگاكان وگه‌ره‌كانى شاره‌كان باخچه‌ى منداڵان بكه‌نه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وێستگه‌یه‌كى هه‌ره گرنگى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردنه، له هه‌مان كاتیش‌دا پێویستییه‌كى گرنگى ژیانى مرۆڤایه‌تییه، بۆیه گرنگه دیدگاى پاشه‌رۆژ بۆ په‌ره‌پێدان وگه‌شه‌پێدانى باخچه‌ى منداڵان بخه‌ینه روو و چیمان پێویسته به پێی پلانى دیراسه‌ت كرا‌و پێداویستییه‌كانى بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ین، تاوه‌كو بتوانین له رێگای باخچه‌ى منداڵانه‌وه مرۆڤی كوردستانى بنیات بنێین بۆ به‌یانى كه رۆژ دوای رۆژ پێویستیمان به كه‌سانى به‌توانا هه‌یه، تاوه‌كو به‌شداری كاریگه‌رى هه‌بێت له بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه و هه‌ڵكشان به‌ره‌و لوتكه، له‌وه‌ش ده‌بێ له باخچه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، نابێ رۆڵ وكاریگه‌رى باخچه‌ى منداڵان نادیده بگرێن له به‌شدارى كردن وپێگه‌یاندن وتێگه‌یاندنى نه‌وه‌ى دوا رۆژ و پاراستنى منداڵه‌كانمان له قۆناغێكى زوو له ره‌شه‌بای لادان و توندوتیژى، بێگومان هه‌ر باخچه‌ى منداڵانه ئه‌و باوه‌شى ئارامی و فێركردن و په‌روه‌رده‌كردن، له‌هه‌مان كاتیش‌دا كاتێكى زێرینه له ژیانى تاكه‌كان، كه‌هه‌رده‌م كاریگه‌رى ئه‌رێنى قازانج به‌خشى هه‌یه له‌سه‌ر ئاماده‌كردن ونه‌ش ونماكردنى هه‌ر تاكێك به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست و پێویستى كۆمه‌ڵگه، بۆیه گرنگه له به‌رنامه و پلان ودیدگه‌ى هه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌ك هه‌بێت بۆ زیادكردنى ژماره‌ى باخچه‌ى منداڵان و یانیش كردنه‌وه‌ى پۆل و هۆبه وژوور له قۆناغی بنه‌ڕه‌تى(1تا6) ته‌رخان كردنى چه‌ند ژوورێك بۆ باخچه‌ى منداڵان و بلاوكردنه‌وه‌ى ووشیاری گشتى له كۆمه‌ڵگه و هاندانى تاكه‌كان له پێناو پاڵپشتى كردن و ره‌خساندن و ده‌سته‌به‌ركردنى كه‌شێكى له بار‌و گونجاو و به‌رده‌وام بۆ په‌ره‌پێدان وگه‌شه‌پێدانى باخچه‌ى منداڵان وكردنه‌وه‌ى خول بۆ مامۆستایانى باخچه‌كان و هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ رێكخراوه په‌روه‌رده‌ییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆدابین كردنى پێداویستییه‌كانى باخچه‌ى منداڵان وه‌كو (رێكخراوى یونیسێف)بۆ كردنه‌وه‌ى باخچه‌ى منداڵان له گونده دووره‌كان ناوچه هه‌ژار نشینه‌كان بێ جیاوازى، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌دواداچوون و سه‌رپه‌رشتى كردن له‌لایه‌ن په‌روه‌رده و یه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتیاری به‌رده‌وام هه‌بێت بۆ گرنگیدان به‌و لایه‌نه په‌روه‌رده‌یی وفێركردنه كه لایه‌نێكى سه‌ره‌كییه له پرۆسه‌كه دا نابێ فه‌رامۆش و په‌راوێز بخرێ، چونكه باخچه‌ى منداڵان قۆناغێكى هه‌ستیار و گرنگه له قۆناغه‌كانى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن.
(*)
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی