پارتی بێ‌ سەلام حكومەت پێك دەهێنێت.

پارتی بێ‌ سەلام حكومەت پێك دەهێنێت.
ناوی كاندیدان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمان كرا، دوای ئەوەی بەڕێز(مەسروربارزانی) لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، ماوەی مانگێك كاتی لەبەردەم بوو بۆ پێكهێنانی حكومەت، ناوی سەرجەم كاندیدانی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان كرد بۆ بەدەستهێنانی متمانە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان.
ئەم هەنگاوە بوە هۆی بێئومێدكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لەوەی چاوەڕێی سەلامی پارتی بوو، وەك ئەوەی ئەمیری كۆمەڵ باسی لێوەدەكرد، ئەگەر پارتی سەلامیان لێ‌ بكات ئەوان گەرمتر وەڵامی دەدەن. ئەوەی دەبیندرێت پارتی كۆتایی هێنا بە وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، كەچی لای نەكردەوە بە رووی كۆمەڵی ئیسلامی.
هەرچەند ئەوان باسیان لەوە دەكرد بڕیاری بەشداری كرن و نەكردن لە كابینەی نۆیەم نادەن، تاكو بە كرداری هەنگاوەكانی نەبینن، بەڵام ئەوە تەنها خۆدەربازكردن بوو لە قسەی میدیاو خەڵك بەگشتی، ئەوان چاوەڕێی سەلامی پارتیان دەكرد فەرموویان لێبكات بۆ بەشداری كردن لە حكومەت. ئەوەی مایەوە لە بەردەم كۆمەڵ بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونە.
ئەوان دەیان ویست بیر و بۆچونیان وەربگیردرێت و رازی بكرێن، لە پێدانی پشك بە ئارەزو دڵیان بگێڕن، بەڵام پارتی ئەوەی نەكرد، ئەمەش دبێتە پرسیار لای كادرو لایەنگرانی ئەم حزبە، بەشێكیان هەڵوێست وەردەگرن لە سەركردایەتی خۆیان، كەبۆچی نەیان توانی دڵی پارتی بەدەست بێنن.
لە ڕابردوو هاوشانی گۆڕانی هاوڕێی نیوە ڕێ‌ دژەپارتی مامەڵەیانكرد، دواتر كۆمەڵ دژی پڕۆژە نیشتیمانیەكان وەستایەوە، تا ئاستێكی زۆر لە شەڕی پێشمەرگە دژی داعش بێدەنگیان هەڵبژارد، بەچاوی قین سەیری سەركردایەتی كردنی ریفراندۆم و بانگەشەكانیان دەكرد، ئەم هەڵوێستانە حكومەتێكی بە پیتیان نەهێنا بۆ كۆمەڵی ئیسلامی.
ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایی ناوخۆیی كۆمەڵ بەرامبەر سەركردایەتی، لەهەمبەر هەنگاوەكانی رابردوویان و شكەست لە هەڵبژاردنی هاوپەیمان. بەوەی نەیان زانی هەنگاوی دروست بنێن بۆ داهاتوێكی گەش. وەك ئەو پەندە كوردیەی دەگوترێت(دۆست و دوژمنی خۆی نەناسی). ئەمەش هەنگاوێكی شكەست ئامێزە لەبەردەم كۆمەڵ.
هەرچی وزەیان هەبوو خەرجیانكرد لە پێناو بەدەستخستنی دەنگ و دەسكەوتی باش لە حكومەت، كەچی فەرموویان نەكرا، دەست بەتاڵ دەبێ‌ سەیری حكومەت بكەن، بەناچاری ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێن، چونكە پۆستە شالیاریەكان دابەشكران، بە پێدانی وتەبێژ و بەڕێوەبەرە گشتیەكانیش ئەو خۆماندی كردنەی رابردوو بەس نابێت بۆ تێربوونی برسیەتیان.
هەرچەند دووبارە هەڵبژاردنەوەی دژە حكومەت هەنگاوێكی سەخت دەبێت لەبەردەمیان، لەلایەك هەڵبژاردەكەیان ناچاریە ئەو جۆش و خرۆشەی ڕابردویان نەماوە، لەلایەكی ترەوە تەنها بە دەستێك ماون بۆ چەپڵە لێدان و دەبێ‌ تیژبین بن بۆ رەخنەگرتن، بەوەی دۆزینەوەی رەخنە كارێكی ئەستەمە شەونخونی زۆری دەوێ‌ بیرۆكەی نوێ‌ نین بۆ باوەڕپێهێنانی خەڵك.
ئەوەی بۆ ئەوان بوو بە پەند ئەوەیە جارێكی تر بە ئاوی كەس ئاش نەگێڕن و بە چوپی هیچ لایەنێك مەلەوانی نەكەن، رێگە نەدەن هیچ هێزێك لەسەر پشتی ئەوان سەركەوێت، نەبنە پایە بۆ هیچ لایەنێك و بەدۆڵی كەس شایی نەگێڕن، بەرهەڵست نەبن لەبەردەم پڕۆژە نیشتیمانیەكان.

Top