گواستنەوەی گشتی و ئابووریی وڵات
July 10, 2019
وتار و بیروڕا
گواستنەوەی گشتی بە واتای بەكارهێنانی كەرەستەكانی گواستنەوەی وەك پاس، ترام، قیتار، فڕۆكە، لەو وڵاتانەش كە لە سەر ئاون، بەلەم و كەشتیش دەگرێتەوە. گشتی بە واتای گشت خەڵك دێت، نەك بەتایبەت كەرتی گشتی. گواستنەوەی گشتی بەشێكی زۆر گرنگی ئابووریی وڵاتانی پێشكەوتووە، چونكە نەك هەر خەڵكی وڵات دەگوێزێتەوە لە ناو شارەكاندا، بەڵكو لە نێوان شارەكان و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەشدا پەیوەندی پتەو دەكات. گواستنەوەی گشتی لە هەمان كاتدا پێداویستییەكی ئابووریی زۆر گرنگە بۆ وڵات، چونكە پەیوەندییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاسان دەكات و بەمەش پێچكەی پەیوەندی مرۆیی و ئابووری خێراتر دەكاتەوە. لە هەمان كاتدا، دابڕان و كەمیی هاتوچۆ نیشانەی دواكەوتوویی ئابووری و نەبوونی پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.
سەرەڕای ئەو خاڵانەی سەرەوە، گواستنەوەی گشتی سیمای پێشكەوتن و شارستانیەتە. لە راستیدا یەكێك لە نیشانەكانی خۆشی و لەباریی وڵات لای گەشتیاران هەرزانی و باش بەڕێوەبردنی گواستنەوەی گشتییە. هەر بۆیە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكان خاوەنی گواستنەوەی گشتیی مۆدێرنن و بایەخی زۆر گرنگ بە باش بەڕێوەبردنی دەدەن.
كاریگەرییەكانی بوونی گواستنەوەی گشتی
گواستنەوە گشتییەكان سوود و كارێگەرییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی زۆریان هەیە و لە تیۆری ئابووریدا بە كاڵای شیاو، یا بایەخدار (Merit Good) ناودەبرێن. لێكدانەوەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سوودی گشتیی بەكارهێنانی ئەم كاڵایە لە سوودی بەكارهێنانی تایبەتی بەرزترە. راستە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە ئەم شێوەی گواستنەوەیە كارئاسانی پەیوەندییەكان دەكات و لە هەمان كاتدا لە رووی پارە سەرفكردنەوە دەبێتە مایەی پاشەكەوتكردن، بەڵام سوودەكانی كۆمەڵگە لە بەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی سوودە تایبەتییەكان تێدەپەڕێنێت. بۆ نموونە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئۆتۆمۆبیلی تایبەت و كەمكردنەوەی هاتوچۆ و رووداوەكانی، كەمتر پیسكردنی ژینگە و خێراكردنی پەیوەندییەكانی ناوشار و دەرەوەی شار هەموو سوودن بۆ كۆمەڵگە كە لە سوودە تاكەكەسییەكان زۆر زیاترن. لە بەر ئەو هۆیانە ئابووریناسان لەو بڕوایەدان كە ئەم كاڵایە هێندە گرنگە بۆ كۆمەڵگە شایانی ئەوەیە كە حكومەت پاڵپشتی دارایی بكات، یا ئەگەر كەرتی تایبەت نەیتوانی دابینی بكات، ئەوا ئەركی حكومەتە كە دایبمەزرێنێت و بەڕێوەی ببات. پێویستە لێرەدا ئەوەش باس بكەین كە دامەزراندنی گواستنەوە گشتییەكان لە دەستپێكدا سەرمایەیەكی زۆری دەوێت. چونكە داهات و سوودەكانی ئەم گواستنەوەیە زۆر درێژخایەنن، بۆیە سەرمایەداری تایبەت خۆی لە قەرە نادات. بۆ نموونە، هیچ سەرمایەدارێك ئامادە نییە (200) ملیۆن دۆلار لە گواستنەوەی گشتی شاری هەولێری پایتەختدا بەكار بهێنیت و پارەكەی خۆی بە (250) یا (500) دیناری عێراقی وەربگرێتەوە. بۆیە سروشتی ئەم كاڵایە وا دەهێنێت كە پێویستە حكومەت دایبمەزرێنێت و یەكەم گوژمەی سەرمایەی بۆ دابین بكات.
