ئامادەسازی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن

ئامادەسازی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن

پێشینان دەلێن" ئەگەر ویستت سێو لە دار بەر بێتەوە، پێویستە دارەکە راھەژێنی".
بێگومان دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٩-٢٠٢٠) پێویستی بە کۆمەلێ ئامادەسازی و ئامادەکاری پێویست ھەیە لەلایەن مامۆستایان و بەرێوەبەر و قوتابخانە و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەکان و وەزارەتی پەروەردە وە تا بتوانین بە ھەموو لایەک بیکەینە سالێکی پڕ لە کۆشش و بەخشش.
سەرەتا پێویستە لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و دەستەی کارگێڕییەوە راپۆرتێکی تێروتەسەل بە ھەموو ووردەکارییەکەوە لە رووی میلاک و ژمارەی بەشەوانە و قوتابیان و مامۆستایان و پەرتووک و ئاو و ئاوەڕۆ و w.c ی قوتابیان و کورسی و مێزی قوتابیان و بارودۆخی گشتی قوتابخانە تا دوایی ئامادەی بکەن و بدرێتە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزا و یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردە لە ماوەی مانگێک پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە ھەمان کاتیشدا لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکەیان پاک و جوان بشورێ بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەکانی تری شارەوانی و فەرمانگەی ئاو تا قوتابیان کە دێنە قوتابخانە حەز بە ئاسودەیی و ئارامی بکەن، ھەروەھا سەرپەرشتیاری کارگێڕی راپۆرتی ساڵانەی ھەبێت پێش دەستپێکردنی دەوام بۆ سەرجەم ئەو قوتابخانانەی کە سەرپەرشتی کردوون بیداتە یەکەی سەرپەرشتیاری و پەروەردەی قەزا. پێویستە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکان چەند لێژنەیەک پێک بھێنێت و (ژووری چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان) دروست بکات لە پەروەردە کە پێک بێت لە سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پسپۆڕی لە بژاردەی دڵسۆزانی پەروەردەیی و مەیدانی لەگەڵ ھۆبەی پلاندانان و خۆیەتی ومیلاک لە پەروەردە بۆ بەدوا داچوونی سەرجەم راپۆرتی بەرێوەبەری قوتابخانەکان و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی دیراسەی ووردی بکەن و رێگا چارەسەری گونجاوی پەروەردەیی بۆ بدۆزنەوە، ھەروەھا کۆبوونەوەی بەرێوەبەری سەرجەم قوتابخانەکان لەلایەن بەرێوەبەری پەروەردە ئەنجام بدرێت و کۆبوونەوەی یەکەی سەرپەرشتیاری پەروەردە بۆ سەرپەرشتیارانی کارگێڕی بەرێوە بچێت و کارەکان دابەش بکرێت و کێشەکان یەکسان بکرێن بە سفر، لێژنەکانیش بەردەوام بن لە کۆبونەوە و لە سەردانەکانیان بۆ قوتابخانەکان، ھەروەھا لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان لێژنەی باڵای ھەبێت بۆ بەدواداچوونی سەرجەم لێژنەکانی پەروەردەی قەزاکان لەکاتی پێویست رۆڵی سەرەکی بگێڕن لە بەدواداچوونی گرفتەکان و چارەسەرکردنیان پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بارودۆخی خوێندن و قوتابخانەکان لایان روون بێت و بەرچاو و روونی تەواویان ھەبێت لە سەر بارودۆخەکە لەسەرجەم پەروەردەی قەزاکان، ئەوەشمان بیر نەچێت لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ھەوڵ بدرێت ھەفتانە ووتاری پەروەردەیی لەلایەن دەستەی راوێژکارانەوە ئامادە بکرێت و لە رێگای پەروەردەکان بگاتە سەرجەم قوتابخانەکان لە رێزبوونی بەیانیانی قوتابیان لە یەکەم رۆژی ھەفتە لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە بخوێندرێتەوە کە گوزارشت بکات لە سەر پەروەردەی نوێ و بەھا کۆمەڵایەتییەکان و کارامەییەکانی ژیان و خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان و شانازی کردن بە ھاووڵاتی بوون و جێ بەجێ کردنی پلانی ھەستانەوە و بە نیشتمانی کردنی پەروەردە لە یەکەم رۆژی دەوام و بەبەردەوامی بۆ ھەفتەکانی تریش ووتاری پەروەردەیی ھەبێت.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی


Top