پارتێكی نوێ، قۆناغێكی نوێ

پارتێكی نوێ، قۆناغێكی نوێ

مێژووی نوێی توركیا و بەهێزی ئەردۆگان و پارتەكەی(ئەكپارتی) و هەڵوەشاندنەوەی كودەتاكەی 15 لەسەر 16ـی 2016، كە بە 7ـەمین كودەتا لەمێژووی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە دێتە ژماردن دیدێكی نوێی دروستكرد، كە ئیدی كودەتا هێزە سەرەكیەكەی گۆڕانكاری نییە، هەر ئەوەش ئەردۆگانی گەیاندە لوتكەی غروری و چاوەكانی پێش خۆی نەبینێ و هەڵوەرین لە حزبەكەیدا دروست بێت، بەتایبەتی كەسایەتیە بەهێزەكانی وەك داودئۆغلۆ و عەلی باباجان دوور بكەونەوە حزبێك دروست بكەن. هەندێك لە سیاسیەكانی توركیا دەڵێن: شكستی ئەردۆگان لە ئەستنبوڵەوە دەستیپێكردووە، كاتێك سەرۆك شارەوانیەكەی دۆڕاند بەرامبەر جەهەپە، بەڵام بێهێزبوونی ئەردۆگان لەوە دەستپێدەكات، كە نەیتوانی هاوسەنگی لەنێو حزبەكەیدا دروست بكات و دەستبگرێت بەسەر تەواوی توانا دیارەكانی ناو حزبەكەی.
پارتی ژیان و دادپەوەری(YAP) خۆئامادەكردنێكە بۆ توركیایەكی نوێتر، بەتایبەتی ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكە روودەدەن و ئەگەرێكی بەهێزە پریشكی گەورەی ئەو گۆڕانكارییانە بەر توركیا بكەوێت، بۆیە ئەم حزبە ئەگەر بەو شێوەیە سەرەتاییە دەستیان بە چالاكی كردووە و دەستیان بە هەڵدانەوەی نهێنیەكان كردوە بەردەوام بن، توركیا لەو شەڕە چاوەڕوانكراوەی ناوچەكە براوە دەبێت و دەبێتەوە هەمان ئەو هێزە كاریگەرییەی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتەكەیان.
زۆربەی توێژینەوەكانی ئەمدواییەی ناوەندەكانی توێژینەوە لە توركیا بەتایبەتی ئەو میدیاكارانەی ناوبانگیان لەتوركیا هەیە، دەڵێن: سەردەمێكی نوێی هاتۆتە ئاراوە، تەمەنی ئەكپارتی و سیاسەتی ئەم حیزبە ناتوانێ لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێییە بگونجێت، ئەوان جەخت لەسەر پێویستی بوونی هێزی دیكە دەكەنەوە كە بریتی بێت لەو هێزەی سیاسەت و بوژانەوە و ئابوری و بنەماكانی دیموكراسی لە توركیا بەهێزتر بكات. بۆ ئەمەش تەمەنەكەی ئەكپارتی بەسەرچوو دەژمێرن و ئەو پێگە جەماوەرییەی هەیەتی لە ئایندە نامێنێ.
پرسیاری گرنگ لە دەرەوەی توركیا لەسەر گۆڕانكارییەكانە، پرسیار لەبارەی ئایندەی چەندین كێشەی قوڵە كە توركیای زۆرجار گۆشەگیركردووە، بەتایبەتی پرسی كورد، پرسی بەزاندنی سنور و دروستكردنی ناوچەی ئارام، پرسی مافەكانی مرۆڤ كە دوای كودەتاكەی 2016 زۆرترین باسی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و سەرزەنشتی دەسەڵاتدارانی توركیا كران.
لە پرسی كورددا حزبە نوێیەكە هەمانشێوە سیاسەتی ئەكپارتی پەیڕەو دەكات و بانگەشەكانی داودئۆغلۆ و عەلی باباجان رووەو كورد بوون و لەگەڵ زۆرێك لە خاوەن پێگە بەهێزەكانی كورد لە كوردستانی باكور دانیشتنیانكردوە و سەرنجیان بۆ پارتە نوێیەكە راكێشاوە كە تائێستایش پێگەی ئەكپارتی لە كوردستان بەهێزترە لە زۆر پارتی دیكە، بۆیە ئەم سیاسەتە دووبارە بوونەوەی هەمان رێچكەیە، بەڵام ئومێدێكیش هەیە دوو كەسایەتی دیاری ئەكپارتی حزبێك دروست دەكەن و تەواوی هەڵەكانی حزبەكەیان لە دەسەڵاتدا دەزانن و ئەگەریش هەیە هەنگاوی چارەسەرییەكیان پێ بێت.
لە پرسی بەزاندنی سنور و دروستكردنی ناوچەی ئارام روئیایەكی روون نییە لەلایەن پارتە نوێیەكەوە، بەڵام داودئۆغلۆ كە خاوەنی تێوەری سفركردنەوەی كێشەكان لەگەڵ دراوسێ و میللەتان و دەوڵەتانی ناوچەكەیە دەتوانێت بەو توانا دیپلۆماسیەی هەیەتی جارێكی دیكە توركیا بكاتەوە میحوەری یەكەمی ناوچەكە و ئەو فشارە زۆرەی ئیدارەی ئیستای ئەمریكایش لەسەر توركیا كەمتر بێتەوە كە دەڵێن: ئەنجامی سەرەڕۆییەكانی ئەردۆگانە نەك گۆڕانكارییە لە سیاسەتی ئەمەریكا.
دەبێت هەموو ئەو ئەگەرانە شرۆڤە بكرێن، تا لە تەرازووەكەی توركیای نوێیدا حزبێكی نوێی تاقیبكرێتەوە كە كارەكتەرە كۆنەكانی نێو ئەكپارتین.
Top