بە شێوەیەكی گشتی هاتوچۆی گشتی یارمەتی جووڵان و پەیوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان دەدەن، بە مەش خێرایی گەیشتن بە كار و جێگەی مەبەست ئاسان دەكەن و لەو رێگەیەشەوە ئەنجامدان و كاراكردنی كاركردن بەرزدەكەنەوە. لە هەمان كاتدا یارمەتی حكومەت دەدەن كە شێوازی بەكارهێنانی وزەو سیاسەتەكانی حكومەت لەو بارەیەوە چوارچێوەی پێ بدەن. هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە لەگەڵ دروستكردنی كاری هەمیشەیی بۆ كرێكارانی كەرتی هاتوچۆ یارمەتی گەشەكردنی ئابووری دەدەن.
بە شێوەیەكی گشتی، ئەگەر هاتوچۆی گشتی بە كارایی بەڕێوەببرێت، ئەم سوودانەی خوارەوەی بۆ بەكاربەر هەیە:
1) گێڕانەوەی كات: بەكارهێنانی گواستنەوەی گشتی لەبری ئۆتۆمبێلی تایبەت كاتی زۆر دەگێڕێتەوە بۆ بەكاربەر، چونكە بەكاربەر بیر لە پاركینگی ئۆتۆمبێل و جێگە دۆزینەوە ناكات و لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا حكومەتەكان هێڵی تایبەت بۆ هاتوچۆی پاسەكان تەرخان دەكەن و ناهێڵن لە كاتی چوون بۆ دەوام و گەڕانەوە لە كار ئۆتۆمبێلی تایبەت بەكاریان بهێنێت، بەمەش خێرایی پاسەكان بەرزدەبێتەوە و تووشی ئەوقبوونەوەی هاتوچۆ نابن. كات پاشەكەوتكردن سوودی زۆری ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە. لە كاتی خۆیدا گەیشتن بۆ سەر كار بەرهەمهێنان و خێرایی كار بەرزدەكاتەوە. لە لایەكی دیكەوە كەمتێچوونی كات بۆ چوون و هاتنەوە لە كار كات بۆ چالاكییە كۆمەڵەیەتییەكانی دیكە دەهێڵێتەوە. لێرەدا، كات بۆ خۆ لە چاو كات بۆ كار بەرزتر دەبێت و دەتوانرێ سوودی دیكە لە كات وەربگیردرێت.
2) ئاسوودەیی هاتوچۆكەر: بەكاربەری هاتوچۆی گشتی ئاسوودەیی مێشكی زیاترە لە بەكاربەری ئۆتۆمبێلی تایبەت لە بەر ئەوەی خۆی لێناخوڕێت و دەزانێت كە خۆی تووشی رووداو نابێت و هەروەها لە كاتی دیاریكراودا دەگاتە سەركار و تووشی دڵەڕاوكێ و تەنانەت دەمەقاڵێی خراپ لێخوڕینی شۆفێرانی دیكەش نابێت. لە هەمان كاتدا بەكاربەر بیر لە بەنزین و باشی و خراپی ناكاتەوە و بەیانی زوو كە دەیەوێت بڕواتە سەركار بە هێچ شێوەیەك بیر لەوە ناكاتەوە كە ئایا ئۆتۆمبێلەكەی كار دەكات، یا نایكات. هەموو ئەمانە هێمنیی دەروونی بەرزدەكاتەوە و شێوازی كاركردنی باشتر دەكات.
