وتارێك لە تەموزدا زستانی هێنا.

وتارێك لە تەموزدا زستانی هێنا.
لەیەكەم وتاری بەڕێز( مەسرور بارزانی) سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاری لە پێشینەی بەرنامەی حكومەت بریتی دەبێت لە بنبڕكردنی كەسانی گەندەڵكار، ئەمەش یەكێكە لە گرنگترین هەنگاوەكانی حكومڕانی، دەبێتەخاڵی بەهێزی سەركەوتن بۆ كابینەی نۆیەم. لە وتارەكەیدا بارزانی ئەوەی خستەڕوو رێگە نادرێت هیچ ئەندامێكی كابینەكەی پلە و پۆست و یەكە كارگێڕیەكەی بخاتە بەرژەوەندی حزب.
ئەوە ڕوونە كابینەی نوێ‌، حكومەتی تێكڕای خەڵكی كوردستان دەبێت، لە هەموو كونجێكی سنوری حكومڕانی ئەرك و ماف لەبەرچاو دەگیردرێت لەگشت داموو دەزگا كارگێڕیەكان خزمەت بە هاووڵاتیان دەكرێت، هەوڵی بنبڕكردنی رۆتین دەدرێت لە كاری حكومەت. لەم وتارە بەئاشكرا باس لەوەكرا، ئەوانەی رەگی گەنداڵكاریان تێدا رواوە ریشەكێش دەكرێن ئیتر دەستنادەن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی لەحكومەت، هۆشیاركردنەوەیەكیش بوو بۆ ئەو وەزیرانەی متمانەیان وەرگرت لە پەرلەمان بۆ كاركردن لە كابینەی نوێ‌، كاری حزب و حكومەت تێكهەڵكێش بكەن لەم كابینەیەدا جێگەیان بۆ نابێت.
ئەوانەی لە بەڕێوەبردن نەیان توانیوە دەستپاكبن ئەوا دەبێت ئێستا بەكام دوعا خۆیان گیرا بكەن؟ لەوەی توشی سزای قورس نەكرێنەوە، گشت ئەو رێگەیانە دادەخرێن دەستی حزبیان لە كاری حكومەت زیاد كردبوو، ئەمە پەیامێكە بۆ گشت حزبەكانی كوردستان بێ‌ بواردن، لەوەی رێگە نادرێت دەستبخەنە كاری حكومەت، سەرۆكی حكومەت هۆشیاریدا بەو كەسانەی بەناوی بەرپرس بوون لە حزب بازرگانی دەكەن، خێرو بێری وڵات بە تاڵان دەبەن و هەرزان فرۆشی دەكەن بۆ وڵاتان لە پێناو گەرمبوونی گیرفانی كەسی.
گشت قسەكانی سەرۆكی حكومەت لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان رەنگی دایەوە ئەمەش گیانی زیندووبونەوەی كردە بەر خەڵكی كوردستان بەگشتی، دەمێك بوو چاوەڕوانی حكومدارێكی لەو جۆرە بوون جیاوازی ئاستەكانی خەڵكی كەمبكرێتەوە، رزگاربین لە چینایەتی. ئەم پەیامە لە تەموزدا زستانی هێنا بۆ گەنداڵكاران گیانیان كەوتە لەرزین، دەزانن ئاسان ڕەتنابێت بەسەریاندا. لە قسەكانی سەرۆكی حكومەت بە ڕوونی درك بەوەكرا دەبێتە تیغ بۆ گەندەڵكارن، ئاماژەی بەوەشكرد هیچ كەسێك لەسەروی یاسا نیە بواردنی بۆ ناكرێت لە سەرپێچیدا ئەگەر لە پلەی حكومی یان حزبی باڵاشدابێت.

ئەم قسانە دەبێتە هێزی یەك دەنگی و هاوڕایی لە نێوان حزبەكانی بەشداری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، لە لایەكی تر خەمێكی گەورەی دروست كرد لە دڵی ئەو لایەنانەی بڕیاریان داوە دژە حكومەتبن. ناتوانن گوتاری بەهێزی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن. كەیسی ئەوتۆ نادۆزنەوە قسەی لەسەر بكەن برینەكان بەر لەچاوی ئەوان لە لایەن حكومەت تیمار دەكرێن، واتەواتیان دەبێتە لۆمە ئەمەش وادەكات هێزی باوەڕ پێهێنانیان لای خەڵك كەم ببێتەوە.
ئەوەی گرنگە بۆ خزمەتی دۆخی خەڵك، جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە كە دوێنێ‌ لەلایەن سەرۆكی حكومەت هێڵە گشتیەكان خوێندرایەوە. كارنامەیەكی پوخت و هەمەلایەنە، ئەگەر میكانیزمی جێبەجێكردن شاشی تێنەكەوێت، لە رێگەی حزبەكان پاڕانەوە نەكرێت بۆ گەندەڵكارەكانیان و نەخرێتە منافەسەی حزبایەتی، گرنگە گشت حزبەكانیش هاوئاهەنگ بن لەگەڵ حكومەت بۆ بەرەو پێشبردنی كوردستان، تاكو بتواندرێت سەردەمی تەكنەلۆژیای سود بەخش بێتە ئارا، ئەمەش بە ئایدیای تازەی بەڕێوەبردن دەكرێت.


Top