حزباندنی ئایینی ئیسلام لەگەڵ بنەما هزری و شەرعییەكانی ئیسلامدا نایەتەوە

حزباندنی ئایینی ئیسلام  لەگەڵ بنەما هزری و شەرعییەكانی ئیسلامدا نایەتەوە

هەموو تاكەكانی موسڵمان هاوڕاین لە سەر ئەوەی كە ئایینی ئیسلام ئایینێكی ئاسمانییە و سەرچاوەكەی خوداوەندی تاك و تەنیایە، خوداش بۆ خۆی لە سەرتاسەری جیهان پەروەرینی تێكڕای مرۆڤایەتییە و پەروەرینی بوونەوەرانە و هەر بۆ خۆیشی مرۆڤی درووستكردووە، بۆیە ئایینەكەشی تەنیا یەك ئایینە و ئەویش یەكتاپەرستییە، كەواتە هیچ مرۆڤێك بۆی نییە ئایینی خودا لە سەر چینێك، یان توێژێكی تایبەتمەند قۆرخ و تاپۆ بكات و كەسانی دیكەی لێ بێبەش بكات، واتە خاوەنی ئەم ئایینە بریتییە لە هەر بڕوادارێك لە سەر گۆی زەوی، ئیدی لەهەر گۆشەو كەنارێكی ئەم جیهانە ژیان بەسەر ببات، ئەمەش بۆ خۆی ئەوە دەگەیەنێت كە بەحزبیكردنی ئایینەكە لەگەڵ بنەما گشتییەكانی ئاییندا یەك ناگرێتەوە، ئێمە ئەگەر گوزەرێك بە دەقە رەسەنەكانی ئیسلامدا بكەین، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە ئیمان و باوەڕداری بە پلەی یەكەم پەیوەندیی راستەوخۆی بە ناخی تاك و مرۆڤ خۆیەوە هەیە، هەر بۆ نموونە كەسایەتییەكی زۆر دیار دەرباری ئەو فیرعەونەی ركابەریی پەیامبەر مووسای دەكرد، بەشێكی زۆر لە راڤەكارانی قورئان بە وەزیری یەكەم سەرۆك وەزیرانی فیرعەونی لەقەڵەم دەدەن، ئەو كەسێكی ئیماندار و بەهەشتییە و هەڵوێستەكانی بە ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی ئیماندارانی سەردەمی خۆیدا بووە، بەبێ ئەوەی ئەو پیاوە بە راستەوخۆ چووبێتە بەرەی پەیامبەر مووسا و هەڵویستی راستەوخۆی ئاشكرا بكات (بڕوانە سورەتی غافر ئایەتی 40)، هەرخودی ئاسیا خانمی هاوژینی ئەو فیرعەونە یەكێكە لەو ئیماندارانەی خودا بەڵێنی بەهەشتی پێداوە بەبێ ئەوەی هەڵوێستی ئاشكرای لەگەڵ بەرەی مووسادا بووبێت، لە بەرامبەریشدا هاوژینی هەردوو پەیامبەر (نووح و لووت) ئیمانیان بە یەكتاپەرستی و پەیامبەرێتی مێردەكانیان نەبووە و دژیان جووڵاونەتەوە، لەگەڵیشیاندا كوڕی نووح و كچانی لووت هەمان هەڵوێستی دایكەكانیان هەبووە و لە بەرەی نەیاراندا بوون. لێرەوە مەبەستمە بڵێم: ئیمان و موسڵمانێتی بە پلەی یەكەم هەڵوێست و ناخی تاك بۆ خۆیەتی، هیچ كەس مافی ئەوەی نییە كەسێكی دی بخاتە خانەی ناموسڵمان و بێ باوەڕانەوە، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی وەكو كۆمەڵگەی كوردستانی زۆرینە موسڵماندا، مەگەر كەسەكە بۆ خۆی بانگەشەی ئاشكرا بۆ ئەوە بكات كە بڕوای بە یەكتاپەرستی و پەیامەكانی پەیامبەران و خوداوەند نییە.
