پەكەكە لە رووبەڕووبوونەوەی پرۆژەی نیشتمانیی كوردستانیدا

پەكەكە لە رووبەڕووبوونەوەی پرۆژەی نیشتمانیی كوردستانیدا

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە باوەشی دەزگاكانی سەر بەو رژێمە ئیقلیمییانە لەدایك بووە و تەشەنەی كردووە كە كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، ئەمەش بە پیلانی ناوەندە سەربازییە دێرینەكان لە كۆماری توركیا بەپێی ئەوەی لە بەڵگەنامەكانی (ئەركنگون)دا هاتووە، لە قۆناخی دواتردا بە چاودێریی راستەوخۆی ماڵباتی سەرۆكی گۆڕبەگۆڕی سووریا حافز ئەسەد راستەوخۆ بەبەر چاوی كوردانی سووریادا، دوای ئەوەش بە پاڵپشتی و پشتگیریی دەزگاكانی رژێمی سەرۆكی لادراوی گۆڕبەگۆڕ سەدام حوسێن، ئەمەشیان بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە میدیاكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان) بڵاویان كردۆتەوە، لە كۆتاییشدا گیرسانەوەی لەژێر سەركردایەتیی ناوەندیی سەربازیی پەكەكەدا لە قەندیل و بە سەرپەرشتیی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی، نەخاسمە لە ماوەی دوو دەیەدا كە هاوئاهەنگییەكی مەیدانی بەدی دەكرێت لەنێوان دەزگاكانی هەر دوو رژێمی دیمەشق و تاران تایبەت بە بەكارهێنانی تواناكانی ئەو حزبە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
پێشتر و ئێستاش ستراتیژییەتی رژێمە داگیركارەكانی كوردستان كە زۆرینەیان لەلایەن هێزو رەوتە شۆڤینییەكان بەڕێوەدەچن، نەك هەر دداننەنانە بە مافی كورد لە دیاریكردن مافی چارەی خۆنووسین، بگرە دەستیشیان داوەتە جێبەجێكردنی پیلانگەلێكی رەگەزپەرستییانە، هاوكات هەوڵیان داوە دووبەرەكی و لێكترازانی كورد دروست بكەن و بەردەوام هەوڵی دزەكردنیان بۆ نێو ریزەكانی گشت بزووتنەوەیەكی كوردی داوە، دواجار پێكهێنانی حزب و رێكخراوی سیاسیی لایەنگر بە خۆیان، تاكو خەباتی كوردستانی لە هەموو بەشەكاندا لە تێكۆشانی دادپەروەرانە و پرۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراسی و ململانێ لەگەڵ رژێمە تۆتالیتاری و سیۆكراتی و دیكتاتۆرییەكانەوە بگۆڕێت بۆ بە كوردیكردنی ململانێ و لەبارچوونی تواناكان لە رێی شەپۆلێكی شەڕی ناوخۆوە كە كورد بە (شەڕی براكوژی) ناوی دەبەن.
لەسەر ئەرزی واقیع كاتێ ئەم حزبە دەركەوت شوێن پێی خۆی وەك بەشێكی تەواوكەر لە رەوتێكی سەركێشی بزووتنەوەی حزبیی كوردستانی كردەوە، بەڵام لەبەردەم پووكانەوەی دەسەڵاتی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) و شكستهێنانی لە قۆرخكردنی دەسەڵات بەسەر رێبازی كوردایەتیدا كە خۆی لە سەركردایەتیی (بارزانی مستەفا)دا دەبینێتەوە، پەكەكە پێشەنگ بوو لەو رەوتە سەركێشییەدا دوای ئەوەی پێشوازی لە هەزاران گەنجی بێكار و خوێنگەرم كرد لە سەربازگەكانیدا، هاوكات خزمەتێكی زۆری پێشكەش بە رژێمە ئیقلیمییەكان كرد، كە بە هەموو شێوەیەك پشتگیرییان لێ كرد، لەوانەش هاندانی هاووڵاتیان تاكو بێنە ریزی رێكخستنەكانیەوە، بۆ نموونە وەك ئەوەی لە سووریا روویدا، كە دەولەتی سووریا پەناگە و داڵدە و هێڵی جووڵەی لۆجیستی و ماددی بۆ پەكەكە دابین كرد، تا ئەو راددەیەی حافز ئەسەد براگەورەی خۆی (جەمیل ئەسەد)ی راسپارد كە راستەوخۆ سەرپەرشتیی رێگاكانی پارەداركردنی پەكەكە بكات.
ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە كە ئازادیی ركابەری و كێبڕكێ هەبوو لەنێوان ئەو هەموو رەوت و بیروبۆچوون و سیاسەتانە لە گۆڕەپانی نیشتمانیی كوردستانیدا، بزووتنەوەكە پێش ناكەوێت و تازە نابێتەوە و ئامانجەكانی ناپێكێت، ئەگەر لەنێو ئەمەدا ململانێی فیكریی داهێنەر نەیەتە كایەوە بە شێوازێكی شارستانیی ئاشتییانە و گفتوگۆی هێمنانە، بەتایبەتیش كە بزاڤی كوردی رووبەڕووی ئاستەنگ و ئاریشەیەكی زۆری كۆمەڵایەتی و ناوچەگەری و هەستەوەریی ئایینی و مەزهەبی دەبێتەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییە حوكمڕانەكانەوە، كە بە شێوەیەكی بەردەوام گورزی كاریگەری بەردەكەوێت و لە ناوەوەو دەرەوەشدا پیلانی بۆ دادەڕێژدرێت، ئەمە هەمووی پێویستی بە وریایی زیاتر و گفتوگۆ و لێكۆڵینەوە هەیە لەنێوان رەوتە جیاوازەكانەوە.
بەڵام لەم بوارەدا رەوتێكی سەركێشی بزووتنەوەی كوردستانی لە سەروویانەوە پەكەكە تاكڕەوانە لە دەرەوەی بازنەدا هەڵسوكەوت دەكات، توندوتیژی و سەركوتكردن و هەڕەشە بەرامبەر لایەنی جیاواز پەیڕەودەكات، ئەمەش بە هاندانی راستەوخۆی رژێمە ئیقلیمییەكانە كە وایكردووە پەكەكە هەرگیز باوەڕی بە گفتوگۆی ئاشتییانە نییە، وەك رێگایەكی كاری سیاسی، بەڵكو پێیوایە كە تاكە شێواز بۆ مانەوە لەناوبردنی لایەنی پێچەوانەی بەرامبەریەتی، ئەم رەفتارەشی لەوەتەی بە شێوەیەكی گومانلێكراو پەیدابووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەوروبەریدا رەنگی داوەتەوە.
پەكەكە كاری كوشتن و پاكتاوكردنی بەرامبەر حزب و رێكخراوەكان لە كوردستانی توركیا ئەنجام داوە كە بە دەیان ساڵ پێش ئەو لە گۆڕەپانەكەدا هەبوون، وەك پارتی كرێكارانی كوردستان بە سەرۆكایەتی كۆچكردوو عومەر چەتین و بزووتنەوەی (كوك)، و سەرجەم لایەنەكان، لەمەشدا هەمان شێوازی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبەكانی بزووتنەوەی كوردی هەم لە سووریا و هەمیش لە ئێران.
دوابڕیاری سەرانی پەكەكە لە رێكخستنێكی بەناو (بەڕێوەبردنێك بە بەرگریی لەخۆكردن) لە ناوچە كوردستانییەكانی عێراق، بریتییە لە خۆتێوەگلانی زیاتر لە كاروباری ناوخۆی هەرێم، ئاشكراشە كە چەندین ساڵە ئەم حزبە لە پێشەوەی هەموو ئەركێكی خۆیدا تەنیا لەناوبردنی دەستكەوتەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە، كە بە پێشكەشكردنی قوربانی و خەباتی بەردەوامی زیاتر لە سەدەیەك هاتوونەتەدی. بۆیە دەبینین رووبەرێكی زۆری زەوی لە ناوچەی زۆر بە پیت و دەوڵەمەندی جووتیاران و هاووڵاتیانی داگیركردووە و سەركردایەتییەكەشی لە قەندیل و ناوچەكانی بادینان لە باكوورەوە و لە باشووریش تا دەگاتە شنگال جێگیر كردووە، هەموو ئەو شارۆچكە و گوندانەی كردوون بە مۆڵگەی سەربازی و بە ئاشكراش تەحەددای یاساكانی حكومەتی هەرێم دەكات، لەسەر ئەو حاڵەش دەستوەردەداتە كاروباری ناوخۆی هەرێم، لەوانەش تاكلایەنانە دژی سەركردایەتیی مێژوویی دەوەستێتەوە، هەروەها دژی ویستی گەلی كوردستان دەجووڵێتەوە لە دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین وەك ئەوەی لەئێستادا لە كوردستانی سووریا ئەنجامی دەدات.
