شرۆڤەیەكی ئابووری بۆ بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان . گەڕانەوەی متمانە و ریزبەندی لە جێبەجێكردنی ئامانج

شرۆڤەیەكی ئابووری بۆ بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان .  گەڕانەوەی متمانە و ریزبەندی لە جێبەجێكردنی ئامانج

دەستپێك
ئاشكرایە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بارگرانییەكی قورسی بۆ بەجێماوە، كە خۆی لە بوونی قەیرانێكی ئابووریدا بەرجەستە دەكات، ئەویش دەرئەنجامی داڕمانی بەهای نەوت بوو لە چەند ساڵێك پێش ئێستا. ئەو كات حكومەتی هەرێم لەپێناو خۆڕاگرتن و رێگەگرتن لە داڕووخان، بەناچاری كۆمەڵێك سیاسەتی پەیڕەو كرد، دەڵێم (بە ناچاری) بەو مانایەی كە هەرێمی كوردستان لە حاڵەتێكی ئیستسنائی (واتە لە نێوان سەربەخۆیی و لەهەمان كاتدا ناسەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی)دا بوو. لە رووی سیاسییشەوە ئاشكرایە كە ئەندامانی نێوماڵی كوردی بە پلەی جیاجیا لە حاڵەتێكی تەنگژەی سیاسیی بەردەوامدا دەژین و ناوبەناویش تەنگژەكە بە قووڵی و توندی سەرهەڵدەداتەوە، لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ ناوەنددا بەهۆی كەڵەكەبوونی چەندین كێشەی هەڵواسراوی ئیداری و سیاسی و ئابوورییەوە، حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە قەیرانێكی سیاسیدایە، كە تائێستاشی لەگەڵدا بێت، نەتوانراوە چارەسەری گونجاو و یەكلاكەرەوە بۆ ئەو هەموو كێشەیە بدۆزرێتەوە، لە رووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاشكرایە هاتنی ئەم كابینەیە لە دوای ئەو پەیوەندییە ناجێگیرو ئاڵۆزانە دێت، كە هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیبووە. لەم روانگەیەوە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەموو دەستكەوتەكانی كابینەی پێشوو، چەند ئەركێكی زۆر قورسی ئابووری و سیاسیی خستۆتەسەرشانی خۆی، كە دەبێت هەوڵی گرتنەبەر و دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئەم پرسانە بدات.
چۆن كارنامەی حكومەت باشتر و كاراتر بكرێت؟
ئەوەی پەیوەست بێت بە كارنامەی ئەم حكومەتە نوێیەوە، ئەوا بەپێی تێڕوانینی من لە دوای خوێندنەوەو شرۆڤەكردنی ئەم كارنامەیە سەرەڕای ئەوەی چەندین لایەنی ئیجابی و باشی تێدا بەدی دەكرێت، بەڵام دوو خاڵی سەرەكییشی پشتگوێ خستووە، كە بریتین لە:
یەكەم: چۆنێتی گەڕانەوەو بەدەستهێنانی متمانەی ناوخۆ لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە.
