کاک سەعدی پیرە، ئەوەت لەبیرە؟
June 26, 2019
وتار و بیروڕا
کاک سەعدی، کە بەداخەوە بەوە ناسراوە زوو زوو هەڵوێست دەگۆڕێت و لێدوانی دژبەیەک دەدات، لەو چاوپێکەوتنەدا دەفەرمووێت: "پهیوهندییهكانی ئێستای نێوان پارتی و یهكێتی پهیوهندییهكی بێ كێشه نییه". لە کاک سەعدی دەپرسم، پێت وانییە یەکێک لە هۆیەکانی بوونی ئەو کێشەیە، فرەمینبەری و هەڵوێستگۆڕینی بەردەوام و پێشبڕکێی بەرپرسانی حزبەکەی جەنابتە لە لێدوانی توند و نابەرپرسانە دژی پارتی و ڕەمزەکانی؟ ئێوە کە ئەندام و لایەنگرانتان لەسەر ئەوە ڕاهێناوە بەردەوام لێدوانی توند و هێرشبەرانە دژی پارتی ببیستن و خۆتان لە بەرپرسیارێتیی کەموکوڕییە ئیدارییەکانیش دەدزنەوە و باران و نەبارینیش لە ناوچەی بندەستی خۆتان دەخەنە ئەستۆی پارتی، چاوەڕێن پارتی هەر وەک جاران لەپێناو نەکەوتنی ئێوەدا، خۆی بکاتە پرد؟
کاک سەعدی، دەڵێ: "دهبێت پارتی قبوڵی بێت یهكێتی لهكهركوك زۆرینهیه له 12 كورسی 6 كورسی هێناوه، چۆن ئێمه له دهۆك قبوڵمانه پارتی زۆرینهی هێناوه و پارێزگار لهوه، دهبێت ئهوانیش له كهركوك قبوڵیان بێت". جارێ لەوەگەڕێ کە چۆن کاک سەعدی خۆی تووشی پارادۆکس دەکات و زۆرینەی پارتی لە کوردستان قبوڵ نییە، کەچی بە شەش کورسیی پەرلەمانی عێراق، نەک ئەنجوومەنی پارێزگا، خۆیان لە کەرکووک بە زۆرینە دەزانن و ئەوەیان کردۆتە پێوەری حوکمڕانیی ئەو پارێزگایە، دەمەوێ لە کاک سەعدی بپرسم، ئەگەر گریمان شەش کورسییەکەی کەرکووکیش، بە نوکتەی زۆرینەی حەویجەشەوە، بە ئاسایی وەربگرین و وای دابنێین ئەنجوومـەنی پارێزگا لەو بەینەدا هیچکارەن، دەی خێرە ناتوانن بە قەولی خۆت "پارێزگارێکی سرف یەکێتی" بۆ کەرکووک دابنێن؟
مەگەر پێش شازدەی ئۆکتۆبەر، پارێزگاری کەرکووک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەبوو؟ مەگەر دوای شازدەی ئۆکتۆبەر، بافڵ تاڵەبانی، هەمەکارەی ئێستای یەکێتی، لە تەلەڤزیۆنەوە، بە بەڵگەوە، ڕای نەگەیاند: "لە کۆی ٥٠ ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ٣٨ ئەندامیان پشتگیریی ڕێککەوتنی کشانەوەیان لە کەرکوک کردووە"؟ مەگەر سەرلەشکری بەدەستەوەدانی کەرکووک، لە کاتێکدا بە دڵخۆشی لە تەلەڤزیۆنەوە گەنجانی کەرکووکی بۆ تاوڵە و دۆمینە بانگهێشت دەکرد، نەیگوت "ناوی محافز لەگیرفانمدایە"؟ دەی بۆ ئێستا داوا لە پارتی دەکەن "پارێزگارێکی سرف یەکێتی" بۆ کەرکووک دابنێت؟ بۆ ناچن داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لەلایەنی بەرانبەرتان بکەن و ناوی پارێزگاریش لەو گیرفانە دەربێنن؟
لە بەشیكی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، کاک سەعدی، دەڵێ: "كاك مهسعود دهیهوێت وهك مهرجهعیهت قبوڵ بكرێت، یهكێتی ئهو یاریه تێگهیشتووه، ئهوه ناخوات بڕایهوە".
بۆ وەڵامی ئەوە، تەنها پێویستە شتێک وەبیر کاک سەعدی بهێنمەوە، بارزانی هەرگیز ڕۆژێک نەیگوتووە من مەرجەعم، ئەو هەمیشە شانازیی بەوەوە دەکات کە بەرزترین پلە و پۆست لای ئەو پێشمەرگایەتییە. ئەو پێشمەرگەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانە، سەرکردایەتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کرد و لێی پەشیمان نییە و تا دەگاتە ئامانجیش لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبێت. ئەو ڕابەرایەتییەش پێویستی بە ددانپێدانانی کاک سەعدی نییە، مێژوو و خەبات و گەلی کوردستان بڕیاریان داوە بارزانی ئەو پێگەیەی هەبێت کە یار و نەیار، ناچار بن گوێ لەو بگرن. هیوادارم لەمەودوا هەر بەرپرسێکی یەکێتی کە ویستی باسی سەرۆک بارزانی بکات، نامەکەی ڕەوانشاد مامجەلال، کە لە ١٩ـی٨ـی٢٠١٢ بۆ سەرۆک بارزانی نارد، بخوێنێتەوە، ئەوکات بدوێ.