ئەوەی تێبینی دەكرێت پەكەكە لەئێستادا زیاتر دەستتێوەردانی ناڕەواو دوژمنكارانە لە دژی هەرێمی كوردستان پەیڕەودەكات، بەتایبەتیش دوای ئەو پەرەسەندنە ئەرێنییانە و دەستاودەستكردنی ئاشتییانە و دیموكراسییانەی دەسەڵات، هەروەها دەستنیشانكردنی دوو كەسایەتیی سەركردەو بەتواناو كارامەی گەنج بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت، هاوكات لەگەڵ ئەو هەڵسوكەوتەی هەندێ گرووپ كە ریزی كوردستانییان تێكدا و دژی پرۆسەی ریفراندۆمی سێبتەمبەری 2017 وەستانەوە، كە ئەمەش دیسان هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی رژێمی تاران و لایەنگرانی لە بەغدا كە بەچاوی سووك دەڕواننە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پیلان رێكدەخەن بۆ لەباربردنی ئەو دەستكەوتانەو گەڕانەوە بۆ دواوە.
لە سۆنگەی پەرۆشی و چارەنووسی هاوبەشیشەوە دەڵێم: چارەسەری پێشووی مەترسییەكانی پەكەكە لەلایەن براكانەوە لە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان پێویستیی بە چاوپێداخشانەوەو كاراكردن هەیە، نەك هەر تەنیا لەناو هەرێم، بەڵكو لە قووڵایی دەوروبەریشدا كە سەرچاوەیەكی مەترسیی چاوەڕوانكراوە، مەبەستم لێرەدا قووڵایی كوردیی سووریایە، پێویستییەكی زۆر هەیە بە چاوخشانەوە لەوانەش هاوپەیمانییە كۆنەكان و كرانەوە بە رووی هاونیشتمانییانی بێلایەن و نوێنەرانی لاوان و كۆمەڵگای مەدەنی، لێرەدا نامەوێ داوای رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بكەم، بەڵكو بە سیاسەتێكی روون و ئاشكرا، پیادەكردن لەسەر ئەرزی واقیع لە پشتگیریی كوردانی سووریا بەرجەستە دەبێت، لەپێناو بنیاتنانەوەو یەكخستنی بزاڤی نیشتمانیی خۆیان، ئەویش بە بەستنی كۆنگرەی سەرتاسەریی كوردیی سووریا بە زۆرینەی نیشتمانیی بێلایەن، بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو حزبەكان، لەپێناو گەیشتن بە بزاڤێكی بەهێزی شەرعی كە دروشمی پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵبگرێت، هەروەها بە شێوەیەكی برایانە و چارەنووسسازانە لەگەڵ رێبازی بارزانی هەماهەنگی بكات.
هەروەها مەترسییە چاوەڕوانكراوەكان لە برایانی هەرێم دەخوازن، بەتایبەتیش لە سەرۆكایەتیی تازە لە هەرێمی كوردستاندا،كە هەوڵ و كاری بەردەوام بكات بۆ یەكخستنەوەی سەرتاسەری نێوماڵی كوردستانی، ئەویش بە گرێدانی هاوپەیمانیگەلێكی هەماهەنگساز لەسەر چەند بنەمایەكی روون و دیار و ریزگرتنی بەرامبەر، هەروەها لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەكانی یەكدی، بۆیە لەسەر ئێمە پێویستە ددان بەو واقیعە تاڵەی ئێستاماندا بنێین، كە بریتییە لە نەبوونی دامەزراوەیەكی رێكخراو تایبەت بە پێوەندییە كوردستانییەكان، بەڵكو بەداخەوە زۆركاتیش دەكەوێتە ژێرباری میزاجی تایبەت، یان دەمارگیریی تەسكی حزبایەتی، یاخود بڕیارگەلێكی دیراسەنەكراوی تاكەكەسی.

Top