پڵنگەكانی ئێمەن... قازی ئەوێ.
July 31, 2019
وتار و بیروڕا
ئەوەی لە سەماوە ڕویدا درێژە پێدەری هەمان سیاسەت و بیركردنەوەی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێڕاقە بەرامبەر بە ئێمە، ئەوان هەمیشە بە هاووڵاتی پلە دوو سەیرمان دەكەن، ئەوەندەی بتوانن سەركوتی تاك بەتاكی ئێمە دەكەن. ئێستا سەردەمی سزا و كوشتنی بەكۆمەڵ بەسەرچوو، كاتی سزای تاكە لە لایەن ئەفسەر و كاربەدەستانی حكومەتی عێڕاق.
بە تۆپ، تەیارە، ئەبرامز، بڕینی مووچە، برسیكردن، ئەنفال، كیمیاباران، كۆمەڵكوژی، داخستنی فڕۆكەخانە، بێسەروشوێنكردن، بەعەرەبكردن، راگواستن...هتد. نەیان توانی كورد لەناو ببەن و ئاسۆی لێڵ بكەن هیچ فشارێك چۆكی بەگەلی كورد دانەدا بەڵكو ڕشتتر پێداگریمان كرد لە بەدەستهێنانی ماف. بۆیە ئێستا كەوتونەتە گیانمان، دەیانەوێت باوڕمان لاواز بكەن و شكۆمان بشكێنن.
رژێمی بەعس نەیتوانی، چۆن ئێوە دەتوانن بە رێگریەك لە كوردایەتیمان كەمبكەنەوە، ئەوەی لە سەماوە ڕویدا هەمان ئەو هزرەیە دەیانەوێت بە هۆكاری جیاواز قسە و بڕیاری خۆیان بەسەرمان بسەپێنن. رێگریكردن لە كەسوكاری قوربانیان لەوەی بە ئاڵای كوردستان بچنە دیدەنی ئێسك و تاڵە قژی ئەو كەسانەی بەتاوانی كوردبون لە ساڵی 1988 لە بیابانی سەماوە بە زیندویی ژێرگڵكران. لە چوارچێوەی هەمان بەرنامەیە لەلایەن بەشێك لە رەگەز پەرست و مێشك داخراوانی عەرەب داندراوە بۆ ئەوەی هەستی پۆڵاینی كورد لاواز بكەن، چاوەڕێبن ئەم خەیاڵە پوچەش لەگۆڕ دەنێین.
ئەوەی جێگەی داخە رێگریكردن لەوەی كەسوكاری قوربانیان بە ملپێچكردنی ئاڵای كوردستان بڕۆنە سەیری گۆڕی بەكۆمەڵ، لەبەر چاوی راوێژكارانی سەرۆك كۆماری عێڕاق ڕویدا، ئەوە لە كاتێكدایە بە پێی دەستوری عێڕاق ئاڵای كوردستان بەفەرمی دانی پێداندراوە وەك ئاڵای هەرێمی كوردستان_ عێڕاق.
ئەو بۆرە كوردانە پڵنگی ئێمەن، ئەوەندەی بۆیان بلوێ بە دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستاندا دەڕشێنەوە، پیشەیان لێدانە لە دەزگاكان. ناتۆرەی خراپ هەڵدەبەستن، ئازادی تاك و پێشێلكردنی ماف، لای دەزگائەمنیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆتە وێردی زوبانیان، دەستپێك و دواخاڵی دەربڕینیان مافی تاكە. ئەی بۆ لەبەردەم ئەفسەرێكی پلە دووی عێراق ئەوها لاواز و شپرزەن دەستدەكەن بە كڕوزانەوە؟ ئەی ئێوە گەورە راوێژكارانی سەرۆك كۆماری عێڕاق نین؟ ئاخو دەبێ لە پەنای كامێرا، لەبەردەم ئەفسەرانی باڵا و كاربەدەستانی عێڕاق چۆن هەڵوێست و چۆكدادانێكتان هەبێت؟
دەبێ ئەوە بزانن ئێوە بە خێری عەرەب لەو پۆستدا نین، لە پشكی كورد گەیشتون بەو ئاستە دەبێت بوێریتان هەبێت، بۆ داكۆكی لە مافی كورد لەوێن لە چوارچێوەی دەستور. بەلانی كەم رێگە مەدەن پێشێلی ئەو دەستورە بكرێت كە ئێوە لە بازنەیدا دەخولێنەوە. بۆ ئەوە لەوێن ئەو ماددانەی لە بەرژەوەندی عەرەبە هەوڵی سەرخستنی بدەن لەسودی كوردیش بێت پەراوێزبخەن؟ خۆتان لەسەر پشكی ئێمە لای كاربەدەست، مەرجەع و سەرۆك هۆزەكانی عەرەب دەكەن بە هەنگوین!
شەرم داتان بگرێت لەوەی راوێژكارانی سەرۆك كۆمار بەقەد موسەننائەمین ئەندام پەرلەمانی عێڕاق هەڵوێستتان نەنواند. ئێوە هاودەستی چەند قین لەدڵێكی عەرەب دەكەن بەرامبەر كورد، لە پێناو پۆست و پارە لەبەردەم چەند هێزێكی عێڕاقی بونەتە قاز.