لەسەر بودجەی ساڵی 2020 هەرێم و بەغدا لێكتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەیە

لەسەر بودجەی ساڵی 2020 هەرێم و بەغدا لێكتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەیە

ئەوەی لە ئێستادا خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی دەكەن، بریتییە لە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، بۆیە لەو خاڵەوە دەست پێ دەكەم، بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2020 تا ئێستا لای وەزارەتی دارایی حكومەتی بەغدایە، وەك رێساو رێنمایی سێ پەرلەمانتار لە لیژنەی دارایی بەشداری لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی بودجەی وەزارەتی دارایی دەكەن، بۆیە بڕیارە وایە بەم زووانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، تاكو رەزامەندی لەسەر بدرێت، دواتر رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەكرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی ئەم دواییەی عێراق هەندێ لە بەندەكانی ئەو بودجەیە گۆڕانكارییان بەسەردا هات، چونكە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پاكێجێكی لەسەر چاكسازی پێشكەش كرد و كۆمەڵێك بڕیاریشی دەركرد، ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەردان، دیارە ئەم بڕیارانەش پێویستیان بە پارەداركردن هەیە، وێڕای ئەوەی كە بودجە پێویستی بە جێگۆڕكێ دەبێت لە بەندەكانیدا، ئەمەش لەو حاڵەتەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی كورتهێنان كە بە دەوری خۆی دیسان پێویست دەكات سەرچاوەی دیكەی پارەداركردن دابین بكرێت، تاكو ئەو كورتهێنانە چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوە بودجەی داهاتوو بودجەیەكی ئیستسنائی دەبێت، من پێموایە زۆر قورس دەبێت، چونكە بە درێژایی حوكمڕانیی هەموو حكومەتەكانی عێراق لە دوای ساڵی 2004ەوە تاكو ئەمڕۆش، هەموویان بە پلەی یەكەم و تەنیا پشتیان بە یەك سەرچاوە و بەو داهاتە بەستووە كە لە نەوتەوە دەست كەوتووە، هەروەها پشتیان بە بودجەی زۆرینەی خەرجیی تەشغیلی بەستووە كە خەرجیی بەكاربردنە و بەرامبەری نییە، تەنانەت خەرجیی وەبەرهێنانیش وەك پێویست لەسەر ئەرزی واقیع لەبەرچاو نەگیراوە، زۆربەی وەزارەتەكانیش نەیانتوانیوە ئەوەی بۆیان تەرخان كراوە، جێبەجێی بكەن.
من پێموایە بودجەی داهاتوو رووبەڕووی گرفتگەلی زۆر دەبێتەوە، بۆیە لەو باوەڕەدام كە ئەمە پەیوەست دەبێت بەو رووداو و پێشهاتانەی لە عێراق روودەدەن، بەتایبەتیش هەندێ رەوت و لایەنی سیاسی هەن كە خۆیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان ئامادە كردووە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە رووی سیاسی و ئابووری و ئیدارییەوە گۆڕانكاریی زۆری بەدواوە دێت، بۆیە من وای بۆ دەچم كە ئەوەی لە نێو خەڵك و حكومەتی عێراقیش روودەدات، هەمووی سەرئەنجام و دەرهاویشتەی ئەو سیاسەتە ناڕوون و هەڵە دارایی و ئابوورییەیە، كە لەگەڵ داواكاریی كۆمەڵگە و پێشهات و رووداوەكان یەك ناگرێتەوە، كە لە هەموو بوارەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری كە لە دوای ساڵی 2003وە هاتوونەتە ئاراوە، زۆرجار داوامان كردووە كە پێویستە گۆڕانكاری لە هەیكەلبەندیی ئیداریدا بكرێت و سیاسەتێكی دارایی و نەختینەیی و ئابووری بگیرێتەبەر، كە لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا بگونجێت، بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە كارەكە بەم ئاستەی ئێستا گەیشت.
سەبارەت پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا ئەمەیان پەیوەست دەبێت بە رێككەوتنی سیاسیی چاوەڕوانكراو لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، دیارە چەندین شاندی پسپۆڕ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێكهێنراوە، كە دەبوو پێش دوو هەفتە گفتوگۆ و دانوستاندن دەستی پێ بكرایە، بەڵام لەبەر ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم دواییە و رێوڕەسمەكانی رۆژی چلە (اربعین)، دانیشتنی ئەو شاندانە دواكەوت، لە ئێستاشدا ناكرێت باس لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بكرێت، تا ئەو كۆبوونەوە و گفتوگۆیانە لەنێوان شاندەكانی هەردوو حكومەت ئەنجام نەدرێن.
ئەوەی پەیوەستە بە خەرجیی سیادییەوە، لە راستیدا زۆر زێدەڕۆیی تێدا كراوە، ئەمە خاڵێكی سەرەكییە لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو شاندی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ، بەو پێیەی كە ژمارەیەكی زۆری بەندەكانی تایبەت بە خەرجیی سیادی پەیوەندییان بە هەرێمەوە نییە و دواجار دەبێ لە بەندی تایبەت بە خەرجییەكانی سیادی بسڕدرێنەوە، چونكە بوونی ئەو هەموو بەندانە زیان بە پشكی هەرێم دەگەیەنێت و پێویستە، بە تەواوی لە خەرجیی گشتی دەربهێندرێن و دووربخرێنەوە، دواجار پشكی هەرێم لەوەی كە دەمێنێتەوە دیاری بكرێت. بۆیە هەندێ خاڵی سەرەكی هەن لە گفتوگۆكاندا لەوانە، خەرجیی سیادی و قەرزی دەرەكی كە لە ساڵانی رابردوودا پشكی هەرێمی لێ نەدراوە، هاوكات ئەوەی بەپێی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق پەیوەندیی بە مووچە و شایستەكانی پێشمەرگە و قەربووكردنەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بواری دیكەوە هەیە، هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی گفتوگۆكان دەبن.
زۆرخاڵ و كێشەو گرفتی هەڵواسراوی دارایی و ئابووری هەن، لەوەتەی ساڵی 2004ەوە و هەموو ساڵێك ئەو كێشە و خاڵانە دەخرێنە نێو بودجەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەسەر بكرێت، بەڵام هەموو ساڵێك بۆ ساڵی دواتر دوادەخرێن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە ئەو كێشانە یەكلایی بكرێنەوە، هاوكات ئەو بارودۆخەی ئێستای عێراق نائاساییە و بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ هەردوو لا هەر دەبێ چارەسەر بكرێت، بەڵام پێویستە ئەوە چارەسەر بكرێت و كۆتایی بێت، نەك هەموو ساڵێك كاتێ كە بودجە ئامادە دەكرێت و پشكی هەرێمی كوردستانی لێ دیاری دەكرێت، رووبەڕووی ئەو خاڵە ناكۆكانە ببینەوە.
كۆتا قسەم لەسەر نەوتە، دۆسێی نەوت گرنگە و خاڵێكی سەرەكییە، لێكتێگەیشتنێك هەیە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵدا، حكومەتی هەرێمیش قەرزاری هەندێ لە كۆمپانیاكانی نەوتە و كاتی خۆی واژۆی گرێبەستی لەگەڵدا كردبوون، لەو سەردەمەی كە حكومەتی عێراق بودجەی لە هەرێمی كوردستان بڕیبوو. بەڵام بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە چەند بژاردەیەك لە بەردەمدایە و چاوەڕوان دەكرێت بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش.

Top