خاك و خوێنیان دەوێت
July 14, 2019
وتار و بیروڕا
ئەو نەفەسە كاتێك بێدەنگ و كپ بووە كە عێراق لە دۆخی لاوازیدا بووبێت یانیش عەرەبە شیعە و سووننەكان خەریكی گیانی یەكتری بن و مەستی تاییفەگەری بن. لە بەهێزبوونەوە و سەقامگیریشدا هەر هەموویان بە عەلمانی و دینییانەوە لەسەر دژایەتیكردنی مافەكانی گەلی كوردستان هاوڕان و بۆیشیان بلوێت دەست دەوەشێنن.
هەموو ئەو دەنگە شۆڤینییانەی دەبیسترێن لە یەك كانیاودا ئاو دەخۆن. هەمان دەنگی داعش و حەشدەكانن كە پەلاماری كوردستانیان دا. كۆپیی زەرقاوی و ئۆسامە و بەغدادی و عەلی كیمیاوین. ئەوانن كە ئەنفال و كیمیاباران و تەعریبیان دەكرد و كوردانی ئێزیدییان جینۆساید كرد.
ئێمەی كوردستانی بەهۆی قەدەری مێژووو جیۆگرافیاوە لەگەڵ ئەم عەقلییەتە كەوتووینەتە چاڵ كە عەقڵییەتی فەتح و داگیركاری و فراوانخوازی و تواندنەوەی نەتەوەكانە. دراوسێیانین و دەبێ ماوە ماوە چاوەڕوانی هەموو جۆرە خەراپەكاری و دەستدرێژییەكانیان بین. بینیمان دەستوور و چوارچێوە یاساییەكان و تەدەخولی دەولیش ئەو تواناییەیان نییە نەفەسی شۆڤینییەت لە عێراقدا بوەستێنین. دڕندەیی جیرانەكان و بێ هەڵوێستی جیهانیشمان لە كاتی ڕیفراندۆمدا بینی. ئەوان بە نیاز بوون كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵن و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو پیلانەی ئەوانی وەستاند.
لەم دۆخە ئاڵۆز و پڕ لە ڕووداوی لەناكاوەدا، لەناو ئاگری جەهل و تیرۆر و ئینكاردا بژاردەكانی گەلی كوردستان چین؟ هەموو ڕووداوەكانی سەدەی ڕابردوو و دوای 2003 و پاش ڕیفراندۆم یەك بابەتی جەوهەریمان پێ دەڵێن، بۆ ئەوەی بمێنی دەبێ بەهێز بیت. بۆ ئەوەی هاوشانی عێراق بین دەبێ كوردستان كار لەسەر بەهێزبوونی خۆی و دامەزراوە شەرعییەكانی بكات. حزبە كوردییەكان وانە لە مێژوو و ڕووداوەكان وەربگرن و چیتر ئەوەندە خۆیان بچووك نەكەنەوە و فێر بن كە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتی سەرەكییە پاشان كورسی و مەنسەب و داهاتی حزبەكان. ئەگەر كوردستان نەبێت حزبەكانیش نابن و هیچ مانایەكیان نامێنێ.
لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا لە بابەتی كەركووك و كێشەكانی نێوان كوردستان و عێراقدا بەبیریان بێت كە كێشەی كەركووك تەنیا ئەوە نییە پارێزگارەكەی لە فڵان باڵ و فیسار باڵی حزبێك بێت، بەبیریان بێت كێشەی هەرێم و بەغدا كێشەی مووچە نییە بە تەنیا. كێشەكان گەورە و مێژوویین، كێشەی خاك و جیۆگرافیا و نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و خوێنن. شۆڤێنییەكان بە هەموو ڕەنگ و جۆرییانەوە خاك و خوێن و سامان و بوون و نەبوونی تۆیان دەوێت. ئەم حەقیقەتانە هەن و زۆریش زیندوون و نابێ لەبیر بكرێن..