3) كەمكردنەوەی تێچووی هاتوچۆ: ئاشكرایە كە لە هەموو ئەو شارانەی هاتوچۆی گشتی بەباشی و كارایی بەڕێوەدەبرێت، كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت كەم دەبێتەوە، بەمەش پارە پاشەكەوت دەكرێت كە دەبێت لە جێگەی باشتردا خەرج بكرێت. تەنانەت بۆ ئەو كەسانەش كە ئۆتۆمبێلی تایبەتیشیان هەیە، بەكارهێنانی هاتوچۆی گشتی خەرجیان لە سەر بەنزین و چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل كەم دەكاتەوە و خەڵك دەتوانن ئەو پارەیەی لێرە پاشەكەوتی دەكەن، لە جێگەی باشتردا بەكاری ببەن.
4) ژێنگەپارێزی: كەمكردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان لە سەر جادە دەبێتە هۆی پاكبوونی ئاو و هەوای شار، بەمەش هەموو دانیشتووانی شار سوودمەند دەبن. لە راستیدا بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی تاكەكەسی زیان بەو كەسانەش دەگەیەنێت كە ئۆتۆمبێل بەكارناهێنن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچی كەسێك كە سوودمەند نییە لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كەسێكی دیكە زیاندمەند بێت لە بەكارهێنانی. ئایا ئەمە كردارێكی رەوایە؟ بۆیە كەمكردنەوەی هاتوچۆ لە سەر جادەكان بە بەكارهێنانی پاس و قیتار و ترام، سوودی ژینگەی بۆ گشت هاووڵاتیان هەیە بە بێ جیاوازی. پێویستە هەر بیر لەوە بكەینەوە كە لە بری ٥٠ ئۆتۆمبێلی تاكەكەسی یەك پاس دەتوانێت هەموو سوودەكانی ئەو هەموو ئۆتۆمبێلانە بگەیەنێت بە تەنیا بە بەكارهێنانی مەكینەیەكی دوو قەباەرەی ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی.
5) سەلامەتیی هاتوچۆ: لە تەواوی جیهاندا هاتوچۆی گشتی بە كەمترین هۆكاری روودای سەرجادە دەژمێردرێت. بۆیە كەمكردنەوەی ئۆتۆمبێلی تاكەكسی و بەكارهێنانی پاس و قیتار، كوشتن و كەمئەندامبوونی رووداوەكانی سەرجادە كەم دەكەنەوە و بەمەش هەموو كۆمەڵگە سوودمەند دەبێت. راستە هەموو خەڵكی كوردستان ئامارەكانی كوشتار و بریندارەكانی هاتوچۆ بە كەم دەزانن و بە تەواوی ئاگایان لە ئامارەكان نییە، بەڵام ئەگەر بزانن كە ساڵانە رووداوەكانی هاتوچۆ هێندەی شەڕی داعش، یا زیاتر خەڵك دەكوژێت و بریندار دەكات، ئەو كات دەزانن كە ئۆتۆمبێل شەڕێكی نهێنی لە گەڵ كۆمەڵگەدا دەكات و دەبێت كارێكی لەبارەوە بكرێت. بۆ ئەمەش دامەزراندنی هاتوچۆی گشتی یەكێكە لە وەڵامە گونجاوەكان.
6) ئاشتیی كۆمەڵایەتی: هاتوچۆی گشتی بەپێی سروشتی خۆی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا توندو تۆڵ دەكات، چونكە پێگەی هاوبەش لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروست دەكات، بەوەی هەزارەها كەس هەمان خزمەتگوزاری بەكاردەهێنن. لە لایەكی دیكەوە، چونكە هاتوچۆی گشتی رووداوەكان كەم دەكەنەوە، ئەو دوژمنایەتییانەی كە لە ئەنجامی رووداوەكانی هاتوچۆدا دروست دەبن، كەم دەبنەوە و بەمەش ئاشتیی كۆمەڵایەتی بەرزدەبێتەوە. هەموو دەزانین كە لە تەواوی كوردستاندا كەم رووداوی هاتوچۆ هەیە كە دوژمنایەتی و ناسۆری درێژخایەن لە نێوان خەڵكدا دروست نەكات. لە كۆمەڵگەی دواكەوتووشدا و لە كاتی ناكارایی دادگا و یاسادا، ئەو دوژمنایەتییانە زۆر بە گران لەسەر كۆمەڵگە تەواو دەبن. بۆیە دامەزراندنی هاتوچۆی گشتی یارمەتی ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەدات.
7) بەرزكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان: هاتوچۆی گشتی رێگە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی خۆش دەكات. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تكتی هاتوچۆی گشتی بێ بەرامبەر (بەلاش) دەدرێت بە بەساڵاچووان و كەمئەندامان و تەنانەت قوتابیانی قوتابخانەكانیش. بەمەش بەتایبەت ئەو تاكانەی كە توانای داراییان نییە، زیاتر هاندەدرێن سەردانی كەسوكار و دۆست و برادەرانیان بكەن. بۆیە كارایی و هەرزانیی هاتوچۆی گشتی یارمەتی باری دەروونیی كۆمەڵگە دەدات و دابڕان و تەنیایی بێكەسان كەم دەكاتەوە و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی باری خەمۆكیی كۆمەڵگە.
8) هاندانی گەشتیاران: هەبوونی هاتوچۆیەكی سەردەمیانە لە وڵاتدا هانی هاتنی گەشتیاران دەدات و ئاسوودەیی و پاراستنی حكومەتیان پێ دەبەخشێت لە بری بەكارهێنانی تەكسی و ئۆتۆمبێلی تاكەكەسی. لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتوودا، نەخشەی پاس و قیتار بەشێكی گرنگن لە برۆشەی روونكردنەوەی شارەكان و گەشتیاران پشت بەو نەخشانە دەبەستن. بۆیە هاتوچۆیەكی گشتیی كارا و مۆدێرن هانی گەشتیاران دەدات و باشتر رایان دەكێشێت كە سەردانی وڵات بكەن، بەمەش كەرتی گەشتوگوزار دەبووژێتەوەو هەموو ئابووریی وڵات سوودمەند دەبێت.
هاتوچۆی گشتی لە شارەكانی كوردستان
سیستەمی هاتوچۆی گشتی شتێكی نوێ نییە لە عێراق و شارەكانی كوردستاندا. هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە هەتا هەڵگیرسانی شەڕی ماڵوێرانكەری ئێران و عێراق لە تەواوی شارەكانی عێراقدا بە كوردستانیشەوە سیستەمی پاسی ناوشار بەڕێوە دەچوو و بە نەزمێكی تا راددەیەك مۆدێرن و پارەیەكی زۆر كەم گەڕەكەكانی بە ناوەندی شارەوە دەبەستەوە و پاس هەتا شەوانێكی درەنگ كاریان دەكرد. لە هەمان كاتدا لە كۆتاییەكانی هەفتاكانی سەدەی پێشوودا بناغەی هاتوچۆی نێوان شارەكانیش دامەزرا، بەڵام بەداخەوە، شەڕ لەگەڵ ئێراندا هەموو ئەوانەی لە باربرد و بۆ دواجار هاتوچۆی گشتی لە بیری خەڵك بردەوە. لە ناچاریدا و بۆ ئەوەی ئەو كەلێنە پڕبكرێتەوە لە شارەكانی كوردستاندا هاتوچۆیەكی سەرەتایی (Primitive) دواكەوتوو دەست بەكاربووە. ئەویش بەگەڕخستنی پاسی كۆستەر لە نێوان گەڕەكەكان و ناوەندی شاردا. هەرچەندە ئەم هاتوچۆ بەناو گشتییە جێگەی سیستەمی مۆدێرنی نەگرتووەتەوە بەڵام هێشتا خەڵكێكی زۆری كەمدەرامەت بەكاریدەهێنن. كەموكوڕییەكانی ئەم سیستەمە لەم خاڵانەی خوارەوە كورت دەكرێنەوە:
1) خەتەكانی كۆستەر خشتەی كاتی هاتوچۆیان نییە و شۆفێرەكان بە ئارەزووی خۆیان دێن و دەڕۆن، یا هەر ناڕۆن،
2) خەتەكان وێستگەی راوەستانی تایبەتیان نییە، بۆیە هەموو شتێك هەڕەمەكی و بێ پرۆگرامە.
