ئیرادەیەكی شووم
July 21, 2019
وتار و بیروڕا
ئێستا هەموومان لەژێر بوردومانێكی بێ پڕەنسیپانەی درۆ و پڕۆپاكەندەداین. لەم دۆخەدا كە بێویژدانانە ڕاستییەكان دەشێوێندرێت، خۆڕاگری و لەخشتەنچوونی هاووڵاتیان هۆشیاری و ژیریی پێویستە. سەدان پەیج و سایت بە زمانی كوردی درۆ و دەلەسە و شەڕی دەروونی لە دژی خەڵكی كوردستان و دامودەزگە فەرمییەكان بڵاو دەكەنەوە. ئەمانە جیلی نوێ و گەنج و ئافرەت و هاووڵاتیی ئاساییان لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیا و فەزای مەجازیی ئینتێرنێت كردۆتە ئامانج.
لەخزمەت ئەجێندایەكی دیاریكراو دان و عەقڵی هەواڵگریی ناكوردی هەڵیاندەسووڕێنێت. ئامانج لێی بڵاوكردنەوەی پشێوی و تێكدانی هزر و هۆشی خەڵكە. دەیانەوێ ڕق و دووبەرەكی لەناو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان قووڵ بكەنەوە و بیگەیێنە ئاستی بەریەككەوتن. حەز دەكەن خەراپحالیبوون و بێ متمانەیی لەناو كوردستانیان پەرە بستێنێت. مەبەستیانە دامودەزگە فەرمییەكان بە شتی لابەلا و وەهمی سەرقاڵ بكەن و حكوومەت نەپڕژێتە سەر بەرنامە و كاری خۆی. ئیرادەیەكی شووم هەیە دەیەوێ ویست و دەنگی خەڵكی كوردستان موسادەرە بكرێت كە ساڵی ڕابردوو لە هەڵبژاردندا دەنگی بە كوردستانی بەهێز داوە.
دروشمی كوردستانی بەهێز و سەقامگیری و بووژانەوە، هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا، هەموویانی تەنگاو كردووە. تێپەڕاندن و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەوژمە دیقەت و هۆشیاریی گەرەكە. گرنگترین خاڵ ئەوەیە حكوومەت و دەزگە فەرمییەكان لە بڕیار و لێكدانەوەكانیان نەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو شەڕە دەروونییە و بەرنامە و كاری خۆیان بكەن. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە پێویستە بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن لە ڕێگەی یاسا سنوور بۆ ئەم شەڕە دەروونییە بگیرێت كە لەگەڵ هاووڵاتیاندا دەكرێت. دەبێ بیر لەوە بكرێتەوە كە چیی بكرێت تەكنەلۆژییای گەیاندن لە خزمەت هۆشیاری و پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا بێت نەك شێواندنی كۆمەڵگە و ڕووخاندنی ئینسانی كوردستانی.