كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان!

كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان!
ئەمڕۆ كەس نییە بتوانێ نكوڵی لەوە بكات كە كۆمپانیا گەورە، یان زەبەلاحەكان بەهۆی چەندین پەیوەندی و بەرژەوەندیی جیاجیای ئاڵۆزی ئابووری و دارایی جیاواز ئەم سەر تا ئەو سەری جیهانیان كۆنتڕۆڵ كردووەو، لە سەرتاپای زەمیندا كاریگەریی خۆیان لە سەر تێكڕای رەوتی ژیانی ئابووری، سیاسی، كولتووری، رۆشنبیری و...هتد هەیە، ئەو كۆمپانییانە لە ئێستادا توانیویانە بە تەواوەتی سەرجەم بازاڕەكانی جیهان لە نێوان خۆیاندا دابەش بكەن و قەوارەی بڕی بەرهەمهێنان و نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانیش دیاری بكەن. دیارە كۆمپانیا هەرە مەزن و گەورەكانی ئەمڕۆ كە مێژووی خۆیان هەیە، دەستپێكی كاركردنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە سەدەی بیستەم، وەك (كۆمپانیای هیندی رۆژهەڵات، كۆمپانیای ماسكۆڤی، كۆمپانیای هردسۆن بێی و ...هتد.) كە لە سەدەی هەژدەیەمەوە چالاكیی پان نەتەوەییان هەبووە، دواتر لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا و لەكاتی هاتنە كایە و گەشەی ئابووریی جیهانی، زیاتر گەشەیان كردووە و گەورەتر بوون، ئەم پرۆسەیە لە ساڵەكانی نێوان دوو جەنگی جیهانیشدا بە هەندێك راوەستان و دابەزین و بەردەوام بوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بەهۆی داڕمانی یەكێتی سۆڤیەت و ئاوابوونی سیستەمی ئابووریی سۆشیالیستی و پێكهێنانی شەپۆلێكی شۆڕشی نزیكبوونەوە لە سیاسەتی ئابوورییانەی لیبڕاڵییانە و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەكان، پانتایی چالاكیی كۆمپانیا گەورەكان بەرینتر بوو. بە پێی ئامارەكانی (كۆنفرانسی بازرگانی و پەرەپێدان (UNCTAD) ئەمڕۆ لە(90%)ی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەكان و سەرچاوە داراییەكان لە دەستی كۆمپانیا هەرە گەورەكاندا چڕبۆتەوە، كە ژمارەیان خۆی دەدات لە 25 كۆمپانیا.
هەر لەم دەستپێكەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ بدەم، ئەویش ئەوەیە كە كۆمپانیا هەرە گەورە و زەبەلاحەكانی جیهان پێكهاتە و ناوەڕۆكی پێشكەوتووترین قۆناغی دوای پیشەسازی و بزوێنەری كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی سەردەم و هێزی پشت پەردەی دەسەڵات و تەواوكاری ئابووریی جیهانین، هەروەها ئامڕازی سەرەكیی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی بەرهەم و سەرمایەن و لە رووی رەگەز و خاوەندارێتی و كارگێڕییەوە كۆنتڕۆڵی فاكتەرە سەرەكییەكانی ژیانی ئابووری و سیاسی و تەكنۆلۆژیا دەكات، لە رووی دەسەڵاتیشەوە خاوەنی ئەم كۆمپانیایانە دەسەڵاتێكی سیاسی و ئابووری و زانستی و تەكنۆلۆژیای زۆریان هەیە، چی لە وڵاتەكانی خۆیان و چ ئەو وڵاتانەی بنكەیان لێی هەیە.
بێ هیچ گومان و دوودڵییەك، دەتوانم بڵێم كۆمپانیا هەرە گەورەكانی ئێستا خۆیان میكانیزمی هەرەكارای ئەو جیهانگیرییەن، كە هەر خۆیان خوڵقاندوویانە، ستراتیژیەت و ئامانجی كۆتایی ئەوان بریتییە لە یەكخستنی بازاڕەكانی دنیا و دامەزراندنی حكومەتێكی جیهانی و دەوڵەتێكی جیهانگیر لە شوێنی ئەو دەوڵەتانەی كە ئێستا هەن.
بێگومان ئەبێ ئەوەش بزانین كە پێوەری سەرەكی بۆ هەر كۆمپانیایەك كە پێی دەوترێت گەورە، بریتییە: لە خستنەڕووی، خاوەندارێتیی راستەقینە و قەبارەی سەرمایە و بڕی داهات و بواری كاركردن و قەوارەی بەگەڕخستنی هێزی كارو...هتد.
دوای ئەو كەمە قسەكردنەمان لە سەرەوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە تیشك بخەینە سەر كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان، من لێرەدا مەبەستم تەنیا كۆمپانیا تایبەتەكانە، جگە لە بواری (نەوت و گاز).
لە سەرەتاوە دەمەوێت ئەوە بڵێم كە تاكو ئێستا هیچ داتا و زانیارییەكی ئەوتۆ و راستەقینە دەربارەی زۆربەی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان لە بەردەستدا نییە، بە تایبەتی دەربارەی خاوەندارێتیی راستەقینە و قەبارەی سەرمایەو بڕی داهات و بواری كاركردن و...هتد. دیارە لەگەڵ لێكچوونی زۆربەی خەسڵەتەكان لە پەیدابوون و دامەزراندنی كۆمپانیا گەورەكان، هەر وڵاتەو تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین، سەرهەڵدان و دامەزراندن و جۆرێتیی كاركردنی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان لە چاو شوێنەكانی دیكەدا جیاوازیی بەرچاوی هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەكی بابەتی و خودی.
دەتوانین سەرهەڵدانی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان بگێڕینەوە بۆ ساڵی 2005، ئەوەی ئاشكرایە ئەو كۆمپانییانە لە واقیعدا، یان حیزبین، یانیش سەر بە بەرپرسە باڵاكانی حكومەت و حیزبەكانن، بۆ نموونە: كۆمپانیا گەورەكانی وەك (نۆكان، كار، گرووپی قەیوان، گرووپی سەلاحەدین، گرووپی فاروق، گرووپی زاگرۆس، گرووپی كۆمپانیاكانی سپێر، یوبی هۆڵدینگ، بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی، بانكی ئارتی و...هتد) ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە هەر حیزبەو لە زۆنی دەسەڵاتی خۆیدا لە رێگەی كۆمپانیاكانەوە بە تەواوەتی گشت كایەكانی بزنسیان قۆرخ كردووە، هەر لە بازرگانی و بیناسازی و پیشەسازییەوە تاكو كەرتە خزمەتگووزارییەكانی دیكەی وەك: گەشتووگوزار، هۆتێل و رێستۆرانت و تەندروستی، خوێندن...هتد.
جگە لەو پێوەر و نیشاندەرانەی پێشتر ئاماژەمان پێكردووە، چەند مەرج و نیشاندەرێكی دیكەیش بۆ پۆلێنكردنی كۆمپانیا گەورەكان بەكاردەهێنرێن، لەوانە: دەبێت قەبارەی دارایی ساڵانەی لە 100 ملیۆن دۆلار كەمتر نەبێت، پێویستە جگە لە وڵاتی دایك، لقی لە شەش وڵاتی دیكەدا هەبێت، پێویستە بەشە بازاڕی لە بازاڕی جیهانیدا رێژەی لە 25% كەمتر نەبێت، ئەگەر ئەو خاڵانە بكەینە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریكردنی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوا هیچ ئەنجامێكمان دەست ناكەوێت، جگە لە خاڵی یەكەم كە بریتییە لە قەبارەی دارایی، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە هەندێك جار لە زاری بەرپرسە حیزبی و حكوومییەكانەوە دزە دەكاتە نێو میدیاكانەوە، هەندێك لەو كۆمپانیانە قەبارەی داراییان لە ملیارد دۆلار تێدەپەڕێت، ئەگەر بێت و هەڵسەنگاندنێكی بابەتییانە بۆ توانا و گەشەی خێرای ئەو كۆمپانییانە بكەین، دەبینین كە سەرچاوەی داراییان لە كەرتی گشتی، یان لە داهاتی نەوت و گازی كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت، پارەی گشتیی حكوومی و حیزبی بە شێوەیەك تێكەڵاو و تێهەڵكێش بوون، زۆر ئەستەمە لێك جیابكرێنەوە، تەنانەت خۆشیان لێیان لێڵ و ئاڵۆز بووە و بۆیان ناخرێتەوە سەر یەكتر. بەپێی ئامارەكان جگە لە بەخشینی زەویوزار بە ناوی وەبەرهێنانەوە، حكومەت لە بودجەی گشتی بە ملیۆنان دۆلاری لە شێوەی قەرزدا پێشكەش كردوون و كەسیش ئامادە نییە بیانگێڕێتەوە.
یەكێكی دیكە لە سیما جیاواز و تایبەتمەندییەكانی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لەوەی كە كۆمپانیای پشكدار نین، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە كە ریتمی كێبەركێ كە یەكێكە لە بنەماكانی سیستەمی ئابووریی بازاڕ، لە هەرێمی كوردستاندا بوونی نییە و هەموو وەبەرهێنان و پرۆژەكان لە ئەنجامی ئەو ژینگە قۆرخكارییەی كە حیزبە دەسەڵاتدارەكان بە درێژایی تەمەنی كابینەكان كاریان لەسەر درێژەپێدان و چڕكردنەوەی كردووە، دەبێ لە دەرگای حزبییەوە بێنە نێو بازاڕی سەرمایە و بزنسكاری.
تایبەتمەندییەكی دیكەی كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەرزترین مەیدانی چالاكییان لە بری گشت بەرهەمبەخشەكانی دیكە لە بواری (بازرگانی بیناسازی و مۆڵ و نەخۆشخانە و زانكۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی تایبەت و ...هتد) چڕكردۆتەوە، ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی نیشانەی پێشكەوتنی هەر وڵاتێكە، ئەوەشی ئەم سەردەمە لە سەردەمەكانی دیكە جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە لە ئێستادا بە پێچەوانەی رابردوو گەشەپێدانی ئابووری خۆی لە پیشەسازیی قورسدا نابینێتەوە، بەڵكو لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكاندا خۆی دەبینێتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی كە خەسڵەتی جوگرافی و توانا مرۆیی و مادییەكانی هەر وڵاتێك داهاتووی ئەو وڵاتە دیاری دەكات، لە وڵاتێكی ژێرخان تەپیوی وەك هەرێمی كوردستاندا پێویستە كەرتی پیشەسازی بە پۆڵێنكردن و رێكخستنەوەیەكی تایبەت لە بوارە جیاجیاكاندا گەشەی پێ بدرێت، بە بۆچوونی من ئەم ئەركە تەنیا لە لایەن كۆمپانیا گەورەكانەوە دەتوانرێت جێبەجێ بكرێت، چونكە هەر ئەوان خاوەنی سەرمایەی پێویستن بۆ ئەنجامدانی كارێكی وەها.
ئەم بارودۆخەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان خوڵقاوە، بۆتە دیفاكتێك و تازە خوڵقاوە و لە روانگەی مێژووی ئابووری و سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەدارییشەوە دیاردەیەكی ئاساییە، زۆربەی زۆری كۆمەڵگە و وڵاتانی دنیا بە گشتیی و وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان بە تایبەتی پێدا تێپەڕیون، كە دەكرێت ناوی قۆناغی گواستنەوە (Transformaition)ی لێ بنێین، ماوەی درێژەكێشان و تێپەڕبوونی ئەم قۆناغە بە پێی هەلومەرجی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كولتووری لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت، هەندێك وڵات لە ماوەیەكی كەمدا ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە، هەندێ وڵات پێویستیان بە ماوەیەكی زۆرتر هەبووە، بە هەرحاڵ ئەم قۆناغە واتا قۆناغی گواستنەوە، هەتا هەتایی نییە، چەند خێراتر تێپەڕێندرێت و بچێتە قۆناغی جێگیربوونەوە، گەشەی ئابووری و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان زووتر روو دەدەن.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە بە پێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆیی هەرێم تەنیا (2%) ی بودجەی گشتیی هەرێم پێكدێنێت، ئەو داهاتەش زیاتر داهاتی باجە، نەك داهاتی كار و چالاكییەكانی كەرتی تایبەت، لە هەموو دنیادا بە تایبەتی لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا بەشی زۆری بودجە لە باج و پیتاكی كۆمپانیا گەورەكان پێكدەهێنرێت، بەڵام كۆمپانیا گەورەكانی هەرێمی كوردستان نەك باج نادەن، بەڵكو لە سەر ملی بودجەی گشتی دانیشتوون، كۆمپانیای گەورە بوون و پێگە و دەسەڵات و هێزی وڵات دەسەلمێنێت، هێز و گەورەیی ئەمەریكا لە بوونی كۆمپانیا گەورەكانیدایە.
ئەوەی دەیزانین و ئەوەی ئەزموونی وڵاتان پێمان دەڵێن، ئەوەیە زوو، یان درەنگ ئەم كۆمپانییانەی كوردستانیش دەچنە قۆناغی جێگیربوون و دەچنە سەر سكەی خۆیان و خاوەندارێتی راستەقینە و قەبارەی ئابووریی و دارایی و داهات و قازانجی خۆیان ئاشكرا دەكەن و، دەبنە داینەمۆی گەشەی ئابووریی هەرێم و بەردی بناغەی سەربەخۆیی ئابووریی پێكدەهێنن و دەچنە ئاستی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان و دەبنە جێگە شانازیی هەموو كوردێك.







* سەرۆكی ئینستیتوتی گەشەی وڵات بۆ لێكۆڵینەوەی ئابووری و دارایی
Top