3) پاسەكان هەموویان مۆدێلی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی پێشوون، بۆیە هیندەی چەندەها پاسی نوێ ژینگە پیسكەرن و ئەو سوودمەندییەی هاتوچۆی گشتیی مۆدێرنیان لە دەست داوە،
4) پاسەكان دۆستی بەكاربەر نین. سواربوون و دابەزین، لێیان زۆر زەحمەتە بە تایبەت بۆ ساڵمەندان و ئافرەتی دووگیان و منداڵ و نەخۆشەكان. لە هەمان كاتدا كورسییەكانیان زۆر تەسك و تێكسمڕاون و بۆ ئافرەتان كە نایانەوێت خەڵكی تر شانیان پێوەبدەن، زۆر ناحەزن و زۆر جار ئافرەتان رەنگە بە هۆكاری بێزاریكردنی سێكسیشی بزانن.
5) خەتەكانی كۆستەر پابەند نین بە پێویستیی بەكاربەرانەوە. بۆیە لە ئێوارەیەكی زوو بەدواوە كارناكەن، یا بە كەڵكی ئەوانە نایەن كە بەیانیانی زوو دەبێت بچنە سەركار. بۆیە مەبەستی سەرەكیی ئەو پاسانە رەچاوكردنی ئەو پێویستییانەی خەڵكی نین كە لە بنەڕەتدا هاتوچۆی گشتی بۆ ئەو مەبەستە دادەمەزرێندرێت.
6) چونكە مەبەستی ئەو پاسانە وەڵامدانەوەی خواستی خەڵكی نین، بۆیە بەكەڵكی هەموو كەس نایەن. بۆ نموونە ئەگەر یەكێك بارێكی بچووك، یا جانتایەكی پێ بێت، بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ئەو پاسانە بەكار بهێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆیە، ئەو خاسیەتەی كە هاتوچۆی گشتی هەیەتی لە هاندانی گەشتیاراندا ئەم پاسانە بە هیچ شێوەیەك نییانە.
بە شێوەیەكی گشتی ئەو سیستەمی پاسی كۆستەرانە هێندە دواكەوتوو و نالەبارن كە نابێت بە سیستەمی هاتوچۆی گشتی هەژماربكرێن. لە راستیدا پاسەكان هێندە كۆن و نەگونجاون بۆ مەبەست لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئێستا بە شایانی ئەوەیان نازانن كە ئاژەڵیشیان پێ بگوێزرێتەوە.