دووەم: ئەوەی دەكرێت جێی سەرنج بێت لە كارنامە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكەی كابینەی نوێی حكومەت ئەوەیە كە كۆمەڵێك ئامانجی گەورەی دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەوەی جێی داخە بۆ ئەم كارنامەیە ئەوەیە كە بۆ جێبەجێكردنی، ریزبەندی بۆ ئەولەوییەتەكان نەكراوە، چونكە راستە سەرجەم ئامانجەكانی كارنامەی كابینەكە ئامانجی قووڵ و جێگای سەرنج و گرنگن، چ لە پەیوەندی بە خەم و خواستی هاووڵاتیانی ئاسایی كوردستان بێت، یان لەسەر ئاستی دانانی چارەسەر بۆ دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەناوخۆو لەگەڵ دەوروبەرو لایەنەكانی دەرەوەدا. لەبەر ئەوە بەپێی تێڕوانینی ئابوورییانەی من كارێكی پێویستە كە حكومەتی نوێ لە پەیوەندی بە هاووڵاتییانی ئاساییەوە خاڵ لەسەر پیتەكان دابنێت، ئەویش لە رێی دانانی بناغەیەك بۆ ئەوەی متمانەیەكی نوێ دروست ببێتەوە لە ئاست حكومەتدا، كە خەریك بوو ئەو متمانەیە لەگەڵ كابینەی پێشوودا لەرزۆك دەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی كابینەی پێشوو دوای سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوورییەكە بە ناچاری كۆمەڵێك رێكاریی گرتەبەر، كە خۆی لە بڕینی بەشێكی گرنگی موچەی موچەخۆران بەناوی پاشكەوتی موچەدا دەبینیەوە، تاوەكو نەدانی ماف و موستەحەقاتەكانی بەڵێندەر و كۆمپانیاكان، بەم شێوەیە حكومەتی پێشوو كەوتە ناو پەیڕەوكردنی ئەم كاروكردەوە هاودژە ئابوورییانە كە بەناچاری نەك بەئارەزوومەندانە دەبووایە لەو كات و قۆناغەدا جێبەجێی بكردایە. بۆیە پێویستە بەرپرسانی باڵای كابینەی نوێی حكومەت كە ئومێدی سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، ئەم راستی یە باش بزانن، كە كاروكردەوەی ئابوورییانەی كابینەی پێشوو دژی رێسا و یاساكانی ئابووری بوون و بەناچاری ئەم هەنگاوانە نراون، ئەم قەیرانەش دەرئەنجامی داڕمانی بەهای نەوت بوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی كە ئێمە جڵەوی سەربەخۆیی ئابووری و سیاسیمان لە دەستدا نەبوو، ئەو دەمە حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لایەنێكی بەدی نەكرد، كە هاوكاری و پاڵپشتیی بكات، هەروەها نەیتوانی قەرزیش لە دەرەوە بكات، ئەوەبوو هاووڵاتی ئاسایی و بەڵێندەر و كۆمپانیاكان بوونە قوربانیی ئەم سیاسەت و رێكارە ئابوورییانەی كە حكومەتی پێشوو پەنای بۆ بردن، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی قەیرانە دارایی و ئابوورییەكە، كە لە راستیدا ئەم هەنگاو و كار و كردەوانە بوونەهۆی قووڵكردنەوەی قەیرانەكە لەلایەك و لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتی و بازاڕ لەلایەكی دیكەوە. لەم روانگەیەوە پێم وایە باشترە حكومەتی نوێ ئەم خاڵە بكاتە دەستپێك و كاری لەسەر بكات. مەبەستم ئەوەیە بەڵێنی گەڕاندنەوەی سەرجەم شایستەكان بدات شایستەی كۆمپانیا و بەڵێندەر و فەرمانبەران لە نزیكترین دەرفەتدا كە مومكین بێت. كە دەكرێت بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەكی تێروتەسەل و پلەبەندی دابنرێت، بەم بەرنامەیەش دەكرێت متمانەی هاووڵاتیان و بازاڕ بگەڕێنرێتەوە.
بنەماكانی سەركەوتنی كارنامەی هەر وەزارەتێك
بەرنامەی ئابووریی حكومەت زۆر دەوڵەمەندە لە روانگەی ئەو ئامانجانەی دەستنیشانی كردوون بۆ ئەوەی بەدەستیان بهێنێت، بەڵام لەبەرامبەردا و لە رووی داراییەوە زۆر هەژارە، هەربۆیە بۆ سەركەوتنی كارنامەی هەر وەزارەتێك پێویستە ئەم بنەمایانەی خوارەوە لەخۆبگرێت یاخود بۆی دابین بكرێت:
1. كارنامەكە دەبێت واقیعی بێت و بەهێمنی و عەقڵانی هەنگاو بەرەو چارەسەركردنی گرفتەكانی هاووڵاتیان و كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان بنرێت، نابێت لەم رووەوە جڵەو بۆ خەیاڵ شل بكرێت. چونكە لە راستیدا ئەو بەرنامەیەی لەلایەن ئەم حكومەتەوە دانراوە پێویستی بە پاڵپشتیی گەورە و زۆری دارایی هەیە، كە ئەمە نە لە بەردەستی حكومەتی پێشوودا بووە و نە ئێستاش لەبەردەستی حكومەتی نوێدایە.
