ئەمریكا لە نێوان بوون بە پۆلیسی جیهان و هاوبەشێكی ئیقلیمیی متمانەپێكراودا

ئەمریكا لە نێوان بوون بە پۆلیسی جیهان و هاوبەشێكی ئیقلیمیی متمانەپێكراودا


سەرەڕای شەكەتبوون و ماندووبوونی رای گشتیی ئەمریكا بە دەست شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە باشی بە دۆكیۆمێنتكردنی، بەڵام ئەو كەسەی دوای ترەمپ دەسەڵات دەگرێتە دەست، بە باشی درك بە بەهای دووبارە دروستكردنەوەی میسداقییەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكات.
لە ئێستادا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە بۆتەقەی نادڵنیایی و پەیامە تێكەڵەكان. لەلایەكەوە هێشتا هێزی زبری ئەمریكا لە ئارادایە-هەروەك ئۆپەراسیۆنی كوشتنی سەركردەكەی رێكخراوی داعش (ئەل بەغدادی) كە ئەم راستییەی خستەڕوو. هەروەها ئۆپەراسیۆنەكە نموونەی ئاوێتەبوونی توانای سەربازیی تایبەتمەند و توانای هەواڵگری بوو، هێزەكانی ئەمریكاش توانا و كارامەیی ئەوەیان هەبوو ئۆپەراسیۆنێكی لەم چەشنە ئەنجام بدەن. لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە كە دەیەوێت لە ناوچەكە بكشێتەوە. ئێمە هێزێكی زبری زیاترمان هەیە، بەڵام ترەمپ دەزانێت خەڵكی ئەمریكا شەكەت بووە بە دەست شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە كە هاوچەشنی پەتان و لە رووی خوێن و خەرجییەوە بارگرانییان لە سەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروست كردووە. هەروەها باراك ئۆباماش، كە پێش ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو، لە شەكەتبوونی خەڵكی ئەمریكا تێگەیشتبوو. هەتا یەكێك لە لێدوانەكانی ئۆباما ئەوە بوو كە ئەو بۆ ئەوە هەڵبژێردراوە، تاوەكو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە دووربگرێت لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام هیچ دوو سەرۆكێكی ئەمریكا هێندەی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ لێك جیاواز نین، لەگەڵ ئەوەشدا هەردووكیان تێگەیشتن و مەیلی ئەوەیان هەبوو كە چیتر ئەمریكا لە ناوچەكەوە تێوەنەگلێت.
لە هەمان كاتدا ئەوە جێی سەرنجە كە ئۆباما كاردانەوەی هەبوو لە ئاست سەرهەڵدانی داعش و ستراتیژیەتێكی داڕشت بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی. ئیدارەكەی ئۆباما هاوپەیمانێتییەكی گەورەی پێكهێنا بۆ ئەوەی لە رووی سەربازی، دیپلۆماتی و ئابوورییەوە شەڕی داعش بكات. هەرچەندە ئۆباما دوودڵ بوو لەوەی دووبارە لە شەڕەكانی ناوچەكەوە تێوەبگلێت، بەڵام لەو راستییە تێگەیشت كە داعش هەڕەشەیەكی نێودەوڵەتییە، نەك تەنیا مەترسییەكی ئیقلیمی. هەروەها ئۆباما و تیمەكەی هاوبەشێكی مەحەلییان دەستنیشان كرد كە ئامادەی شەڕكردن بوو لەگەڵ داعشدا (هێزەكانی سووریای دیموكراتی بە سەركردایەتیی یەكینەكانی پاراستنی گەل –یەپەگە) و پشتیوانیی ئاسمانی و تۆپخانەی بۆ دەستەبەركردن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن.
پشتیوانیی ئیدارەی ترەمپ بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات بووە هۆی ئەوەی فەرماندە سەربازییەكانی ئەمریكا دەستیان واڵا بێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی چڕ هێز بەكار بهێنن بۆ پشتیوانیكردن لە گرووپ و هێزە مەحەلییەكان. بەڵام ئەوە سەركردایەتیی ترەمپ بوو كە بە خێرایی دەستی لە یەپەگە هەڵگرت و گلۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد، تاوەكو ناوچەیەكی خاڵی لە كورد لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا دروست بكات. رەنگە سەرۆك ترەمپ ستایش بكرێت، لەسەر ئەوەی بووە هۆكاری هێنانەئارای ئاگربەست، بەڵام سەرۆك ترەمپ دادوەری رووداوەكانی سووریا نییە و نایەوێت ئەو رۆڵە ببینێت، ئەو بوار دەدات بە سەرۆكی رووسیا (پوتین) بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە.