ئایینی ئیسلام لە سەر پێنج بنەمای سەرەكی پێكهاتووە كە بریتین لە: شایەتمان، نوێژ و رۆژوو، زەكات، حەج، دواتریش ئیمان بە بوونەوەرو چەمكە پەنهانەكان، لێرەوە بۆمان دەر دەكەوێت كە ئیسلام وەكو ئایین پێویستی بەوە نییە كە ڤیزای پەڕینەوە لە هیچ مرۆڤێك وەربگرێت و دواجار بڕوانامەی ئایینداری پێ ببەخشێت. خاڵی دوەمی ئیسلام دەمێنێتەوە پابەندبوون بە شەریعەتەوە، ئەوەش دیسانەوە هەر پەیوەستە بە خودی مرۆڤەكە خۆیەوە، كە چۆن و تا چ ئاستێك پابەند دەبێت بەوەی كە خواستی شەریعەتە بۆ مرۆڤ، هەڵبەتە پابەندبوون پاداشی خودای هەیە و پابەندنەبوونیش سزا، بۆیە گرنگترین خاڵی دینداری گوێڕایەڵیی مرۆڤەكە خۆیەتی بۆ ئەوەی وەكو كەسێكی خاوەن هەست و لۆژیكی باڵا بۆ ویستی خوداو ئایینەكەی كە لە دادپەروەریی مرۆڤدۆستیدا خۆی دەبینێتەوە، پابەندبوونی خۆی بخاتە بواری كردەییەوە، نەك سەنگەر گرتن و رووبەڕووبوونەوە و ململانێی توند، یان دروستكردنی ململانێی نابەجێ لە ناو كۆمەڵگەی موسڵمانەتیدا.
كاتێك دێینە سەر دەستەواژەی (حزب) بۆ خۆی ئەو دەستەواژەیە دەستەواژەیەكی سیاسییە و لێوانلێوە لە ململانێ و رووبەڕووبووەنەوە لە پێناو گرتنەدەستی دەستەڵات و وەلاخستنی ركابەرەكان. بەشێكی بەرچاوی زانایانی موسڵمان لەو بڕوایەدان كە سیاسەت و زانستەكانی زیادتر لەوەی پەیوەندییان بە ناخی ئایینەوە هەبێت، پتر زانستی دنیایین، بۆیە ئەو زانستانە هەردەم لە ئاڵوگۆڕی بەردەمدان و چەسپاو نین، هەر بۆیەشە ناكرێت بخزێندرێنە ناو پرەنسیپ و بنەما ئایینییەكان، بەتایبەتی ئایینی ئیسلام، پەیامبەریش دەفەرموێت: «ئێوە بۆ خۆتان لە كاروباری دنیاتان شارەزاترن»، واتە راپەڕاندنی كارگەلێك كە لە ناواخنی ئاییندا نین، دەبێت بدرێنە دەستی پسپۆڕان و شارەزایانی ئەو بوارە، خۆ ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەو حكومەتە بكەین كە پەیامبەری ئیسلام دروودی خودای لەسەر بێت لە مەدینە بونیاتی نا، زۆر بە روونی دەردەكەوێت كە بە دەستەواژەی نوێ دەوڵەتێكی مەدەنی و فرەیی بووە، نەك دەوڵەتی ئایینی و ئیسلامی، چونكە بە روونی دیارە لە بواری یاسا و سزاكاندا هەر ئایینزایەك بە شەریعەتی ئایینەكەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ كراوە، نەك بە شەریعەتی ئیسلام، لە هەمان كاتدا پەیامبەر پەیماننامەیەكی لەگەڵ ئایینزاكانی دیكەدا مۆر كردووە كە لە پەیماننامەكەدا لە سەر بەندە یاسایی و دەستووری و سیاسییەكان وەكو بەرنامەی كاری حكومەتەكە رێككەوتوون، نەك ئەوەی شەریعەتی ئیسلامیان بە سەردا بسەپێنێت، واتە لە سەر بنەمای لێكتێگەیشتنی موسڵمانان و ئایینزاكانی دیكە ئەو حكومەتەی دامەزراندووە، هەر بۆیە بەشێكی بەرچاو لە زانایانی موسڵمان لە بواری شەریعەتدا رایان وایە كە بەحزبكردنی ئیسلام لەگەڵ بنەماو مەبەستە باڵا و پیرۆزەكانیدا نایەتەوە، بگرە حزبیكردن جۆرێكە لە ناڕەوایی كە بەرامبەر بە بەها باڵاكانی ئایین دەكرێت، نەك خزمەت بێت بەو ئایینە، چونكە پێیان وایە پرۆسەی بەحزبیكردن جۆرێكە لە پەرتكردن و كەرتكردن، هەمیشە بانگەشەی ئیسلامیش بۆ شوێنكەوتووانی خۆی و تەنانەت بۆ ئایینزاكانی دیكە و مرۆڤایەتیش بریتییە لە تەبایی و یەكڕیزی، نەك پەرت و بڵاوكردنی كۆمەڵگە و باوەڕداران، ئایینی ئیسلام بۆ خۆی تەنیا دوو مەبەستی سەرەكی لە بواری هزرو شەریعەتەتدا هەیە، ئەویش بریتین لە: یەكتاپەرستی و دادپەروەری لە حوكمڕانی و بەڕێوەبردندا، دواجاریش رێزگرتن لە بەها باڵاكانی مرۆڤایەتی.
