بارودۆخی گەشەکردنی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا

بارودۆخی گەشەکردنی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا
پێشەکی
لە دوو وتاری پێشوودا تیشکم خستە سەر شێوازەکانی حوکمڕانی و گەشەکردنی ئابووری لە وڵاتانی هەژاردا. لە هەردوو وتاردا شیکردنەوەیەکی تیۆریم خستەڕوو لە بارەی دیموکراسی و دیکتاتۆری و کاریگەرییەکانیان لەسەر گەشەکردنی ئابووری و بە شێوەیەکی کورت باسی ئەزموونی وڵاتانی هەژارم کرد لەمەڕ سەرکەوتن و شکستخواردنیان لە بواری سیاسەتەکانی ئابووریدا. لە هەردوو وتاردا باسێکی ئەوتۆی ئەزموونی هەرێمی کوردستانم نەکردووە، بەڵکو ئەو شیکردنەوانەم خستەڕوو بۆ ڕێ خۆشکردن بۆ شیکردنەوەی بارودۆخی کوردستان لە هەمان بواردا. ئامانجی ئەم وتارە شیکردنەوەیەکی بابەتییانەی هەلە ڕەخساوەکان و ڕێگرییەکانی سیاسەتی گەشەکردنی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە لە ڕووی یاساییەوە و حکومەتی ناوەند هەوڵدەدات ڕێگری بۆ سیاسەتەکانی گەشەکردنی ئابووری دروست بکات، بەڵام ئەزموونی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی پازدە ساڵی ڕابردوو ئەوە نیشاندەدات کە حکومەتی کوردستان گەر بیەوێت دەتوانێت زۆربەی سیاسەتەکانی خۆی بگەیەنێتە ئەنجام. باشترین نموونەش سەرکەوتنی سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمە. بەڵام سەربەخۆیینەبوون کوردستانی بێبەش کردووە لە پاڵپشتە دەرەکییەکانی ڕێکخراو و بانکە جیهانییەکان. بۆ نموونە بانکی جیهانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی تەنها یارمەتی و قەرز بە وڵاتانی سەربەخۆ دەدەن و عێراق چەندان جار سوودمەند بووە لە یارمەتی و قەرزەکانیان.
ئەوەی پێویستە بگوترێت لێرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام پەرلەمانی کوردستان توانای سەربەخۆیی دەرکردنی یاسای هەیە لە ڕووی ئابووری و داراییەوە، بۆیە ڕێگری یاسایی بۆ سیاسەتی گەشەکردنی ئابووری لە کوردستاندا نییە. لە هەمان کاتدا پێویستە بگوترێت کە سەرباری ڕێگر و کۆسپەکانی گەشەکردن لە کوردستاندا، هەرێمی کوردستان لە چاو عێراقدا هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە بۆ گەشەکردن و ئەو پێشکەوتنانەش لە باری گوزەران و داهاتی تاکەکەسدا ڕەنگی بەرچاوی داوەتەوە. بۆ نموونە، بە پێی نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق، ڕێژەی ئەوانەی لە خوارەوەی هێڵی هەژاریدا دەژین کە بە ڕۆژانەی ($2.20) دوو دۆلار و بیست سێنتی ئەمریکی دەپێورێت، ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی لەژێر (3%) سێ لە سەدایە و لە هەولێر لەژێر (4%) چوار لە سەدایەو لە دهۆک نزیكەی (10%) دە لە سەدایە. لە کاتێکدا 25-20% ی هەموو عێراق لەژێرەوەی هێڵی هەژاریدا دەژین و بەرزترین ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی باشووری عێراق لە (40%) دا تێدەپەڕێنێت. بۆ نموونە لە پارێزگای موسەننا (49%)، پارێزگای بابل (41%)، و پارێزگای سەلاحەدین (40%).
لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە بکەین کە ئەو هۆکارانە چین کە بوونەتە مایەی ئەوەی ڕێژەی هەژاری زۆر کەمتربێت لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی لەچاو عێراق زۆر کەمترەو بە هیچ شێوەیەکیش دەستی بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان ناگات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە لە پێشدا دەستنیشانی ئەو هۆکارانە بکەین کە یارمەتی گەشەکردنی ئابووریان داوە و دوای ئەوە بەربەست و ڕێگرییەکانیش بە شێوەیەکی کورت بخەیەنە ڕوو.
