مەزاری نەمران ئارامگەیەك بۆ هەمووان سیمبولێك بۆ مرۆڤایەتی

مەزاری نەمران  ئارامگەیەك بۆ هەمووان سیمبولێك بۆ مرۆڤایەتی

بەسەركردنەوەی مەزاری نەمران لە دەڤەری بارزان سەنتەری رووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدان، بە تەنیا بریتی نییە لە بەسەركردنەوەی گۆڕی رابەران و سەروەرانی نەتەوەیەك، بەڵكو بۆتە هەڵگری زیاتر لە چەندین مانا و گوزارشتی پڕبەها، جگە لەوەی مەزاری نەمران وەك سیمبولێكی شۆڕشگێڕی و خۆشەویستیی نیشتمان و خاك و وڵات و نەتەوایەتی دەردەكەوێ، لەدیوێكی دیكەشەوە بۆتە ناوەندێك بۆ نوێبوونەوەی بەڵێن و وەرگرتنی وزەی نیشتماندۆستی و تۆخكردنەوەی رەنگەكانی كوردایەتیی راستەقینە، پاشانیش وەك شوێنگەیەك بۆ ئارامبوونەوەی رۆحی پەیڕەوانی رێبازەكە و تەنانەت دەرەوەی رێبازەكەش، یەكلایی بۆتەوە.
لە دەروازەی دەڤەری بارزانەوە زیاتر هەست بە ژیانەوە دەكەیت، هەر لە ژیانەوەی درەخت و باخ و رەز و شاخ و دەشت و بنارەكانیەوە، تا دەگاتە جوانیی دیمەنی ئەو ئاژەڵە ماڵی و كێوییانەی كە بە قەد مرۆڤەكان هەست بە ئاسایشی ژیان دەكەن. لە مێژووی بارزاندا بوونی كەنیسەی مەسیحییەكان و پەرستگای یەهوودییەكان و مزگەوتی موسڵمانان بە دووری تەنیا چەند مەترێك لە یەكترییەوە لە ناوچەكە، هێمایەكی ئاشكرا بووە بۆ بوونی رەنگەكانی ژیانكردن لە ناوچەكە و نیشتمانیك بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی، بە تایبەت بە بڕوابوونێكی پتەو و بە رێزگرتن و قبووڵكردنی جیاوازییە ئایینی و كولتووری و مەزهەبییەكان لە ناوچەكە، هەر كەسێك سەردانی بارزان بكات، تێدەگات كە بارزان لە رووی پاراستنی (ژینگە و سرووشت و كولتوورێكی بەرزی كۆمەڵایەتی و هونەردۆستی و ئایین و خۆشەویستیی خاك و چەندین بەهای كۆمەڵایەتیی دی) نموونەی ناوچەیەكی پڕ ژیانن.
ئەوەی جێی سەرنج و بایەخە رۆژانە و بە بەردەوامی خەڵكێكی زۆر لە هەموو چین و توێژەكان سەردانی بارزان و ئارامگەی نەمران دەكەن. هەڵبەتە ئەوەی ئەم ئارامگەیە جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە ساڵانە بە هەزاران كەس لە نەتەوە و ئایین و لایەن و لایەنگری سیاسیی جیاواز و تەنانەت كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و شاندە بیانییەكان، وەك ئارامگەیەكی رۆحیی باڵا مەزارەكە بەسەردەكەنەوە.
سەردان و بەسەركردنەوە مەزاری نەمران لە چوارچێوەی تەنیا سەردانكردن دەرچووە و هەندێك جار شێوازی جیاوازی سەلماندنی وەفا دەگیرێتەبەر، لەوانە بڕینی رێگایەكی دوور لە ناوچە جیاوازەكانەوە بەپێ و بەبێ بەكارهێنانی هۆیەكانی گواستنەوە، كە چەندین شەو و رۆژ لە رێگادا دەمێننەوە، تەنیا لەپێناو وەفا و دڵسۆزی بۆ رێبازی بارزانی، ئەم بەسەركردنەوانە بۆ سەلماندنی پیرۆزیی رێبازێك كە چەندین ساڵە پەیڕەوانی لە پاراستنی رێبازەكە بەردەوامن، پەیامێكی بەهادارە.
كاتیەتی دووپاتی ئەو حەقیقەتە بكەینەوە، كە مەزاری نەمران، مەزاری چینێك، توێژێك، هێزێك، حزبێك، نەتەوەیەك، ئایین و ئایینزایەك و ناوچەك نییە بەتەنیا، بەڵكو مەزاری نەمران بۆ هەمووان ئارامگەیەكی رۆحییە.


Top