خۆ ئەگەر سەیری باشووری كوردستانی خۆمان بكەین، وەك نمونە: زۆرینەی دانیشتووانی موسڵمانن بە هەموو ئەوانەشی بەسەر لایەنە سیاسییەكاندا دابەش بوون، بگرە بەشێكی زۆر بە سەركردەكانیشیانەوە ئیمانداری و پابەندبوونی خۆیان بە ئیسلامەوە ناشارنەوە، بۆیە هەر كاتێك ئیسلام كرا بە حزب و حزبی جیا جیا، ئەوا پرۆسەیەكی نابەجێ و نادروست دێتەئاراوە، ئەویش وەدەرنانی زۆرینەی موسڵمانانە، كە بە راستی و بە شێوەیەكی پراكتیكی خاوەن ئیمان و دیندارن، ئەوەش بۆ خۆی ئەو پەرتەوازەبوونەیە كە قورئان و پەیامبەری ئیسلام زۆر بە سەختی دژی وەستاونەتەوە، چونكە مافی هیچ مرۆڤیك نییە كەسانێكی باوەڕدار بخاتە ئەودیوی گۆڕەپانی ئایینی ئیسلام و دیندارییەوە، ئەوە بێجگە لەوەی ئەو بەحزبیكردنە جیاجیایەی ئایینەكە بۆ خۆی ئەو پەرتبوونەیە كە هەردەم جێگەی نیگەرانیی ئیسلام و پەیامبەرەكەی بووە، ئەوەش زۆر بە روونی لە قورئان و فەرموودەكاندا باسی لێ كراوە.
كاتێك ئیسلام دەكرێتە حزب بێجگە لە بچووككردنەوەی ئایین لە چوارچێوەی گرووپێكی سیاسیدا هیچی دیكەی لێ وەدی ناكرێت، چونكە بە ناڕاستەوخۆ سەرانی حزب بە ئایینداران دەڵێن ئیسلام تەنیا ئەوەیە كە لای ئێمە هەیە، ئەوانەشی لە دەرەوەی ئێمەن لە گۆڕەپانی ئیسلام وەدەرن، زۆر جارانیش نەیانشاردۆتەوە ئەم راو چەمكەیان بە راستەوخۆ دەربڕیوە، وەكو ئەوەی دەنگدان بەخۆیان لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا یەكسان بووە بە دەنگدان بە ئایینی ئیسلام و بە وەدەستهێنانی بەهەشتی خودا، پێچەوانەكەشی بە هەمان شێوە ملنانە بەرەو دۆزەخ، باشە ئەگەر كاتێك چەندین حزبی ئیسلامی لە گۆڕێدا بوون، كامیان ئیسلامە راستەقینەكە و كامیان ناڕاستەكەیە، ئەمانە و چەندین شتی هاوشێوە بۆ خۆی بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن، كە ناكرێت ناوی پیرۆزی ئیسلام بكرێتە لۆگۆ و ناوی حزب، بەتایبەتی لە كۆمەڵگەیەكی موسڵماننشین و زۆرینە موسڵماندا، چونكە سەرانی حزب هەردەم دەكەونە تەڵەی ئەوەی كە دەڵێن (من لە هەمووان موسڵمانتر و پابەندترم، ئەوانی دیكە، یان موسڵمان نین، یان لە خوار من و حزبی منەوەن، یان لە بواری پابەندبوون بە ئایین و پرەنسیپەكانیدا لادەرن)، ئەوەش لە كاتێكدا كاری سیاسی و ململانێی حزبی پتر لە هەموو شتێك كارێكی دنیایی و