كورد كاڵایەكی بە هەڕمێن لە ناوچەكەدا

كورد كاڵایەكی بە هەڕمێن لە ناوچەكەدا

بەدرێژایی رۆژی 7/10/2019 دوو دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و توركیا، كوردیان بە لێدوان و جووڵەی دیپلۆماسی خۆیان مژوول كرد، لێدوانەكانی كۆشكی سپی و (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمەریكا، لەگەڵ هەڕەشەكانی توركیا، بۆ هێرشكردنە سەر كوردستانی سووریا، یادگەی هەموومانی بزواند، چی نەهامەتیی داگیركەران و دەوڵەتانی بڕیاربەدەست هەیە، كە لە رابردووی دوور و نزیك بەسەریاندا هێناوین، یەكسەر وەك فیلمێكی سینەمایی، هاتەوە پێش چاومان، هەرچەندە لەناوخۆی ئەمەریكادا رەخنەی زۆر لە ترەمپ گیرا و دواتر لێدوانی دیكەی دا.
هەر ئەو رۆژە، كە گەیشتینە ئێوارە، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیی لە بەڕێز سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا كرد، ئەو سەردانەی لاڤرۆڤ، كەمێك لە بیرەوەرییە ناخۆشەكانی رابردوو دووری خستینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو خەڵكی كوردستان هەر نیگەران بوون، تەنانەت ئەو كەشە باڵی بەسەر كۆبوونەوەكانی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیادا كێشا، بەجۆرێك كە لە پاڵ پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، نیگەرانی لە بارودۆخی كوردی رۆژئاوای كوردستان، تەوەرێكی سەرەكیی كۆبوونەوەكان بوو، دواتریش سەرۆك بارزانی لە تویتێكدا رایگەیاند:"ئێمە لەو دۆخەی لە رۆژئاوای كوردستان هاتۆتە پێش، زۆر نیگەرانین، بەهەموو توانایەك لە هەوڵداین و لەگەڵ زۆر لایەن لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا تووشی كارەساتی تر نەبن".
كورد لە ناوچەكەدا هەڕمێنی زۆرە، بۆیە زۆرجار لە هاوكێشە سیاسییەكاندا بەكاردەهێندرێت، ئەمەش وایكردووە، دەوڵەتانی ناوچەكە، ناكۆكییە مێژووییەكانیان وەلا بنێن و دژایەتیكردنی كورد كۆیان بكاتەوە، كێشەكە ئەوەیە، هەندێكجار كورد خۆیشی وەك هەڕمێن لە ناكۆكیی ناوخۆییدا بەكاردەهێندرێت، ئەمەش لەو حاڵەتانەدایە كە بۆ بەرژەوەندیی حزبی، هەندێ حزب خۆیان لە كۆدەنگیی خەڵكی كوردستان دەترازێنن، بەمەش قازانجەكە دەچێتە گیرفانی ئەجنداكانی دژە كورد، نموونەش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بوو.
لە یەك رۆژدا، بە دوو جۆر كورد هەڕمێنێ هەبوو، لە رۆژئاوای كوردستان، وەك دیاری درایە هێزێكی ئیقلیمی، رووسیاش بێ دەنگیی هەڵبژارد، كەچی لە هەرێمی كوردستاندا لاڤرۆڤ جەختی لە پتەوكردنی پەیوەندیی مۆسكۆ و هەولێر كردەوە، توركیا هەر لەو رۆژەدا، مژدەی بەعێراق دەدا، كە دەروازەیەكی نوێ دەكاتەوە، هەروەك چۆن پێشتریش مامەڵەی(كورد بە ئاو)ی لەگەڵ سووریا و عێراق بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی بەغداش هەمیشە لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەكان، بۆ دژایەتی كورد لەسەر خەت بمێنێتەوە، ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بۆ بێنرخكردنی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، بەم پێیە پەیامێكیشە، كە ئەگەر رۆژئاوای كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوا رێككەوتنی ئیقلیمی بۆ گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان زیندوو دەكرێتەوە.
پێویستە كورد بۆ بەهێزكردنی پێگەكەی، برەو بە هەڕمێنی خۆی بدات، هەموو لایەنەكانیش كار لەسەر ئەوە بكەن، هیچ گرووپ و لایەنێكی كوردی، زات نەكات لە چركەساتی هەستیاری مێژووییدا، هەڕمێنی كورد بۆ بادانەوە بەلای دوژمنان و لە پێناوی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتیدا بەكاربهێنێت.
Top