ئەمریكا هێزێكی جێگیری هەبووە لە ناوچەكەدا، بەلای كەمەوە لە دوای شەڕی كەنداوی ساڵی 1991ەوە. ئەگەرچی ئەم هێزانەی ئەمریكا بێ هەڵە نەبوون و تێچوونێكی زۆریان هەبووە، بەتایبەتی لە میانەی شەڕی عێراقدا كە لە ساڵی 2003 دەستی پێكرد، بەڵام ئەم هێزانە هەندێ سنووربەندییان لەسەر شەڕەكانی ناوچەكە دروست كردبوو. راستە رەنگە ئەو سنووربەندییانە كاریگەرییان لەسەر مەترسییە ناهاوتاكان دروست نەكردبێت، بەتایبەتی مەترسیی كاراكتەرە نادەوڵەتییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستدرێژیكاریی راستەوخۆی نێوان دەوڵەتەكان تا راددەیەكی گەورە لە ئارادا نەمابوو. لەوەش زیاتر، هەناردەی ئازادانەی وزە لەم ناوچەیەوە یەكێك بووە لە ئامانجە ئاشكراكانی ئیدارەكانی ئەمریكا، كە پێشتر ئەمریكا ئامادە بووە ئەم سیاسەتە پیادە بكات. ئیدارەی رۆناڵد رێگان ئاڵای وڵاتەكەی لەسەر تەنكەرەكان هەڵدەدا لە میانەی شەڕی عێراق و ئێراندا بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشەكانی ئێران بكات كە ئامانجیان پەكخستنی هەناردەی نەوتی عێراق و بڕینی ئەو داهاتە بوو لەو وڵاتە. ئێستا سەرۆك ترەمپ ئاماژە بەوە دەكات كە ئامادە نییە ئەم سنووربەندییە بسەپێنێت. هەروەها رایگەیاندووە كە لەبەر ئەوەی چیتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشت بە نەوتی ناوچەكە نابەستێت، ئەوا دەبێت ئەو كەسانەی پێویستیان بەم نەوتە هەیە، دڵنیابن لەوەی گەرووی هورمز بە كراوەیی دەمێنێتەوە. هەروەها بە روونی رایگەیاندووە كە گرنگ نییە بەلایەوە ئەگەر رووسیا ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە، هەروەك سەرۆك ترەمپ لە لێدوانێكیدا وتی: دەبێت رووسیا و توركیا و سووریا و كورد دۆخەكە لە سووریا چارەسەر بكەن. ئەمە سەرەڕای ئەو راستییەی كە نزیكەی 12 هەزار ئەندامی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە شەڕی دژ بە داعشدا كوژراون. هەروەها جێی سەرسوڕمان نییە كە پوتین لە سعودیە و ئیمارات دەركەوت دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری دا هێزەكانی لە سووریا پاشەكشە پێ بكات.
بۆ ناوچەیەك كە بە دەست شەڕی بەردەوام، ركابەریی ئیقلیمی، بەكارهێنانی ئێران بۆ میلیشیا شیعە وەكیلەكانی و زیادبوونی ناڕەزایی خەڵك لە حكومەتە خراپەكانیان و گەندەڵیی بەربڵاوەوە گرفتار بێت، ئەوا چەندین مەسەلە ماون كە بیریان لێ بكرێتەوە. یەكەمیان، هیچ وڵات و هێزێك نییە كە هاوچەشنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێز و توانایەكی گەورەی سەربازیی هەبێت. تەنانەت لە ئێستادا كە ترەمپ باسی گەڕاندنەوەی هێزەكان دەكات، ئەمریكا 40000 سەربازی لە ناوچەكەدا هەیە و 2000 سەربازی دیكەشی لە ناوچەی كەنداوی عەرەبیدا جێگیر كردووە بۆ باشتركردنی توانای بەرگری دژی مووشە بالیستیكییەكان، فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان و مووشەكی كرۆز. هیچ هێزێكی دیكە جگە لە ئەمریكا ئەم توانایەی نییە، لە نێویاندا رووسیا. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەم توانایە ئیرادەی لەگەڵدا بێت. لە ئێستادا هەڵوێستی ئەمریكا ئەوەیە كە بكەوێتە باری بەرگرییەوە، بەڵام بوونی بەردەوامی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا واقیعێكی دیاریكراوی دروست كردووە.
