(بۆچی بەغدادو ئەنکەرە؟)

(بۆچی بەغدادو ئەنکەرە؟)
٭باشوری کوردستان تا ئەم ساتەش بەشێکە لەو دەوڵەتەی ناوی عێراقەو بەرهەمی ڕێککەوتننامەی (سایکس بیکۆ)یە و زیاد لە (۱۰۰ساڵە) لەم پارچەداگیرکراوەی کوردستاندا شۆڕش و بەرخۆدان بۆ ئازادی هەمیشە بەردەوامی هەبوەو ڕفراندۆمیش ترۆپکی ئەم بەرخۆدان و شۆڕشانەیە بۆ ڕزگاربوون لە قاوغ و قەفەسی عێراق وەلێ نە سیاسەتی جیهانی و نە بارودۆخی ناوخۆیی و خۆفرۆشی نەیانهێشتوە بەو ئامانجە باڵایە بگەین

٭دوای ئەوەی بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا(نێچیرڤان بارزانی) یەکەم و دوهەم سەردانی بۆ بەغدادی پایتەختی عێراق و ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بوو کەبێگومان ئەم دووهەنگاوە لەناواخندا پەیامی تایبەتی هەڵگرتوەو واتایی قوڵ هەڵدەگرێت

٭تا ئەم چرکەساتە ئێمە لە قەفەسی ژێردەستەیی عێراقیداین و تا ڕزگاربوونی یەکجارەکیمان بەغداد وەک پایتەختی عێراق خاڵی قوڵبوونەوەو ستراتیژی هەرێمی کوردستانەو جگە لە ڕێککەوتن و پێکەوە هەڵکردن و هەڵبژاردنی ژایانێکی ئاشتیانە ڕێگەیەکی دیکەمان نیەو سەدساڵی ڕابردوو بەسە بۆئەوەی سەلمێنرەی ئەو ڕاستیەبێت چونکە دەرکەوت ئێمە تەسلیم نابین و عێراقیش ناتوانێت بە ئاشتی بژی بۆیە وەک پەیوەندیەکی دووسەرە هەولێربەغداد دەبێت خاڵی ستراتیژو نوقتەی پێکگەشتنبن

٭ پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانی بەغداد بۆ ناوخۆی عێراق و کوردستان و ناوچەکەو جیهانیش ئەوەیە بڵێت ئێمە بەغداد هەڵدەبژێرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەین کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عراق شیعەلەدوای ساڵی(۲۰۰۳) بۆ ئێمەی دروست دەکەن

٭ دووهەمین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنکەرەی پایتەختی دەوڵەتی تورکیایە و دیداریەتی لە ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کە ئەم سەردانەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانیش واتاو پەیامی تایبەتی خۆی هەیە

٭تورکیا تاکە مەنفەس و دەرەچەیی ئابوری هەرێمی کورستانە کەلێیەوە باشوری کوردستان دەستی بەبازاڕ و بازرگانی جیهانی ڕادەگات و بەڕوی جیهاندا دەکرێتەوە کەواتە ڕۆڵ و قورسایی تورکیا بۆ ئێمە خاڵی یەکلاییکەرەوەیەو لەئەگەری خراپی پەیوەندیەکانمان ئەگەری گەشتنمان بە بازاڕەجیهانیەکان و فرۆشتنی سەرچاوەکانمان زۆرنزیک دەبێتەوە لە گیران و ووشک بوون کەئەمەش واتایی مەرگێکی حەتمی دێت بۆ باشوری کوردستان چونکە دەگەڕێینەوە بۆ چاورگۆشەیی یەکەم و حاڵی سفر

٭ هەر بۆیە دبینیت سەردانی دووهەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەربانگهێشتی فەرمی ئەردۆغان بۆ تورکیایەو دەیەوێت ئەو گرێ وگۆڵەو گرفتانەی لەنێوانمان دروست بوە زیاتر چارسەربکات و وەک هەمیشە پەیوەندیەکی زۆرباشمان وەک تاکە دەرچە لەگەڵ تورکیا بۆ دروست بکات بە ڕێککەوتن و بەرژەوەندی دوورسەرە پەیوەندیەکی بەهێز دروستبکەینەوە

٭نێچیرڤان بارزانی خاوەن عەقڵیەتێکی گەورەیی حکوومڕانی و ئیدارەدانی ووڵاتەو توانایەکی بەرزی لە چارەسەر کردنی کێشەکان هەیە و دەتوانێت جەمسەروخاڵە ناکۆکان لێک نزیک بکاتەوەو چارەسەریشیان بۆ بدۆزێتەوە کە دوور نیە ئەم هەنگاوەی سەرەتایی گەڕێکی دیکەی پرۆسەی ئاشتی نەبێت لە باکوری کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکیەکانی(AKP)و (HDP) و گەڕانەوەی پرۆسەی ئاشتی و ژیانێکی شایستەتر بۆ کوردانی باکور

٭ کەواتە هەردوو ئەو دوو پایتەختەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵیبژاردوە بۆ دەستپێکی کارەکانی بەنیسبەت ئایندەی هەرێمی کوردستان و بوونیادنانی کوردستانێکی بەهێز زۆرگرنگ و پڕبایەخن و لەماوەی داهاتووی حکومڕانیدا سوودی دووجەمسەری ئەم سەردان و پەیوەندیە تەندروستانەو سەردان و پەیوەندی دیکەی گرنگ بەچاوی خۆمان دەبینین

Top