رۆلی کاریگەری مامۆستا

رۆلی کاریگەری مامۆستا

چینییەکان دەلێن" ئەوەی زمان شیرینی و رووخۆشیم لەگەڵ دەکات دووژمنمە، ئەوەی گلەیی و گازاندەم لێ دەکات مامۆستامە".
مامۆستا رۆلی سەرەکی و گرنگی ھەیە لە بنیاتنانی کەسایەتی قوتابی و بنیاتنانی بیروھزری قوتابی، کاریگەری مامۆستا ھەر بە تەنھا پەیوەست نییە بە لایەنی فێرکردن، بەڵکو رۆلی کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەلایەنی پەروەردەکردنی قوتابی، بۆیە مامۆستا کۆمەلێ ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرنگی ھەیە بەرامبەر قوتابی و پێویستە پابەند بێت بە سەرجەم ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی بەرامبەر قوتابیان تاوەکو لە کۆتایدا بەرھەم و ئەنجامی باش بەدەست بھێنێت، ئەویش بنیاتنانی کەسایەتی قوتابی قوتابییە و بنیاتنان و پەرەپێدانی ھزرو بیری قوتابییە، کە قوتابیش تاکێکە لە تاکەکانی کۆمەڵگە، وە بنیاتنانی کۆمەڵگە دەوەستێتە سەر بنیاتنانی تاک کە قوتابییە، بۆیە پێویستە مامۆستا بەوپەری دڵسۆزی و لە خۆبوردەییەوە قوتابی پەروەردە بکات کە لە کۆتاییدا کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو سەر ھەڵدەدات.
واتە پیشەی مامۆستا ھەستیار و کاریگەرو یەکلاکەرەوەیە لە کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بۆیە دەبێ مامۆستا ھەردەم پێشەنگ و نموونەیەکی جوان بێت لە کۆمەڵگە بە تایبەتی لە قوتابخانە و لە ناو پۆل لە پێش قوتابییەکانی ھەڵس وکەوت و رەفتار و کردار و گوفتاری ئەوپەری پەروەردەیی و نەرم و نیان و ھەماھەنگ بێت و بەردەوام ئامۆژگاری قوتابییەکانی بکات لە سەر رەوشت و ھەلس وکەوتەکانیان بە گشتی و شارەزایی و زانیاری تەواوی ھەبێت لە سەر ناوی قوتابییەکانی و تواناکان و کارامەییەکان و چالاکییەکانیان، ھەروەھا بزانێ قوتابیان گرنگی و بایەخیان بۆ بابەتەکان چۆنە و لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵ بدات پێداویستی و داواکاری قوتابییەکان جێ بەجێ بکات لە ھۆیەکانی فێرکردن و پەروەردەکردندا. ئەوەشمان لە بیر نەچێت نابێت مامۆستا بابەتەکەی فەرامۆش بکات، پێویستە بەردەوام پەرە بە پسپۆڕی خۆی بدات و بابەتەکە ئامادە بکات و کۆنترۆلی پۆل بکات لە رووی بابەت و پەروەردەییەوە، گرنگە بەردەوام پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرجەم قوتابییەکانی ھەبێت، جودا لەوەش گرنگە پەیوەندی بەردەوامی ھەبێت لەگەڵ کەس وکاری قوتابی لە پێناو بەرژەوەندی قوتابی تا بەرھەدوولا مامۆستا و خێزان بتوانن کێشەی قوتابی چارەسەر بکەن ئەگەر ھاتووکێشەیەک ھەبێت، گرنگە مامۆستا گوێ گرێکی باش بێت بۆ قوتابییەکانی و بە سینگی فراوان و پشوو درێژ بێت لەگەڵیان و بەردەوام ھانی بەھرەداران بدات و کار بکات لە سەر پەرەپێدانی تواناکانیان، ھەمیشە مامۆستا نموونەی ھەرە بەرز و پێشەنگە لای قوتابی بە چاوی رێز و شانازییەوە تەماشای دەکات، لە ھەمان کاتدا پێویستە مامۆستاش ئەو ویژدانە زیندووە بێت پارێزگاری لەو ئەمانەتە بکات کە قوتابییە، ئەمانەتی دایک و باوک و کۆمەڵگەیە لای مامۆستا تا بەباشترین شێوە پەروەردەی بکات و فێری بکات، بە چاوی یەکسانی و دادپەروەری تەماشای سەرجەم قوتابیان بکات، سەرکەوتنی مامۆستا لە پۆل و لە قوتابخانە پەیوەستە بە دادپەروەری مامۆستا، چونکە دادپەروەری بنچینەی سەرکەوتنە.

بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی


Top