دووەمیان، هەڵوێستی ترەمپ رەنگدانەوەی هەستی بەربڵاوی نێو ئەمریكا نییە لە ئاست شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چونكە چەندین راپرسی هەن، ئاماژە بەوە دەكەن كە رای گشتیی ئەمریكا پشتیوانی لە هەڵوێستێكی هاوسەنگ دەكات بۆ رێگریكردن لە شەڕەكان و بەرهەڵەستیكردن لە دەستدرێژیكاری و بوونی هاوپەیمانەكان لە سەرتاسەری جیهاندا. كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو كەسەی دوای ترەمپ دەسەڵات دەگرێتەدەست، باوەڕی وابێت كە كارێكی گرنگە دووبارە ئەمریكا میسداقییەتی خۆی بەدەست بهێنێتەوە و ببێتە هاوپەیمان و هاوبەشێكی متمانەپێكراو. لە راستیدا ئەگەر ئەمریكا نایەوێت ببێتە پۆلیسی جیهان، ئەوا پێویستی بە هاوپەیمان هەیە، ئەمریكا هاوبەشی نابێت ئەگەر ئەو هاوبەشانە سەرزەنشت بكرێن، یان پشتیان تێ بكرێت.
سێیەمیان، دەبێت هێزە ئیقلیمییەكان لە كەشێكدا مامەڵە لەگەڵ یەكدی بكەن، كە بۆشاییەكان دروست دەبن و ئەنقەرە و تاران و مۆسكۆ هەوڵی پڕكردنەوەیان دەدەن. ئەگەر گۆڕانكاری لە سەركردایەتیی واشنتۆندا رووبدات و ئیدارەی نوێ ئامادەیی ئەوەی هەبێت كە بە شێوەیەكی جیاواز لە ناوچەكە بڕوانێت و كاری زیاتر بكات لەگەڵ هاوبەشەكانیدا، ئەوا بە دڵنیاییەوە كاریگەر دەبێت بە واقیعە نوێیەكە كە بریتییە لە بوونی شەراكەتێكی كاراتری مەحەلی.
چوارەم، پەرەسەندنەكانی عێراق، لوبنان، جەزائیر و سودان بیرخەرەوەی ئەو راستییەن كە درەنگ، یان زوو نائومێدی و ناڕەزایەتی لە ئاست ناكارایی حكومەتەكان بۆ دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری و هەلی كار و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتەكە بەرەو تەقینەوە دەچن. كە رووداو و پەرەسەندنەكانی عێراق و لوبنان بەتایبەتی شایەتی ئەو راستییەن كە ئەگەرچی ئێران دەستڕۆیشتووییەكی زۆری بەدەستهێنا، تەنانەت ئەگەر مافی ڤیتۆشی بەدەست هێنابێت بە سەر كاروبارەكانی حكومەتەكانی ئەم دوو وڵاتەوە، ئەوا كاردانەوە لە دژی ئێرانیش دروست دەبێت، بەهۆی شكستهێنانی ئەم حكومەتانەوە. لە كاتێكدا هێزە وەكیلەكانی ئێران (حزبوڵا لە لوبنان و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق) چەندین رێكار دەگرنەبەر و هێز بەكار دەهێنن و پروپاگەندە بڵاو دەكەنەوە و دەست دەدەنە كاری كوشتن لە پێناوی پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، بەڵام هەرچۆنێك بێت دۆخەكە لە بارێكی لەرزۆكدایە. لەبەر ئەوە جێی سەرنج دەبێت، ئایا سەركردایەتیی ئێران ئەم واقیع و راستییە دەبینێت.
هەرچۆنێك بێت ئەو وانەیەی دەبێت حكومەتە عەرەبییەكان فێری بن، ئەوەیە كە دەبێت حوكمڕانییەكی باش بەرهەم بهێنن و بەردەوام بن لە نوێكاری و چاكسازی بە چەشنێك كە خەڵكی هەستی پێ بكەن و ببینن. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كاریگەری لەسەر ئەمریكاش دروست بكات بۆ ئەوەی ئامادە بێت بە تێپەڕبوونی كات بەردەوامی بدات بەو رۆڵەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینێت.
سەرچاوە: سایتی ئەنستیتیوتی واشنتۆن
بۆ رۆژهەڵاتی نزیك

Top