2. پێویستە ئەم كارنامە وەزارەییە لەناو كابینەكەدا گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ریزبەندی بۆ جێبەجێكردنی ئامانج و كارەكان دابنرێت، تاوەكو نزیك بێتەوە لە چارەسەری گونجاو بۆ كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەش بە رەچاوكردنی توانای حكومەت لە بواری جێبەجێكردندا.
چەند بەرەیەك كە پێویستە حكومەت كاریان لەسەر بكات
كەس لەدژی دانانی بەرنامەیەكی هاوبەشی دەوڵەمەندی حكوومی نییە، كە هەمووان لەسەری رێكبكەون، بەڵام لەسەرەتادا دەبێت ئەو بەرنامەیە لە رووی كردارەوە توانای جێبەجێكردنی تێدا بێت، چونكە پەرلەمان و راگەیاندن و پارتەكان و ئۆپۆزسیۆن (ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بوونی هەبوو) هەر هەموویان پێكەوە چاودێریی توانای حكومەت دەكەن، بۆ جێبەجێكردن و هێنانەدیی ئامانجەكانی ئەم بەرنامەیە، هەروەها بۆ لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی كارنامەكەی حكومەتیش، پێویستە بەڕێوەبەرانی هەرێمەكە لەسەر ئاستی چەند بەرەیەكی سەرەكیدا لە ئامادەباشیدا بن و كار بكەن، لەوانە:
یەكەم : هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی داهاتی نوێ كە ببێتە پاڵپشت بۆ گەنجینەی دارایی هەرێم. ئیدی سەرچاوەی ئەو داهاتە سامانێكی راستەقینە، یان سامانێكی دارایی بێت.
دووەم: واڵاكردنی دەرگا لەبەردەم گەورەكۆمپانیاكانی جیهانی بۆ پشكنین و رووپێوكردنێكی جیولۆجی و گەڕان بەدوای دەرامەتی نوێ دا، لە سەر خاكی هەرێم بێت، یان لەژێر خاكی هەرێم بێت، لەگەڵ گەشەپێدان و برەودان بەو دەرامەت و داهاتانەی لەبەردەستدان.
سێیەم: ئەوەی پەیوەست بێت بە بواری دارایی و ئابوورییەوە، پێویستە ژیان بۆ سیستەمی بانكی بگەڕێندرێتەوە لە هەرێمی كوردستاندا و چیتر چارەسەرەكان دوانەخرێن، كە نزیكەی سێ دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە، لەگەڵ رێكخستنەوەی سیستمی باج و پێداچوونەوەی بە ئاڕاستەیەك بۆ ئەوەی لە رێی باجەوە داهات و دەرامەت بۆ گەنجینە بەدی بهێنرێت. لەلایەكی دیكەوە دەبێت كار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكان لەگەڵ بەغدا بكرێت، بۆ ئەوەی هێندەی دەكرێت داهات و دەرامەتەكانی هەرێمی جێگیر و بەردەوام بن.