بارودۆخە لەبارەکانی گەشەکردن
سەرباری ئەوەی پێگەی کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە کە کەوتووەتە ناوەڕاستی ناوچەیەکی پڕ لە پشێوی و شەڕوشۆڕ و نائاسایشەوە و تا ئێستاش ڕێکخراوی داعش بە درێژایی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان مەترسی بۆسەر کوردستان دروست دەکات، ئەمن و ئاسایشی کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە جێگیرترە. بەپێی سروشتی خۆی گەشەکردنی سەرمایەداری پێویستی بە ئاسایش هەیە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەردەوامی کارکردن و بەڕێوەبردن و پێشکەوتنی کارامەیی کرێکار و جێگیرکردنی هەستی بەردەوامبوونی بازاڕ و بەرهەمهێنان. بەبێ ئەم هەلومەرجانە، سەرمایەداران و کۆمپانیاکان ناتوانن سەرمایەکانیان بخەنە مەترسییەوە و وەبەرهێنان بکەن. لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان جێگەیەکی، تا ڕادەیەکی زۆر، ئارامی بۆ سەرمایەگوزاری ڕەخساندووە. بێگومان سەرەڕای کەم و کوڕییەکانی دیکەی، حکومەتی کوردستان ئامراز بووە لە جێگیرکردنی ئەم بارودۆخە.
هۆکارێکی دیکەی لەبار بۆ گەشەکردنی ئابووری شێوازی دەسەڵاتی سەردەمیانەیە (seculargovernment). هەر وەک مەزهەبی پرۆتستانتیزمی بەریتانی کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری لە بەریتانیادا پێش وڵاتانی دیکەی ئەوروپی، لە کوردستاندا بەپێی کەلتووری کۆمەڵایەتی و نەریتی سیاسی، دەسەڵات نائاینیە و بەدەستهێنانی سامان و خۆدەوڵەمەندکردن بە هەوڵێکی ئەرێنی وەردەگیردرێت و کۆمەڵگای کوردی دەوڵەمەند بوون بە ناشیرین و دژ بە خودا نازانێت. ئەمەش وایکردووە کە هەموو تاکێک هەوڵی پێشبردنی باری گوزەرانی خۆی بدات، بە کۆش، کۆمەڵگە ساڵ لە دوای ساڵ پێوەری پێشکەوتنی خۆی بە پێشەوەچوونی بارودۆخی ماددی خۆی دەپێوێ. بۆ نموونە، ژمارەی نەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆ و جادەوبان و بەنداوی ئاو و جێگەکانی خۆشگوزەرانی و هتد. بە پێچەوانەشەوە هیچ کەس زیادبوونی ژمارەی مزگەوتەکان بە هێمای پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی نازانن. بۆیە هەبوونی ئەم کەلتوری دنیاوییە (Secularism) لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە کە لە دەسەڵاتی سیاسیدا ڕەنگی داوەتەوە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ پێشکەوتنی ئابووری.
لە لایەکی دیكەوە، میللەتی کورد هەر لە مێژەوە بە ڕەنجی شانی خۆی و بەبێ پشتیوانی توانیویەتی خۆی بژیەنێت. ئەمەش کارکردن و زەحمەتکێشانی کردوەتە چەقی ژیانی میللی گەلی کورد. ئەم کار-ڕەفتارە (WorkEthic) هەتا هاتنەکایەی لێشاوی پارەی نەوت لەدوای لابردنی ڕژیمی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣ دا بەردەوامی هەبوو. بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پارتە سیاسیەکان، بەشێک لە بەر خاتری خۆیان و ڕاکێشان و کڕینی جەماوەر و بەشێکیش لە پێناوی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی بۆ هەموو ئەو نەهامەتیانەی تووشیانبووە، زۆر خەڵکیان کردە مووچەخۆر. ئەمەش کەلتووری بێکاری و تەمبەڵی لە ناو خەڵکی سادەدا جێگیرکرد. بۆیە بەبێ کارتێکەری داهاتی نەوت، گەلی کورد هەموو کات زەحمەتکێش و کاردۆست بووە. ئەمەش پێداویستییەکی زۆر گرنگی گەشەکردنی ئابوورییە. بۆیە حکومەتی کوردستان گەر بیەوێت زۆر بە ئاسانی کار-ڕەفتارە کۆنەکە لە ناو خەڵکدا زیندوودەکاتەوەو خەڵکی جارێکی دیکە دەکاتەوە بەرهەمهێنەر و پشت بە خۆبەستوو.