پڕململانێیە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و خۆبەڕێوەبردن، ئەو پڕۆسەیەش گۆڕانكارییە هەنووكەیی و نوێكان كاریگەریی زۆری لە سەری هەیە، بەڵام ئایین و ئایینداری و بڕوابوون بە یەكتاپەرستی و كۆڵەكە بنچینەییەكانی ئایین چەسپاو و نەگۆڕن، دەشێت تاك، یان كەسانێكی ئاییندار كاری حزبی بكەن، یان گرووپ و حزبی سیاسییان هەبێت و جێبەجێكردنی پرەنسپەكانی شەریعەتی ئیسلام كەم یان زۆر بەرنامەی حزبەكەیان بێت، بەڵام ئەو رەوشە مافی ئەوەیان پێ نادات ئایینێكی گەورەی وەكو ئیسلام لە حزب و گرووپی سیاسیدا بچووك بكەنەوە، یان ئیسلام بكەنە پێشگر، یان پاشگری حزبەكەیان، هەر بۆ راستی و دروستیی ئەم بۆچوونە، ئێمە بۆ خۆمان لێرە و لەوێ دەبیسین و دەبینین، كە حزبێكی بەناو ئیسلامی ئەوی دی بە لادان لە ئایینی ئیسلام تۆمەتبار دەكات، یان هەر لەناو خودی حزبێكدا سەركردەكانی یەكتری بەو لادانە تۆمەتبار دەكەن، ئەمە بۆ خۆی لە لایەك، لەلایەكی دیكەشەوە حزبی بە ناو ئیسلامی و سەرانی ئەو حزبانە بێگومان وەكو هەر حزب و مرۆڤێك دوچاری هەڵەی گەورە و هەڵنگوتن دەبنەوە، ئەوەش چ لە رووی ئایینی و چ ژیاری و سیاسییەوە، ئەو هەڵانەش بۆ خۆیان رەوشێكی ئاسایین، چونكە هیچ مرۆڤ و گرووپێك لە هەڵە بەدوور نییە، بێجگە لە پەیامبەران، كە ئەگەر هەڵەش بكەن، خوداوەند بۆ خۆی هەڵەكانیان بۆ راست دەكاتەوە، كەواتە ئەوەی نائاسایی و نادروستە ئەوەیە ئەگەر ئایینی ئیسلام كرا بە گرووپ و حزب، هەڵەكانی ئەو حزب و گرووپانە بیانەوێت، یان نەیانەوێت، لە سەر ئایینەكە دێنەهەژمار، چونكە گومان لەوەدا نییە كە ئەوانەی ئیسلام بە حزب دەكەن، گەرەكیان بێت، یان نا، دەیانەوێت پیرۆزی بە خۆیان و كاری سیاسیی خۆیان بدەن، شوێنكەوتووانیشیان بە هەمان شێوە بەو پاشگرە ئیسلامییە رابەر و سەركردەكانی خۆیان بە جۆرێك لە جۆرەكان پیرۆز دەكەن و بە دوور لە هەڵە هەژماریان دەكەن، چونكە سروشتی ئایین بۆ خۆی هەر وایە هەردەم لكاوە بە پیرۆزییەكانەوە، سەرانی حزبی بە ناو ئیسلامی و شوێنكەوتووانی هەر ئایینێكیش لەم رەوشە بەدەر نین، ئەوە لە كاتێكدا رابەرو سەركردە حزبییەكانیش مرۆڤن، وەكو هەر مرۆڤێكی دی و ناكرێت بەو پاشگرە ئیسلامییە پیرۆز بكرێن، ئەوەی پیرۆزە لە ئیسلامدا خوداوەند و قورئان و پەیامبەرە، دوای پەیامبەریش ئەوەی چاك بكات، بۆ خۆی لێی بەهرەمەند دەبێت، ئەوەشی