چوارەم: پێویستە بیر لە جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە بكرێتەوە، كە بە تەنیا كەرتی تایبەت لە رێی دەرفەت ڕەخساندن بۆ ئەم كەرتە ئەنجامیان بدات، بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەیەك بۆ بنیاتنانی ژێرخانی هەرێم، بەتایبەتی پرد و رێگاكان و رێگادان بە ئیدارەدانیان بۆ ماوەیەكی دورودرێژ، چونكە ئێمە دەزانین یەكێك لە خاڵە ئیجابییەكانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە هەڵكەوتە جوگرافییە نایابەكەی، كە دەكرێت لە رێگەی بازرگانیی ترانزێتەوە داهات و دەرامەتی دارایی زۆر گەورە بەدەست بهێنێت، ئەمەش بەبێ بوونی ژێرخانێك لە رێگاوبانی خێرا نایەتەدی كە رۆژهەڵات و رۆژئاوای هەرێم پێكەوە ببەستێتەوە. هەر لە بواری بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەرێمەوە پێویستە بیر لە دروستكردنی بەنداوی گەورە بكەینەوە، وەكو بەنداوی بێخمە كە داهات و دەرامەتێكی ئابووریی گەورەی دەوڵەمەندی هەیە، ئەمەش دەكرێت لە رێگەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بەناوبانگەوە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ جێبەجێ بكرێت، بۆ نموونە 25 ساڵ، ئەو كۆمپانیایە مافی بەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داهاتەكانی بەنداوەكەی هەبێت و دواتر موڵكدارێتیەكەی بگوازرێتەوە بۆ حكومەت.
ر دوو ئیشكالی گەورە كە ناكرێت ئاماژەیان پێنەكرێت
بۆ شرۆڤە و قسەكردن لەسەر كارنامەكە ناكرێت باسی ئەو دوو ئیشكالیاتە گەورەیە نەكەین، كە هەرێمی كوردستان تووشی بووە، ئەوەش بریتین لە:
1. ئیشكالیەتی دەوڵەت و هەرێم.
2. ئیشكالییەتی كەرتی گشتی و تایبەت.
واتە هەندێكجار ئێمە بە شێوەیەك رەفتار دەكەین كە وەكو ئەوەی دەوڵەت بین، هەندێك جاریش لە سیاسەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیدا وەكو هەرێمێكی بچووك هەڵسوكەوت دەكەین، لێرەدا وا پێویست دەكات بەپێی واقیع مامەڵە بكەین و پێگەی راستەقینە و فیعلیی ئابووری و سیاسیی خۆمان بزانین و وردە وردە و بە بێدەنگی خەونەكان دەستەبەر بكەین. هەروەها دەبێت سوود لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا وەربگرین و بۆ چارەسەركردنی كێشە هەنووكەیییەكان و كێشە مامناوەندییەكان لە رووی زەمەنەوە واقیعییانە مامەڵە بكەین و كێشە درێژخایەنەكان بۆ كاتی خۆی هەڵبگرین.
سەبارەت بەئیشكالییەتی دووەمیش، ئیشكالییەتی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، ئەوا دەبینین لە كارنامەكەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وا دەردەكەوێت، كە كەرتی گشتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاراستەكردن و بەڕێوەبردنی ئابووری لەناو هەرێمەكەدا سەركردە و پێشڕەو بن، ئەمە لەكاتێكدا لەسەرجەم گوتار و لێدوانەكانماندا وادەردەخەین كە گرنگە و پێویستە كەرتی تایبەت رۆڵ و پێگەی تایبەتمەندی و پێشڕەویی خۆی لە بەڕێوەبردنی ئابووری و ئاراستەكردنیدا ببینێت، ئالێرەدا وا پێویست دەكات جیاكردنەوەیەك بكەین، لەنێوان ئەوەی دەكرێت لە رێی حكومەتەوە جێبەجێ بكرێت، لەگەڵ دانانی ئەولەوییەتەكان و دەستنیشانكردنی ئەوەی كەرتی تایبەت دەتوانێت جێیەجێی بكات، كە بە هەمان شێوە دەبێت ئەولەوییەتەكانی دیاری بكرێت. دواتر دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە هەروەكو چۆن كەرتی گشتی كەرتێكی نیشتمانییە، ئەوا بەهەمان شێوە كەرتی تایبەتیش كەرتێكی نیشتمانییە، واتا باوەڕمان بە دڵسۆزیی كەرتی تایبەتیش هەبێت و بە ترسەوە لێی نەڕوانین.
