له دوای هه‌ر قوتابخانه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو،به‌رێوه‌به‌رێكى سه‌ركه‌وتوو هه‌یه
October 22, 2019
وتار و بیروڕا
توێژه‌رونوسه‌ری كوه‌یتى دكتۆر تاریق سویدان ده‌لێ"هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك په‌ره‌یی پێ نادرێت، ئه‌گه‌ر په‌ره به كارمه‌نده‌كانى نه‌درێت".
قوتابخانه كه دامه‌زراوه‌یه‌كى فه‌رمی حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه بۆ په‌روه‌رده كردن و فێركردنى تاكه و له پێناو په‌ره‌پێدان و هه‌ستانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه. قوتابخانه كه سه‌نگه‌ری هه‌ره پێشه‌وه‌ى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردنه و كارگێڕیه‌تى قوتابخانه به‌شێكى گرنگه له كارگێڕیه‌تى په‌روه‌رده به‌گشتى، بۆیه گرنگه و پێویسته به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه كۆمه‌لێ كارامه‌یی و به‌ها په‌روه‌رده‌یی تێدا كۆ ببێته‌وه كه بتوانێ به شایسته‌یی و سه‌ركه‌وتوویی به‌كاره‌كانى خۆی هه‌ڵستێ و په‌یوه‌ندییه‌كانى قوتابخانه و خێزان و كۆمه‌ڵگه رێك بخات له پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌روه‌رده و فێركردن به‌گشتى، ئاشكرایه له دوای هه‌موو قوتابخانه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو، به‌رێوه‌به‌رێكى سه‌ركه‌وتوو هه‌یه، وه له دوای هه‌موو قوتابخانه‌یه‌كى به‌زیوو سه‌رنه‌كه‌وتوو كارگێڕیه‌كى خراپ و به‌رێوه‌به‌رێكى نا په‌روه‌رده‌یی هه‌یه، چونكه هۆكار و توخمی سه‌ره‌كى له سیسته‌مى په‌روه‌رده‌یی بریتییه له قوتابخانه، وه سه‌ركرده‌ى په‌روه‌رده‌یی سه‌ره‌كى بریتییه له به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه، بۆیه پێویسته به‌رێوه‌به‌ر كۆمه‌لێ سیفات و كارامه‌یی و ئادكاره په‌روه‌رده‌ییه‌كانى هه‌بێت بۆ سه‌ركردایه‌تى كردن و كارگێڕى، چونكه هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك ناتوانێ سه‌ركردایه‌تى بكات به‌بێ كارگێڕیه‌كى باش، وه هیچ كارگێڕییه‌ك ناتوانێ كارگێڕیه‌كى باش بێت به‌بێ سه‌ركردایه‌تى كردن، چونكه سه‌ركردایه‌تى به‌دوایی كاریگه‌ری ده‌گه‌ڕێ و كارگێڕیش تێ ده‌كۆشێ له پێناو لێهاتوویی و شایسته‌یی، بۆیه پێویسته له سه‌ر به‌رێوه‌به‌ر جودا له توانا كارگێڕییه‌كانى، سه‌ركردایه‌تى ویژدانى و سۆزداری له كاره‌كانیدا ره‌نگ بداته‌وه و ببێته به‌رێوه‌به‌رێكى به‌توانا و سه‌ركه‌وتوو له یه‌ك كاتدا كارگێڕیه‌كى ژیر‌و سه‌ركرده‌یه‌كى كاریگه‌ر بێت.
بۆ ئه‌وه‌ى كارگێڕى قوتابخانه كارگێڕیه‌كى سه‌ركه‌وتوو بێت له‌و كارانه‌ى كه مه‌به‌ستییه‌تى ئه‌نجامى بدات، پێویسته كه‌سایه‌تى به‌رێوه‌به‌ر كه‌سایه‌تییه‌كى به‌هێز و راستگۆ و پێگه‌یشتوو تێگه‌یشتوو بێت، په‌روه‌رده‌كارێكى دڵسۆز بێت و په‌یوه‌ندى زۆر باشى خوشك و برایانه‌ى له‌گه‌ڵ مامۆستایان و له هه‌مان كاتدا په‌روه‌رده‌كارێكى باوكانه و دایكانه بێت بۆ سه‌رجه‌م قوتابییه خۆشه‌ویسته‌كان و دادپه‌روه‌ر بێت، هه‌ست به‌به‌رپرسیاریه‌تى بكات له هه‌موو روویه‌كه‌وه و پێشه‌نگ بێت له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده دا، هه‌موو ئاوات و خواستى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن و سه‌ركه‌وتنى قوتابخانه‌كه بێت له هه‌موو روویه‌كه‌وه، ئه‌لێره‌وه گرنگه له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌كان به‌رێوه‌به‌ره سه‌ركه‌وتووه‌كان بگوازنه‌وه بۆ قوتابخانه‌كانى تر بۆ ئه‌وه‌ى سوود له ئه‌زموون و شاره‌زایی و په‌روه‌رده‌ییان ببینرێت و كێبڕكێیه‌كى په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست له نێوان قوتابخانه‌كان دروست بێت. ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، نابێت له دوای گواستنه‌وه‌ى هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێك له قوتابخانه‌یه‌ك ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره خزم و كه‌س وكاری خۆى بكاته به‌رێوه‌به‌ر له شوێنى خۆی، ئه‌وه‌یان گومانى زۆر هه‌ڵده‌گرێ، لێره‌دا ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یه له شوێنى هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێك كه ده‌گوازرێته‌وه یان شوێنه‌كه جێ ده‌هێلێت پێویسته مامۆستای تر بهێنرێته شوێنى كه خزم و ناسیاوی به‌رێوه‌به‌رى پێشوو نه‌بن و له هه‌مان كاتیش‌دا له پێناو دڵنیایی و سه‌ركه‌وتوویی و دادپه‌روه‌ری پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك جگه له (ژن و مێرد) نابێ خزم و كه‌س وكاری به‌رێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ر، یانیش مامۆستایان له‌و قوتابخانه‌یه له‌و قوتابخانه‌یه كۆ بكرێته‌وه، چونكه كاریگه‌ری سلبی له سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه جێ ده‌هێلێت گشتگیری پرۆسه‌كه ده‌خاته ژێر پرسیار، به‌رێوه‌به‌ریش ناتوانێ كارگێَڕییه‌كى باش و سه‌ركرده‌یه‌كى كاریگه‌ر بێت له قوتابخانه‌كه‌دا.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى چاڵاكى وه‌رزش و هونه‌ر
ماسته‌ر له كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی