گەندەلی: پەتای گەلان و سایکۆلۆژیای چاکسازی

گەندەلی: پەتای گەلان و سایکۆلۆژیای چاکسازی

گەندەڵی (الفساد یان corruption) وەک پێناسەیەکی سایکۆلۆژیکانە بریتییە لەو رەفتارەی کە خۆی لەوە دا دەبینێ کە لادانی ھەندێ کەسە لە ھەموو ئەو بەھا و پێوەرە مرۆڤی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، ئایینی و پەروەردەییانەی، کە بە ھۆیەوە سامان و کار و ئەرک و مافەکان وەک یەک و بە یەکسانی، و بە پێی ئاستی تواناییە عەقڵی و فیزیۆلۆژیکەکانی ئەندامانی کۆمەڵگە یان دامەزراوە یان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی، بەسەر ئەواندا دابەش بکات، تاوەکو بەھۆی سوود وەرگرتنی ھەریەکەیان، بەشی خۆیانیان بەربکەوێ، و بەھۆیەوە ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی و خۆپێگەیشتن، و لە کۆتاییشدا بەختەوەری و شادی بکەن.
***
دیارە شرۆڤەی سایکۆلۆژیانەی گەندەڵی زۆری ھەڵدەگرێ، و لێرە دا تەنھا ئاماژە بە سەرەداوەکانی دەدەین لە روانگەی چەند زانایەکی ناسراوی رێبازی شیتەڵکردنەوەی دەروونی. بە لێکدانەوەی سیگمۆند فرۆیدی گەورە زانای دەروونناسی دەبێ گەندەڵی بەشێک بێ لە تێکچوونی بەڵانس و ھاوسەنگی و تەنانەت ھەماھەنگی نێوان ھەر سێ بێکھاتە سەرەکیەکانی کەسێتی: من ( Ego )، ئەو ( Id )، و منی باڵا ( Super ego )، بە ھەمان ئەندازەش بەرھەمی خراب دانرانی بناغەی ویژدانە لە سەرەتایی منداڵییەوە، و لەو کەسانەن کە ھێزی وێرانکەری سەر بە رەمەکی مردن بەھێزترە لە ھێزی ژیانەوە و ئاوەدانکردنەوە، کە بە ھۆی ھەلسوکەوتی خرابی دایک و باوک لە گەڵ منداڵ و بە تایبەت لە سەرەتاییترین قۆناغەکانی ژیان، کە بەشێکە لە ھەمان ئەو شتەی کە عەلی وەردی ( ١٩١٢ - ١٩٩٥) بە دووانیزمی کەسێتی دەیناسێنێ، و بەپێ لێکدانەوەی فرۆید بۆ دووانیزمی ھەڵسوکەوتی دایک و باوک لە کاتی پەروەردەی منداڵ دەگەڕێتەوە. بە لێکدانەوەی فرۆم بەرھەمی لادانە لە بەھاکانی ئازادی، و لە روانگەی ئەدلێر جۆرە بەر پەرچدانەوەی ناوازەیە لە لایەن تاک بۆ کەسانی دەوروبەری و ژینگە کۆمەڵایەتییەکی پەیدا دەبێ، و دەبێتە بەشێک لە فەلسەفەی ژیانی تاکی و تایبەتی ئەو کەسە. دەبێ لە دیدی سۆلیڤان (١٨٩٢-١٩٤٩) گەندەڵی یەکێک بێ لەو رەفتارانەی کە تاکی گەندەڵکار بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی ئاست و تووندی پەریشانییەکانی (euphoria) بەکاری دەھێنێ تا بە جۆرێک لە جۆرەکان ھەست بە ھەندێ ھەست و سۆزی وەھمیانەی بێ بنەما و لە ئەنجامدا بەختەوەری و شادۆمانی بکات. ئەو پەریشانییەی کە لە بنەرەَتدا، وەک سۆلیڤان دەڵێت، بەرھەمی پێداویستییەکانی جەستەیی و ھەستکردنە بە نیگەرانییەکی بێ وێنەن. بە پێی لێکدانەوەی ژنە دەروونناسی بەناوبانگی وەک کارین ھۆرنای(١٨٨٥-١٩٥٢)، ھاوشێوەی بەشێک لە بۆچوونەکانی فرۆید، بەرھەمی تووندوتیژی و دووربوونی مندالە لە ھەست و سۆزی دایکان و باوکانە، کە دواتر بەم جۆرە رەفتارە خۆی پیشان دەدات، چونکە ھەست بەوە دەکات لە جیھانێکی پڕ لە نائارامی دەژیت و متمانەی بە کۆمەڵگە و ژینگەی دەوروبەری نیە و دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرەنگاری ببێت، جا چ لەسەر ئاستی ھەستەوەری یان نەستی، بێ. لەم سۆنگەیەوە دەبینین ئەو جۆرە کەسێتییە حەزی لەوەیە بەھێز ببێ تاکو بەسەر دەوروبەری زاڵ بێ و یەکێک لەو رەفتارانەی کە بە ھۆیەوە دەربڕینی لێوە دەکات گەندەڵییە، بە ھەموو جۆرەکانیەوە. بە لێکدانەوەی زانایانی کۆمەڵناسی و سایکۆلۆژیایی و پەروەردەیی ئەو رەفتارە بەرھەمی خراب پێگەیشتن و ئاوەدانکردنەوەی کەسێتی مروڤە لە قوناغەکانی جیاوازی بە کۆمەڵایەتبوون ( Socialization )، چ لە نێو خێزان یان قوتابخانە یان گەڕەک و لە نێو دۆست و ھەڤاڵان، و چ لە دامەزراوەیەک بێ. بەڵگەش فێربوونی ئەو رەفتارەیە کە لە کەسانیترەوە، دوای ئەوە کە دەستکەوتەکانی یان درێژخایەنەکانی بە پێی بیردۆزی فرۆید، ئەو کەسە دەگەیێنێتە ئاستێک کە بە پێی بنەمای "تام وەرگرتن" لێی جۆرێکی خۆشی و شادی دەبەخشێتە کەسەکە، و بە پێی بنەمای "دوورکەوتن لە ئازارەکان"، ھەست دەکات بەو رەفتارە بەشێک لە کەم و کۆڕی و نە داری و نە ھامەتییەی پێشتر بوونەتە ھۆکاری ئازاردانی، ئیتر بوونیان نابێ. لە روانگەی دەرونناسیی تاکگەرایی ئەلفرێد ئادلێر(١٨٧٠-١٩٣٧)یش دەبێ بگۆترێت گەندەڵی یەکێکە لەو رەفتارانەی کە "ھەستی خۆبەکەم زانینی" ئەو کەسە قەرەبۆ دەکات و خۆدی ئەم رەفتارە شێواز و ستایلێکی نادروستی ژیانیەتی، کە خۆی لە ھەلسوکەوتکردن لەگەڵ مرۆڤەکان، کە خۆی لە دژایەتیکردنی بەرامبەر و کۆمەڵگە دەبینێ. ئەو بڕوایە لای ئەم جۆرە کەسێتییە تەواوکەری چەمکەکانیتری کەسێتین لە روانگەی ئەدلێرەوە، کە بریتین لە ئامانجە خەیاڵپاڵاوییەکان، کە بۆ پێشەوە پاڵی دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوانیترەوە، و ھەروەھا گرنگیپێدانی کۆمەڵایەتی، کە فاکتەری خۆدەرخستن و راکێشانی دەوروبەرە بۆ لای خۆی. زۆرێک لە ھەمان شتانەی کە ژان ژاک رۆسۆ، فەیلەسووفی مەزنی فرەنسی، لە پەرتووکە بەناوبانگەکەی خۆی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) دا، بە ھۆکاری یەکەمی پەیدابوونی نایەکسانی و نادادپەروەری و جیاوازی کۆمەڵایەتی زانیویەتی، چونکە بڕوای وابوو مرۆڤ لەو کاتەی کە ھەستی بەوەکرد کە زیاتر لە ئاستی خۆی ھەوڵی بەدەستخستنی شتەکانی دا یەکسانی لەنێو چوو. ئیتر گەندەڵی بوو بە ھۆنەرێک، و تەنانەت لە ھەندێ کۆمەڵگای وەک ئێمە بوو بە بەھایەک، و ئەو کەسانە مەترسین بەسەر دابونەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئەو جۆرە کەسانە دەبن بە پیشەنگی بڵاوبوونەوەی، بۆیە لە پرۆسەی چاکسازی نابێ رۆلی پاکسازی ئەو کەسانەی کە دەبن بە مامۆستای فێرکردنی گەندەڵی، لە یاد بکرێت.
گەندڵی، ھاوشێوەی گشت رەفتارەکانی ئاسایی و نە ئاسایی دیکەی مرۆڤ پێشینەیەکی خێزانی، پەروەردەی، کومەڵایەتی ھەیە، و بەدەر نیە لە بنەماکانی ھەموو ئەو تێز و بیردۆزانەی سایکۆلۆژی کە لە بارەی رەفتار و کردارەکانی مرۆڤ نوسراون، لە سەروی ھەمووشیانەوە فرۆید، ئەدلێر، یۆنگ، ماسلۆ، فرانک، و...ھتد. نابێ خۆمان لێی لە گێڵی بدەین بەشێکی بچوکیش بۆ فاکتەری بۆماوەی دەگەڕێتەوە، بەڵام سێ ھۆکارەکەی پێشووتر سەرەکیترینی ئەو ھۆکارەکانەی کە تارمایی گەندەڵی لە سایەیدا پەیدادەبێ لە شەو تەشەنەدەکات.
دیرۆکناسی ناوداری کوردستان، دکتۆر سەدیق بودرکەیی لە پەرتووکێکی دەوڵەمەند لە بارەی مێژووی ناوچەکە، ئاماژە بە ئەگەرەکانی رووخانی ساسانییە بە رەگەز کوردەکان دەدات و پێی وایە کە یەکنەگرتووی ئایینی پەرتەوازەیی لە نێو خەڵک دا دروست کردبوو. گەندەڵی پیوانی ئایینی زەردەشتی بە سەرێکەوە، و پەرتەوازەیی لەشکەری، و زیادبونی باج، جیاوای چینی و توێژەکان، و زۆرداری و ستەم، جەنگە یەک لە دوای یەکەکان، ئەوانەی لە بەردەم ھێرشی ئەو عەرەبانەی کە دروشمی یەکسانی و برایەتی و یەکگرتنی ھەڵدابوو بەڵام دواتر ھەمووی لە بیرکردن، لاواز کرد و لە ئەنجام دا ئەو شاھینشاھییە زەبەلاحە لە نێو چوو.
بە کۆرتی و کوردی و کۆرمانجی ئەگەری سەرەکی ئەو شکستە مەزنە تەنیا یەک شت بوو نەک ھیچی تر و ئەویش گەندەڵی بە ھەموو جۆرەکانی ئایینی، لەشکەری، کارگێری وسیاسی، کومەڵایەتی، ئابووری، پەروەردەیی،...ھتد. کەواتە گەندەڵی سەرچاوەی نەمانی ئارامی و ئاسایشی سایکۆلۆژی و بەختەوەرییە بۆ ھەر یەکە لە بکەرەکەی و بۆ تێکرای کۆمەڵگە و گشت قۆربانیانی.
دەبێ ئەوە بزانین کە نەھێشتنی گەندەڵی، و بنبڕکرن و ڕیشەکێش کردن و قۆرتالبوون لە نەھامەتییەکانی تەنھا بە دروشم و ئۆپۆزسیۆن بوون و عینادی و رکگرتن نیە. بە کەسێک کە لە ماوەیەکی زۆر کۆرتدا خاوەنی چەندین مەلیار دۆلارە و خۆدی ئەو ھۆنەرە جێگەی پرسیارە، ناکرێ. رێشەکێش کردنی پەتای گەندەڵی ویستی دەوێ. ئەرکێکی مەزنە. بە قسە خۆشە. دەبێ ئەو مرۆڤەی بەم جەنگە دژوارە ھەڵدەستێ خاوەن پێشینیەکی سایکۆلۆژی و کەلتووری و کۆمەڵَایەتی و پەروەردەیی و فەلسەفی و ھزری دووربینانە بێ. بە کەسانێک ناکرێ کە بەرژوەندی وڵاتان و نەتەوەکانیتر پێش ھی نەتەوەی خۆیان دەبینن. ئەو کارە قورس و سەختە تەنھا و تەنھا بە کەسانێک دەکرێ کە پەروەردەی قوتابخانەیەک بن کە تیایدا ئەو وشەیە فەلسەفەی ژیانی سەرکردەی ئەو خێزانە بێ :" دوای پەنجا سال خەبات و پێشمەرگایەتیم مساومە لەسەر دۆزێک ناکەم کە ھەموو تەمەنم لە پێناویدا داناوە ". ئەمە دەقی وتە بە نرخەکانی جەنابی سەرۆک بارزانییە، کە لە ٢٠/٥/٢٠١٢ بە بۆنەی پەنجایەمین ساڵگەردی پێشمەرگایەتی خۆیانیان نووسیوە، و ئەمەش بریارێکی ئاسان نیە، بەڵکۆ بناغەو و ھەوێنی کەسێتیەکە کە بیەوێ لە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری و ھەستکردن بە بەرپسیارێتییەوە بەرەنگاری گەندەڵی ببێ.
سەرۆکی حکومەت لەم قۆناغە دەتوانێ رولێکی مەزن ببینێ. ئەزموونی گەلان ئەم راستیە پیشان دەدات. ئەو کاتەی کە بۆ خۆێندنی دکتۆرا لە مۆسکۆ قوتابی بووم تێبینی ئەوەم کرد کە پووتین لای خەلکی روسیایی فیدرال زۆر خۆشەویستە بە تایبەت گەنجان و لاوان کە جگە لە بەرزکردنی ئاستی ئابووری وڵات، توانیویەتی پێگەی سیاسیش لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی بە ھێزتر بکات. ڤلادیمیر پوتین (Vladimir Putin,١٩٥٢ - ?) لە سالانی نێوان (١٩٧٥ تا ١٩٩١) بە کارکردن لە نێو دەزگای ( KGB) ئەزموونێکی باش لە پاراستنی دەستکەوتەکانی روسیا بە دەست بھێنێ، و ئەزموونێکی دوور و درێژتریشی لە گەڵ دەزگا ئەمنییەکان ھەبووە و بە سامبوونی لەو ئەرکانەدا یارمەتیدەری بوو لە کاتی دەستھەڵاتیدا، بە تایبەت لە چاکسازی وڵات لە گەندەڵییەکی بێ وێنەدا، و دیارترین نموونەش پاکسازی وڵات بوو لە کۆمەڵێک لەو گەندەڵانە، وەک دەڤەرداری مۆسکۆ بوو، کە لە ماوەیەکی کۆرتدا سامانێکی خەیاڵی وەدەست خۆی و خێزانەکەی خستبووی.
دیارە دۆخی ناسەقامگیریی سیاسی، وەک ئەوەی لای ئێمە ھەیە، ھەمیشە کەلێنی وا دروستدەکات کە کۆمەڵێک کەسی ھەلپەرست و نەفس نزم بە قۆستنەوەی ئەو ھەلوو مەرجە نا جێگیرە، قۆڵ لە گەندەڵی ھەلبدەنەوە، تەنھا رێگەی ریشەکێشکردنی ئەو دیاردەیەش پاکسازی دامەزراوەکانی کەرتی میری و تایبەتە لەو کەسانە، چ ئەوانەی لە رابردوو ئەم کردەوە قێزەوەنەیان ئەنجام داوە و چ ئەوانەی ئێستا و لە داھاتوودا پێی ھەڵدەستن. دیاریشە لە تەرازووی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و وڵاتانی دیمۆکراسی و رۆژئاواییەکان، بەرەنگاربوونەوە و سەرکەوتن بەسەر پەتای گەندەڵی، بە ھەموو جۆرەکانیەوە، ھاوشێوە شکاندنی "ئەفسانەی تیرۆریزمی تاریکپەرستان" سەنگی مەحەکی کورد و بە تایبەت ھەرێمی کوردستانە، بۆ ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵیدا لە رۆژ و ساڵانی داھاتوودا.
جێگەی داخە کە لە لای ئێمە بیرۆکەیەک گەڵالە بووە و بۆوەتە ھۆکاری پەکخستنی پرۆسەی چاکسازی، و ئەویش ئەوەیە کە وادەزاندرێت بە لادانی گەندەڵکارێک پایە و بنیاتی تەواوی دەستھەڵاتی سیاسی دەروخێت، چونکە گەندەڵکار جێگە و پێگەیەکی جەماوەری دەستکەوتووە و دوای لادانی ھەموو ئەو کەسانە، لە وڵامدا پشت لەو پارتە سیاسییە دەکەن، لە کاتێکدا ئەزموونە بچووک و مەزنەکان پێچەوانەی ئەوە پیشان دەدەن. دوای ماوەیەکی زۆر کورت ھەموو ئەو کەسانەی لە "گۆزەی گەنیوی گەندەڵکار ئاویان دەخواردەوە پاش لادانی یەک یەکە لێی دووردەکەونەوە. ئەگەر گەندەڵکار بە گەندەڵیی خۆی توانیبێ تەنھا چەند کەسێک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام ھزاران کەسی تۆراندووە و بۆوەتە ھۆکاری دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسی لای ھەژمارێکی لەبن نەھاتوو. بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی دەینامۆی کۆمەلگەیە، و ئەنجامی توێژینەوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی کە لە لایەن پسپۆرانی دەروونناسی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون، نیشاندەدەن کە بە ھۆکاری جیاواز، ئاستی دلساردی خەڵکی گەیشتووتە ئاستێکی مەترسیدار. دوورکەوتنی سیاسی، وەک بەشێک لە دوورکەوتنی جڤاکی (social exclusion)، و وەک زۆر لایەنی پەیوەندار دەبێتە ھۆکاری زۆر جۆری نەخۆشییەکانی جڤاکۆمەڵایەتی و بێکاری و ھەژاری و گەندەڵی و دابەزینی ئاستی بەرھەمئینان و پیشەسازی و پەروەردەیی و خزمەتگۆزاری گشتی. بەشێک لەو گەندەڵییە خۆی لە زالبوونی دامەزراوە کلاسیکییەکانی کۆمەلگە، و بە تایبەت عەشیرە، ھۆز و ئایین و ...ھتد، دەبینن کە گەندەڵی لە سایەیدا زۆر بەھێزتر بووە، بۆیە لۆژیکییە کە بە لاچوونی ھەموو ئەو کەسە گەندەڵانە، کەسانی کە تووشی دوورکەوتنەوە بوونە، خۆیان لە دەریای بێ متمانەییەوە دەگەڕێنەوە باوەشی کۆمەڵگە و پرۆسەی سیاسی. ئەگەر بیر لەوە بکرێت کە تەنھا لە یەک نموونەدا لەم کوردستانە ھەبن کەسانێک، ئەوانەی ساڵانی ھەشتاکان، بە دڵ و گیان و باوەرەوە خزمەتی رژێمی گەنیوی بەعس و ژۆھاکی خوێنمژ و سەدامی گۆڕبەگۆڕیان کردبوو، ئێستا لە شوێنێکی کوردستان لە ھەوڵی ئەوەدان بە زۆری تۆپزی، و لە بن سێبەر و چەتری دەستھەڵات و بەناوی یاساوە دەست بەسەر مۆڵک و زەویی ئەو کەسانەدا بگرن کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنیان لە ئاوارەیی گۆزەراند و قارەمانی داستانە ئەفسانەییەکانی خۆاکۆرک و ...ھتد بوون، دەبێ لە شوێنی دیکە چ بگۆزەرێت و چ گەندەڵییەک لە ئارادابێ؟ ئایا گەندەڵی نابێتە ھۆکاری خستنە ژێر پرسیاری پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێمەکەمان؟ تەنھا رێڤەی چارەسەریش دەستەی دەستپاکی یان لیژنەیەکی بێلایەن و بۆێر و دەستپاکە بتوانێ بە نھێنی ئەو جۆرە تاوانانە دەستنیشان بکات و بدرێتە لایەنی پەیوەندیدار و دادگاکان.
*ئەو بابەت لە رۆژنامەی خەبات ژمارە ٥٧٩٨ لە رێکەوتی ٢٨/٧/٢٠١٩ لاپەڕەی ٩ بڵاوکراوە.

*پرۆفیسۆری ە. /پسپۆری سایکۆلۆژیای پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ
Top