سەیری سیاسەتی پەکەکە بکەن.

سەیری سیاسەتی پەکەکە بکەن.
پەکەکە، پارتی بە حیزبی کرێگرتەی تورکیا دەزانێت لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی پارتی گرێبستێکی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، کە بتوانێن دوای خۆمالیکردنی نەوت، نەوتی خۆی لەرێگای تورکیا بفرۆشێت، بەپێی رێککەوتنەکە کە وڵاتێک لەگەڵ هەرێمێکی کردووە، هەرێم لە ئاستی وڵات دەبیندرێت، پەکەکە پێی وایە مادەم تورکیا لەگەڵ ئەوان ناکۆکن نابێت حکومەتی هەرێم تەنانەت بۆ بژێوی هاوڵاتیانیش هیچ مامەلەیەکی لەگەڵ تورکیا هەبێت.

لە کاتێکدا بۆخۆی حەڵالە مامەلە لەگەڵ حەشدی شەعبی بکات، رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکات، لە بەرژەوەندی حیزبی خۆی بەبێ ڕەچاوکردنی گوزەرانی ئەو هاوڵاتیانەی لە شنگاڵ و لە ناوچە داگیرکراوانەی دیکە هەن. ئاساییە بەرگری لە یەکپارچەی خەکی عێراق بکات، شنگاڵ بە بەشێک لە خاکی عێراق بزانێت، هەڕەشەی دروستکردنی نائارامی لە باشوربکات، شەرم نەکەن لەوەی چونەتە ناو میلیشیایەک کە دوێنێ پێشمەرگە لوتی شکاندن و پێشمەرگەیان شەهید کردووە.

هەرکەسێک سەرە واوێک لە سیاسەت دەربکات و ویژدانی بکاتە دادوەر لەئاست پرسە نەتەوەییەکان بۆی رووندەبێتەوە، کە کێیە بەخەم نەتەوە ئەرێ پارتیە یانژی پەکەکە؟ کێیە کرێگرتەی ئیقلیمی پەکەکەیە کە هاوشێوەی عەسائبی ئەهل حەق و توندئاژۆ تائیفیەکانی دیکە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەدەکرێن، یان پارتی کە بازرگانی لە پێناو بژێوی هاونیشتمانیان دەکات؟

بۆ شانۆی ئەوجارە کە قەرارە باشوری کوردستان مەسرەحی شانۆکەبێت، پەکەکە وەک ڕۆڵگێڕی سەرەکی دەبیندرێت، رووداوەکەی هەفتەی ڕابردوو مەشهەدێکی ئەو شانۆگەریە بوو، هەڕەشەکانی ئەیاد جەمالەدین و دۆران کالکان و قەیس خەزعەلی و بەسێ هۆزات کە یەک ئەدەبیاتی ئاخافتن و دەنگەکە لەیەک کونەوە دەردەچێت ڕەنگە بەشی داهاتووی شانۆگەریەکەبێت، بەڵام بیرمان نەچێت هیچ کام لەو هەڕەشانە بەکردەیی دیواری توندی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەکانی هەرێم نابڕێت.
Top