بەرەو دامەزراندنی هاتوچۆیەكی سەردەمیانە لە كوردستاندا
لە ماوەی سەردەمی نیمچە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا فرسەتی دامەزراندنی سیستەمێكی هاتوچۆی گشتی هەڵكەوتبوو، بەڵام سیاسەتمەدارانی كوردستان هێندە خەمی مانەوەی خۆیانیان هەبوو، ئەوەندە خەمی دامەزرادنی دەوڵەتێكی سەردەمیانەیان نەبووە، كە سیستەمی هاتوچۆ بەشێكی نەبچڕاوی ئەو شێوە دەوڵەتەیە. جێگەی سەرسوڕمان نییە كە سیاسەتمەدارانی شارەوانی بەتایبەت لە پایتەختدا باسی ماستەرپلانی ترام و قیتار و سیستەمی تەلیفریك دەكەن، بەڵام ناتوانن دە پاسی نوی بۆ پاكوخاوێنی شار و خۆشگوزەرانی خەڵكی دابین بكەن. ئێستاش لە وڵاتێكدا كە لەسەر گۆمێكی زەبەلاحی نەوت و گازە، كارمەندانی پایتەخت باسی سواڵكردنی پاسە كۆنەكانی شارەكانی ئەوروپا دەكەن، كە لەبەر پیسی ئەو وڵاتانە لە كاریان دەخەن (تكایە بڕوانە راپۆرتی رووداو لە 12/9/2018). ئەگەر بە وردی ئەو راپۆرتە بخوێنینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە كارمەندانی بەناو هاتوچۆی گشتیی هەولێر چەند شیاوی ئەو جیگەیە نین كە ناتوانن سیستەمێكی پاسی ناو شار بەڕێوەبەرن، بەڵام بەبێ شەرم ناوی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گشتیی پایتەختیان لە خۆیان ناوە. لە هەمان كاتدا بۆ شاردنەوەی نالێهاتوویی خۆیان و چاوبەستكردنی خەڵكی باس لەوە دەكەن كە سیستەمی «سیتی پاسیان» هەیە (دیارە پێیان شەرمە ناوی «پاسی شاری» لێ بنێن، چونكە زمانی كوردی بە زمانێكی دواكەوتوو دەزانن و هەر ناوی «سیتی» لای ئەوان خۆی لە خۆیدا مەزنی و ئارامبەخشی دەگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر داشنەمزرێندرێ، هێشتا هەر ناوێكی زۆر خۆشە!!!) كە ($400 m) چوارسەد ملیۆن دۆلاری ئەمریكیان تێدەچێت، بەڵام دەڵێن حكومەت ئامادە نییە ئەو سەرمایە دابین بكات. وەك ئەوەی پرۆژەكەی جەنابیان تاكە پرۆژە بێت و ناكرێت لە سەرەتاوە بە ($50m) پەنجا ملیۆن دۆلار دەستپێبكرێت و هەموو ساڵێك پەنجا پاسی بۆ زیاد بكرێت، هەتا لە دە ساڵدا سیستەمێكی شیاو بۆ پایتەخت و شارە گەورەكان دابمەزرێندرێت، چونكە ئەمان بە فیل بچووكتر رازی نابن!!! (لە ئەدەبیاتی ئابووریدا زۆر بەناوبانگە كە سیاسەتمەدارە شكستخواردووەكانی وڵاتە هەژارەكان تەنیا ئارەزوویان لە پرۆژەی فیلی سپی هەیە، چونكە لە هەموو جێگەیەكەوە دیارە با ئەو پرۆژەیەش بێكەڵك بێت).
بێگومان كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە كوردستان قەیرانی دارایی و ئابووری هەیە و حكومەتی بەغداش پێی باشترە ئەم ئەزموونەی كوردستان شكست بخوات، بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی بەسەر كوردستاندا بسەپێنێتەوە. بەڵام ئەگەر بەوردی تەماشای پارە بە زایەدان بكەین لە كوردستاندا، بۆمان دەردەكەوێت كە بە پێچەوانەی قسەكانی كاربەدەستانەوە دەتوانرێت سیستەمی هاتوچۆی گشتی بە شێوەیەكی لە سەرخۆ دابمەزرێندرێت. بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی كە هەموو كاربەدەستان، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پیاوەكانی وەزیرەكان و سەرۆك بەشەكانی دەوڵەت ئۆتۆمبێلی شەخسی خۆیانیان هەیە، هەموو بە ئۆتۆمبێلی لاندكروزەری (4/4)ی دەوڵەتی هاتوچۆ دەكەن و كاری شەخسیی خۆیانی پێ رادەپەڕێنن. لە كاتێكدا بە نرخی دوو لەو ئۆتۆمبێلانە پاسێكی مۆدێرن بۆ هاتوچۆی گشتی دابین دەكرێت. بۆیە ئەگەر بە ئاقڵانە پارەكە خەرج بكرێت، دامەزراندنی سیستەمی هاتوچۆی گشتی، نە ماحاڵە و نە نەكردەنیشە. نموونەیەكی دیكە ئەوەیە ئەگەر بڕیاردەرانی دەوڵەت مەبەستیان بوایە لە بری جادەی 120 مەتری كە هانی ئۆتۆمبێلكڕین دەدات، دەیانتوانی بەو پارەیە بناغەی هاتوچۆی گشتی پایتەختیان دابمەزراندایە. لە كاتێكدا كە جادەی 120 مەتری خاك داگیردەكات و خەڵك فێری خێرا لێخوڕین دەكات و ژینگەی هەموو شار پیستر دەكات.