بەمشێوەیە پێویستە هەردوو ئەم ئیشكالییەتە لەبەردەم داڕێژەرانی سیاسەتەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە هەرێمەكەدا روون و ئاشكرا بن.
گرنگیی پارێزگاریكردن لە ئارامی و سەقامگیری
لێرەدا خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە، كە لەهەمان كاتدا خاڵێكی سەرەتایی و روون و ئاشكرایە، ئەویش بریتییە لە پارێزگاریكردن لە سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی هەرێمەكە، بە تایبەتی ئەو سەرۆكەی كابینە وەزارییەكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەبات، پسپۆرایەتی و شارەزاییەكی باشی لە دۆسێی ئەمنی دا هەیە، لەبەر ئەوە من پێم سەیر نابێت كە ئەگەر دوژمنانی گەلی كورد و بەرهەڵستكاران لە ناوخۆ و دەرەوە بیانەوێت لە رێی دۆخە ئەمنی و سەربازییەكەوە پەیامە سیاسی و ئابوورییەكانیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بنێرن. هەروەكو چۆن لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینە وەزارییەكەوە چەند رووداوێك روویانداو راستیی ئەم پێشبینی و ئەگەرانەیان ئاشكرا كرد، كەواتە دەتوانرێت بوترێت هیچ كارنامەیەكی حكومەت بێ بوونی ئارامی و ئاسایش و ژینگەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی سەقامگیر و تەندروست و ئارام بوونی نییە.
پرسی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەرەكی
مەسەلەیەكی دیكە لە هەردوو بواری سیاسی و ئابووریدا هەیە، كە من دەمەوێت لەخاڵی لاوازییەوە بیگۆڕین بۆ خاڵی بەهێزی، ئەویش بریتییە لە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەكییەوە، بەوڵاتانی نزیك و دووریشەوە، لە كابینەكانی پێشوودا زۆر هەوڵ لەم بوارەوە هەبوو، كە جێگای ستایش و دەستخۆشییە و هەنگاوی گەورە و گرنگ لەمبوارەدا نراوە و ئەركی حكومەتی نوێیە لەسەر پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانە و قوڵبوونەوە لەناو ئەو پەیوەندییانەدا بەردەوام بێت و لە بەرژەوەندیی هەرێمەكە ئاراستەیان بكات.
دەبێت شەڕی گەندەڵی شەڕێكی راستەقینە بێت
سەبارەت بە روبەڕووبوونەوەی گەندەڵییش كە لە كارنامەكەی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر جەختی لەسەر كراوەتەوە و جاڕی شەڕ لە دژی دراوە، من پێم وایە خاڵی سەرەكیی سەركەوتن بەسەر گەندەڵیدا لەوەوە دێت كە لەخودی ئەڵقە نزیكەكانی نێو نوخبە سیاسی و ئابوورییەكانەوە دەست پێ بكات، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی پەیامێكی باش و ئیجابی بێت، بەوەی هەڵگیرسانی جەنگ دژی گەندەڵی جەنگێكی راستەقینەو جددییە، نەك لە خوارەوە دەست پێ بكرێت و تەنیا لێپرسینەوە لە فەرمانبەرە بچووكەكان بكرێت و لەسەر هەق و ناهەق بیانكەنە قوربانی، ئەمە لەلای هاووڵاتیان جگە لە ناڕەزایەتی و گلەیی و رەخنە زیاتر، هیچی دیكەی لێناكەوێتەوە، هەربۆیە واپێویست دەكات كە حكومەت دیواری ئەستووری گەندەڵی ببڕێت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییش پێویستمان بە بەرنامە و پرۆگرامێكی گشتگیر و سەرتاسەری هەیە.
