پەكەكە دەبێت چی بكات؟

پەكەكە دەبێت چی بكات؟
ماوەیەكە بەردەوام توركیا بێ‌ گوێدانە پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل بەردەوام بۆردومانی گوندەكانی باشوری كوردستان دەكات، لەو چەند رۆژەی رابردوو چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، ئەمەش وای كردوە خەڵكی ئەو ناوچانە ترسیان هەبێت لە ژیانكردنی ئاسایی لەو گوندانەی پەكەكە حەشارگەكانی تێدا دروستكردووە.
شانۆی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و توركیا سیناریۆیەكی بەهێزە، بۆ تێگەیشتن لێی دەبێ‌ بە وردی تێبفكرین، بەپێی لێكدانەوەی سیاسەتوانان پەكەكە تەنیا كار بۆ پێشخستن و پەلهاوێژی توركیا دەكات بۆ وڵاتانی دراوسێ‌ بە تایبەت و بۆ دەرخستنی هێزی توركیا بەگشتی، ئەوەی توركیا بەهۆی پەكەكە بەدەستی هێناوە پرۆژەیەكی گەورەیە لەچەند لایەنێك خۆی دەبینێتەوە،
لەوانە كڕینی باشترین چەك و فرۆكە، زیاد بوونی هەیمەنەی بەسەر وڵاتانی دراوسێ‌، دەیەوێت ئەوە پیشیانی جیهان بدات هێشتا توركیا عوسمانیە بەهێزەكەی جارانە دەبێت پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵیدا تاوتوێبكرێت، دەستخستنە ناوخۆی كارەكانی پارێزگای كەركوك قازانج كردن لە نەوتەكەی بە نافەرمی، لەلایەكی ترەوە رۆژانە فرۆكەكانی توركیا نزیك لە سنوری ئێران بۆردومانی ئەو ناوچانە دەكات، دەیەوێت هێزی خۆی پیشانی ئەم وڵاتە بدات...هتد.
توركیا پارێزگاری لە پەكەكە دەكات ناهێڵیت ئەم بزوتنەوەیە بەناوی خەباتی ئازادی كوردستان لەناو بچێت، دروشمی پارتی كرێكارن ئەوە دەسەلمێنێت توركیا رێگە نادات چەك هەڵگری كۆتایی بێت و رێچكەیەكە بۆ پەلهاوێژی ئەم وڵاتە، بەوەی بانگەشەی ئازادی دەكەن بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان ئەمە روونە پرۆژە و پلانێكی داڕێژراوە لای توركیا.
ئایە دەبێ توركیا نەزانێت بارەگاكانی پەكەكە لە كام شوێنن؟ ئاخۆ پەكەكە لەكاتی هەستانی فڕۆكەكان ئاگادار نین لە توركیاوە دێن بەمەبەستی بۆردومان؟ كەچی توركیا خەڵكی باشوری كوردستان دەكاتە ئامانج بێ‌ گوێدانە بەهای مرۆیی. ئەوەی دەگوزەرێت راست نیە، پێویستە پەكەكە لە پێناوی گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان خەباتی چەكداری بگوازێتە بۆ باكور.
بەناوی خەبات هەرێمی كوردستان وێران مەكەن، ئەگەر راستە خەبات دەكەن لە پێناو ئازادی كار بۆ توركیا ناكەن برۆن لە باكور خۆتان بەهێز بكەن، باشوری كوردستان خاوەن قەوارە و حكومڕانی خۆیەتی خەباتی چەكداری لە ئێستادا لای ئێمە كۆتایی هات سەردەمی سیاسەتكردنە، ئابوریش كراوەتە بنەما بۆ سەركەوتن و بەردەوام بوون.
هەرچەند لەم دوایە و بەتایبەتیش هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەمبۆڵ و ئەنجامەكان دوای پەیامی ئیمڕاڵی، دەمیرتاش و شكەستی بیناڵی یەڵدرم، ئەو راستیەی سەلماند پارتی كرێكاران لە باكوری كوردستان ئەو پێگە بە هێزەی جارانی نەماوە، بەڵكو خەڵكی تر لە رێگەی خەباتی مەدەنی شوێنی ئەوانی گرتۆتەوە.
ئەگەر پەكەكە بەراستی خەمی هاووڵاتی و تاكی كوردیەتی، دەبێت بارەگاكانی بگوازێتە بۆ باكوری كوردستان لەوێ‌ نزیكتر دەبێت بۆ گورز وەشاندن لە توركیا، دەبێتە رێزگرتن لە گیانی خەڵكی سڤیل و رێگرتن لە شەهید و بریندار بوونی خەڵكی بێتاوانی باشور و رێزگرتن لە قەوارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئیتر ناكرێت رۆژانە هێرشبكرێتە سەر خەڵكی بێتاوان، قوربانی بدەین، لەسەر زێدی خۆمان دەربكرێن بۆردومانی فڕۆكە گوندەكانمان پێ‌ چۆڵبكات كەچی پەكەكە تەنها تەماشاكاربێت و هیچ گورزێكی نەبێت بە ئاراستەی توركیا، ئەگەر راستە پەكەكە خەبات دەكات دەبێت لە ژێر ركیفی توركیا بێتە دەرەوە زیاتر نەبێتە درێژە پێدەری سیاسەتی تورك.
دەبێت پەكەكە لەمەو دوا رێگر بێت لەبەردەم زیاد بوونی هەیمەنەی توركیا بەسەر ئەو ناوچانە ئیتر نەهێڵن پەلهاوێژی بكات و ژیانی ئاسایی خەڵكی جوتیار و كاسبكاری دانیشتووی گوندەكانی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر تێكبچێت. خەڵكی گوندەكان لە ترسی بۆردومانی فرۆگە و لە لایەكی تر وەرگرتنی باج و سەرانەی پەكەكە لەو ناوچانە بەناوی شۆرش تەنگی پێهەڵچنیون، بۆیە پێویستە پەكەكە رێگە چارەیەك بۆخۆی بدۆزیتە و بهێلێت خەڵكی ئازاد بژین لە زێدی خۆیان.


Top