لایەنێكی نەرێنی بیركردنەوەی سیاسەتمەدارانی كوردستان ئەوەیە هەر وا دەزانن تەنیا كەرتی تایبەت دەتوانێ كار بكات و خۆیان (كەرتی گشتی) هیچیان لێ بەدەست نایەت. بەڵام هیچ كات ئەزیەت ناخەنە سەرشانی خۆیان تا بزانن كە هاتوچۆی گشتی لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتوودا بە كەرتی گشتی دامەزراوە، لە بەر ئەو هۆكارەی لە سەرەوە باسكرا. پرسیار لێرەدا ئەوەیە باشە ئەگەر ئەوان هیچیان پێ ناكرێت، بۆچی لەسەر حیسابی خەڵكی جیگەیان گرتووە و مووچەی بەلاش بە خۆیان رەوا دەبینن؟
لە بەر ئەو هۆیانەی لە سەرەوە باسكران، پێویستە كابینەی نوێ دامەزراندنی هاتوچۆی گشتی بە كارێكی گرنگی خۆی بزانێت و وەك گەورە ئابووریناسی بە رەچەڵەك نەمساوی شومپیتەر (Schumpeter 1883-1950) باسیكردووە با بە پرۆژەیەكی بچووك دەستپێبكەن، چونكە پرۆژەی بچووك بۆ وڵاتی هەژار جوانە، لە بەر ئەوەی لە سەرەتاوە سەرمایەیەكی زۆری ناوێت و بە ئاسانی بەڕێوە دەبرێت. لە هەمان كاتدا، لە پرۆسەی گەورەكردنی پرۆژەكەدا ئەگەر كاربەدەستان گەندەڵ نەبن و مەبەستیان بێت فێری باشتر بەڕێوەبردنیشی دەبن. ئەمەش لە زانستی ئابووریدا پێی دەگوترێت: فێربوون بە كردەنی (Learning by doing). بۆیە پێشنیاری ئەم وتارە ئەوەیە بە یارمەتی وڵاتێكی دۆستی وەك كۆریای باشوور با بە (100) سەد پاس دەستپێبكرێت و هەر كات توانای دارایی هەبوو هەر جارەی (50) پەنجا پاسی دیكەی بۆ زیادبكرێت و لە سەرەتاوە هەوڵی بەڕێوەبردنێكی سەردەمیانە بدرێت. دەبێت لە سەرەتاوە بە هیچ جۆرێك بیر لە تێوەگلانی كەرتی تایبەت نەكرێت لە بەر ئەو هۆیانەی لە سەرەوە باسكران. لە كۆتاییدا ئەو راستییە دووبارە بە بیر دەخەینەوە كە بۆ لە سەردەمی پاشایەتیدا بەو هەموو دواكەوتوویی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەوە دەیانتوانی سیستەمێكی هاتوچۆی گشتیی رێكوپێك بەڕێوەببەن، بۆچی ئێستا لە سەدەی بیست و یەكدا ئەم كارە بۆ بڕیاربەدەستانی كوردستان نەكردەنی بێت؟!!!