سڕینەوەی ئاسەوارەكانی شەڕ
وەكو لە سەرەتای بابەتەكەدا ئاماژەم پێدا، كابینەی نوێی حكومەت میراتێكی قورسی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی حكومەتەكانی پێشووی كەوتۆتە سەرشان، كە لە شوێنەوارە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی شەڕەكانی پێشوو لە دژی گەلی كوردستان، هەروەها شەڕەكانی دواتریش لە دژی ئەم گەلە رەنگدەداتەوە. ئەوەتا شاڵاوەكانی ئەنفال هێشتا لەسەر بیرو سایكۆلۆژیای گەلی كوردا نەسڕدراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە هێشتا نەتوانراوە شوێنەوارەكانی بە شێوەیەكی راستەقینەر بنبڕ بكرێن، تەنانەت شوێنەوارەكانی شەڕی تیرۆرستانی داعشیشی هاتە سەرو، بەهەمان شێوە تەواوكاریی ئازارو مەینەتییەكانی كۆمەڵكوژییەكانی پێشووەو كاریگەریی توندی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە، هەروەكو چۆن هەموو شەڕە تەقلیدییەكانی حكومەتەكانی پێشووی عێراق دەرهەق بە گەلی كوردستان وێرانكەر بووە، هەربۆیە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە خراپەكانی ئەم شەڕو ماڵوێرانیانە ئەركی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە بەرنامەو پلانێكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی سەرتاپاگیر و گشتگیری هەبێت، لەمەشدا چارەسەرەكان ناوخۆیی بن و لەگەڵ ناوەندا هەماهەنگی و هاوكاری هەبێت، پێشتر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان دیراسەتێكی گشتگیر و فراوانی داڕشتبێت بۆ چۆنێتیی لەناوبردنی ئەم شوێنەوارە خراپانە، پێویستە ئەنجومەنی وەزیرانیش پاڵپشتی و هاوكاریی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی ئەم دیراسەتە بكات.
بچووككردنەوەی هەیكەلی حكومەت
هەر لەناو كارنامەكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەرنجی راكێشام، زەرورەتی تەرشیقكردنی هەیكەلییەتی دامودەزگاكانی حكومەت و كەمكردنەوەی ژمارەی فەرمانبەرانە. كابینەی پێشوو هەندێك هەنگاوی لەم روەوە هەڵگرت، بەڵام هەنگاوەكانی شەرمنانە بوون، بە تایبەتی لە نەهێشتنی فەرمانبەری وەهمی لەنێو ئیدارەی حكومەتدا، ئیدی لە بواری مەدەنی، یان سەربازیدا بێت. لەبەر ئەوە پێویستە حكومەت بەڵێنی خۆی جێبەجێ بكات بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری وەهمی و دەبێت كاركردن لە نێو دامەزراوەكانی حكومەت و كرێ و مووچەی فەرمانبەرانی حكومەت بە بەرهەمدارییەوە گرێ بدرێتەوە، ئەمەش بەرنامەیەكی دیكەی حكومەتی دەوێت كە بەرنامەیەكی درێژخایەن بێت بۆ كۆتایهاتنی ئەم میراتە بەجێماوە لە بوونی كەرتێكی گشتی بێ بەرهەم. یەكەم هەنگاوی ئەم بەرنامەیەش بریتییە لە چالاككردنەوەی دامەزراوەی ئەنجومەنی راژەی فەرمانبەران. لەكۆتاییدا زۆر بە پێویستی دەزانم راسپاردەی ئەوەم بۆ سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، كە هیوای هەموو سەركەوتنێكی بۆ دەخوازم، پێویستیشە ئەنجومەنێكی باڵای ئابووریی راستەقینەی لەبەرزترین ئاستدا هەبێت و بەردەوام ئەم ئەنجومەنە دیراسەتی كێشە ئابوورییەكان بكات و پێشنیاری چارەسەركردنیان بۆ بكات، نەك ئەو ئەنجومەنە ئابوورییە رواڵەتییەی ئێستا كە نەمان بینی هیچ دەستكەوتێكی راستەقینەی هەبێت.
Top