لە گەڵ ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە باسکران، دەسەڵاتدارانی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر ڕەفتاریان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆکردووە و ویستویانە هەرێمی کوردستان لە شانی وڵاتانی دراوسێدا بەراوردبکرێت. بۆیە ئەم هەستی سەربەخۆییە لە ڕووی کەسایەتیی سیاسی و نەتەوایەتییەوە بووەتە هاندەرێک بۆ پێشەوەچوون و کۆشش بۆ گەشەکردنی ئابووری. ئەم خاڵە گرنگیی خۆی هەیە چونکە هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بەشێکە لە عێراق بەڵام هەموو کات هەوڵیداوە خۆی لە دەوڵەتی عێراق و دراوسێکانی جیابکاتەوە. هەر بۆیە هۆکاری ‹من جیاوازم› هاندەرێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی ئابووری. ئەم هۆکارەش زۆر لێچووانی هەیە لەگەڵ هاندەری ‹بگەم بە دراوسێکانمدا› (Catchingwithmyneighboringcountries) کە لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا باوبووە.
هۆکارێکی دیکەی گرنگی یاریدەدەر بۆ گەشەکردنی ئابووری لە کوردستاندا، سنوورداربوونی دیاردەی گەندەڵییە. گەندەڵی بە خوێنڕشتنی ئابووریی وڵات دەشوبهێنرێت و دەبێتە مایەی لاوازکردنی توانای گەشەکردنی ئابووری. ئەڵبەتە پێوەری تایبەت هەن بۆ پێوانی ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتدا و زۆر جار دادگا کێشەکانی گەندەڵی لابەلا دەکاتەوە، چونکە گەندەڵی لە بنەڕەتدا کێشەیەکی نایاساییە. بەڵام سەرەڕای هەبوونی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، لە کوردستاندا ئەو جۆرە پێوەرانە هێشتا کارانەکراون. ئەڵبەتە پێناسەکردنی جۆرەکانی گەندەڵی مەبەستی ئەم وتارە نییە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دیاردەی گەندەڵی هەل و تەوژمی گەشەکردنی ئابووری لاوازدەکات. لە هەرێمی کوردستاندا، دیاردەی بەرتیل و فرۆشتنی پۆستە حکومییەکان بوونیان نییە، چونکە دیاردەی یەکەم لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە جێگەی ناڕەزاییەکی کۆمەڵایەتی یەکجار زۆرە و دووەم پۆستە باڵاکانی حکومەت هەموویان سیاسین و لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بەش دەکرێن. بۆیە هیچ پۆستێک بۆ فرۆشتن نییە. سەرباری ئەمانەو بە دانپێدانانی گەورە بەرپرسانی کوردستان گەندەڵی هەیەو دیاردەیەکی زۆر زیانبەخشە. سەرەرای ئەمانە، گەشەکردن و دامەزراندنی ژێرخانی ئابووری و بەرزبوونی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵکی نیشانەی ئەوەن کە سەرەڕای هەبوونی گەندەڵی بەشێکی زۆری داهاتی وڵات دەڕژێتە چوارچێوەی گەشەکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. باشترین پێوەر بۆ سنوورداربوونی گەندەڵی بەراوردکردنە لە گەڵ عێراق و ئێراندا کە لە کاتێکدا داهاتی هەردوو وڵات لە چاو داهاتی گشتی کوردستاندا یەکجار زۆر بەرزن، بەڵام ئاستی ڕێژەی هەژاری تیایاندا لە چاو کوردستاندا زۆر بەرزن.