باش نەكات، دیسانەوە هەر بۆ خۆی دوچاری سزا دەبێتەوە. خۆ ئەگەر كەمێك وردەكاری لە ناو پرەنسیپ و مەبەستە باڵاكانی ئیسلامدا بكەین، دەستەواژەی پیاوی ئایینی، یان ئیسلامی لەناو ئەو ئایینەدا هیچ جێگەیەكی نییە، چ جای حزبی ئیسلامی، خۆ ئەوەی كە هەیە، زاناو شارەزایە لە ئایینی ئیسلام، نەك پیاوی ئایینی، كەواتە دەكرێت كەسێكی ناموسڵمانیش كە پسپۆڕە و لە ئیسلام شارەزا بێت، پێی بگوترێت زانا لە زانستە ئیسلامییەكاندا، لێرەدا قسەكە ئەوەیە حزبی بە ناو ئیسلامی وەكو هەر حزبێكی دیكە، كاری چاك و خراپیش دەكات، هەڵەی سیاسی و ئیداری و ژیارییش دەكات، رابەرانیشی بە هەمان شێوە لە كردەی باش و خراپدا هەر وەكو سەرانی حزبەكانی دیكەن، بۆیە ناكرێت ئایینی ئیسلام بەرپرسیارێتی هەڵە و پەڵەكانی ئەوان هەڵبگرێت، هیچ كەس و لایەنێكیش بە هیچ شێوەیەك مافی ئەوەی نییە ئایینی ئیسلام لە سەر خۆی تاپۆ بكات و كەسانی دیكەی لێ وەدەر بنێت، چونكە ئەو ئایینە تایبەت نییە بە هیچ گرووپ و كەسێكەوە، ئەو ئایینە تەنیا تاپۆی ئەو كەسانەیە كە قبووڵی پەیامەكەی دەكەن و بەردەوامن لە سەر رێبازەكەی، ئیدی ئەوانە لە هەر سوچ و قورژبنێكی سەر گۆی زەوی بن، بۆیە بەحزبكردنی ئیسلام هێندەی دژ بە ئایین و بە بچووككردنەوەی ئایینەكە دەكەوێتەوە، هێندە لە خزمەتیدا نییە، چونكە ئایین وەكو تیشكی خۆرە و ناكرێت لە سەر گرووپ و حزبی جیا جیا تاپۆی بكەین، بەڵكو پێویستە لێیگەرێن بۆ خۆی دەگاتە گشت شوێنێك، ئیسلام هێندەی پێویستی بە كەسانی دڵسۆز و پابەند هەیە، هێندە پێویستی بە كوێخاو دەمڕاست نییە، دواجاریش پێویستی زۆری بە زانا و پسپۆڕ و شارەزا و راڤەكاری ورد و كارامە هەیە، نەك بەحزبكردنی لە پێناو گەیشتن بە دەسەڵات و خۆپیرۆزكردن، خۆ ئەگەر گوزەرێكیش بە مێژووی هاوچەرخی وڵاتانی موسلماننشیندا بكەین، لە كوێدا ئیسلام كرابێتە حزب، بەو بەحزبیكردنەی هێندەی گورزی كوشندە وەبەر موسڵمانان خۆیان كەوتووە و لێكترازانی گورچكبڕی لە نێوانیاندا دروست كردووە، هێندە سوودیان لەو بەحزبیكردنە نەدیوە، نموونەكانی سووریا و میسر و هەندێك وڵاتی دیكەی موسڵماننشین باشترین گەواهین بۆ ئەو بۆچوونە، لێكترازانی كۆمەڵگەی موسڵمانیش هەردەم ئەو پەتا كوشندەیەیە كە پەیامەبەر بەردەوام لە دژی وەستاوەتەوە و داوای لە موسڵمانان كردووە، خۆیانی لێ وەدوور بگرن.

Top