رێكخەر كێ دەكاتە جێگری سەرۆك؟
July 28, 2019
وتار و بیروڕا
ئەوەی جێگە باسە یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بڕیارێكی قورسە بۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، دوێنێ لە كۆبونەوی جڤات بە ئامادەبونی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن بڕیاریاندا ئەركی دەستنیشانكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بكەوێتە ئەستۆی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، ئەمەش ئەركێكی سەختە بۆ رێكخەری گشتی.
بەم بڕیارە جڤات ئەركی خۆیان ئاسان كرد بەوەی ئاریشە و بڕیاری سەختیان لە كۆل خۆیان كردەوە دایان بە كۆڵی رێكخەری گشتی، ئەمە بۆ ئەوەی لۆمە نەكرێن لەلایەن ئۆرگان و كاندیدان، رەهەندێكی تر بوە هۆی ئەوەی رێكخەری گشتی لە نێوان دوو بەرداش مایەوە، هەر بڕیارێك بدات لایەنی تر ناڕازی دەبێت و گلەیەیی ئاراستە دەكات.
ئەگەری ئەوە هەیە بە ئامانج رێكخەری گشتی خرابێتە بەردەم ئەم هەڵوێستە، چونكە لە ئایندەیەكی نزیك كۆنگری بزوتنەوەی گۆڕان دەبەسترێت یەكێك لە كاندیدان عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی ئێستای بزوتنەی گۆڕانە، لە ئێستادا بە هەڵبژاردنی هەریەك لەمحەمەد تۆفیق رەحیم و مستەفای سەید قادر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، كاردانەوە لای ئەوەی تریان دروست دەكات.
هەردوكیان خۆیان بەشیاو دەزانن بۆ ئەم پۆستە لە سەرۆكایەتی هەرێم، بە پێی قسەی گۆڕانخوازانیش بێت هەردووكیان شیاوی پۆستی گرنگن، لە ئێستاشدا هەردووكیان قوربانیاندا لە پێناو ئەو پۆستە بەوەی مستەفای سەید قادر دەمێكە چاوی بڕیوەتە پۆستی جێگری سەرۆك، داوای هیچ پۆستێكی حكومی نەكرد لە كابینەی نۆیەم، هەرچەند پیشتر وەزیری پێشمەرگە بوو بەشی ئەوە سودی لە بزوتنەوەی گۆڕان بینیوە.
لەلایەكی ترەوە محەمەد تۆفیق رەحیم دەستی لەكار كێشایەوە، پێشتر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەی گۆڕان بوو، هەرچەند لە 25/7/2019 ماوەی یاسایی خانەی راپەڕاندن كۆتایی هات، بەڵام ئەوەی جێگە باسە دەست لەكاركێشانەوەی هەر لە خۆوە نەبوو، بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكە پاڵێوراوان بۆ پۆستی حكومی نابێت ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن بن، ئەم هۆكارە بوە هۆی دەست لە كاركێشانەوەی، بەڵام ئاخۆ بە خۆ پاڵاوتنێكی ئاسایی بێ ئەوەی رەزامەندی یان رونتر بڵێین ئۆكەی رێكخەری گشتی وەرنەگرتبێت بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە بەرچاوڕونی نەبێت بڕیاری لەم چەشنە دەدات؟
هەرچەند لە سەرەتا باس لەوە دەكرا مستەفای سەید قادر بەربژێری گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمە بە قسەی میدیاو گۆڕان خوازان یەكلا ببویەوە، كەچی لەم دوایە دەنگۆی بەربژێر بونی محەمەد تۆفیق رەحیم باسی لێوە كرا، ئەگەری بەهێز هەیە ئەم پۆستە لە بەرژەوەندی ئەو ئەندامە دەست لەكار كێشاوەی خانەی راپەڕاندن و زاوای نەوشێراون مستەفای دامەزرێنەری بزوتنەوەكە یەكلا ببێتەوە. هەرچەند ئەم بڕیارە رێكخەری گشتی خستە دوڕیانێكی سەخت و تاقیكردنەوەیەكی قورس.
دەبێ ئەوەش بزانین رێكخەری گشتی پشتی خۆی لاواز ناكات، چونكە هەڵبژاردنی لە بەردەمە هەر بڕیارێك كاریگەری دروستدەكات لەسەر هەڵبژاردنەوەی وەك رێكخەری گشتی. بۆیە دەیەوێت دەنگی كوڕەكانی رێكخەری كۆچكردو بەدەست بێنێت بۆ ئەوەی پشتی خۆی قایم بكات دووبارە بونی بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان مسۆگەر بكات.