ئاستەنگەکانی گەشەکردنی ئابووری
سەرباری ئەو هۆکارە لەبارانە، هەرێمی کوردستان دووچاری ئاستەنگ و ڕێگری زۆر بووەتەوە لەمەڕ گەشەکردنی ئابووریدا. هەندێ لە ئاستەنگەکان هەر لە مێژەوە هەبوون و حکومەتی کوردستان هەوڵی چارەسەرکردنی نەداون لە بەر هۆکاری جیاواز و هەندێکی دیکەی لە پازدە ساڵی ڕابردوودا لە ڕەوتی دەسەڵاتی دواکەوتووی سیاسیدا هاتوونەتە کایەوە. لێرەدا بە پێی ڕیزبەندی بە کورتی باسی هۆکارە سەرەکییەکانیان دەکەین.
ئاستەنگی هەرە سەرەکی لە ڕێگەی گەشەکردنی ئابووریدا، نەبوونی سیستەمی بانکی مۆدێرنە. بەبێ سیستەمی بانکی وەک ئێستا لە کوردستاندا باوە، سووڕی پارە زۆر سنووردار دەبێت و زۆربەی ئاڵوگۆڕەکان بە پارەی کاش دەکرێن و قەبارەی پارەی کوردستان تەنیا بە پارەی کاشی هەبوو لە بازاڕدا دەبێت نەک بە متمانەی بانکی (Credit). ئەو کەسانەی کە ئەلف و بێی ئابووریان خوێندووە دەزانن کە سیستەمی بانکی زۆر بەئاسانی هەزار دۆلار لە تەنها دە دۆلار لە پرۆسەی سووڕی پارەدا دروست دەکات. هەر بۆیە قەبارەی پارەی وڵات تەنیا بە بڕی پارەی کاشی هەبوو ناپێورێت. خراپییەکی دیکەی نەبوونی سیستەمی بانکی سوودمەندنەبوونی ئابوورییە لە پاشەکەوتکردنی خەڵکی. نەبوونی متمانە بە بانکەکان وای لە خەڵک کردووە کە پاشەکەوتەکانیان لە ماڵەوە بشارنەوە. بەمەش ئابووریی کوردستان بەهرەمەند نەبووە لەو پاشەکەوتانە لە کاتێکدا دەکرا ئەو پاشەکەوتە زۆرەی خەڵکی تەرجومە بکرێت بۆ وەبەرهێنان لە بانکەکاندا لە کاتی قەیرانی دارایی چەند ساڵی ڕابردوودا. نەبوونی جێگەی وەبەرهێنان بۆ پاشەکەوتە کەمەکان لە لایەکی دیکە دەبێتە مایەی زیادەمەسرەفی و زیادەخۆری کە لە ڕووی ئابوورییەوە بە لە دەستدانی هەلی قازانجکردن دەژمێردرێت.
سەرباری هەموو ئەمانە، سیستەمی بانکی چوار کرداری (Function) هەرە گرنگ لە بازاڕدا ئەنجامدەدات کە ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم، چون لە بازاڕی پارەدا نابەرامبەری قەبارە (Size) هەیە لە نێوان پاشەکەوتکەر و وەبەرهێندا، بۆیە ئابووریی وڵات پێویستی بە بانک هەیە بۆ ئەوەی ئەم نابەرامبەرییە چارەسەربکات. لە هەموو جیهاندا، پاشەکەوتکەر بڕێکی پارەی کەمی بۆ پاشەکەوت دەکرێت، با بڵێین تەنها ($100) سەد دۆلاری ئەمریکی لە مانگێکدا. ئەم سەد دۆلارە بەهیچ شێوەیەک سەرمایەگوزاری پێناکرێت. لە لایەکی دیکەی ئابووریدا، سەرمایەگوزار (وەبەرهێن) پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆر هەیە، با بڵێین (100,000$) سەد هەزار دۆلار بۆ ئەوەی پرۆژەیەک دەستپێبکات. بەڵام ئەم وەبەرهێنە ناتوانێت هەزار پاشەکەوتکەری سەد دۆلاری بدۆزێتەوە و ڕێککەوتنیان لە گەڵدا بکات هەتا پارەکەیانی پێبدەنن چونکە ئەم کارە لە هەموو ڕووەکانی یاسایی و کات و تێچوون و کردارییەوە زۆر گرانە. لێرەدا بانک دەتوانێت ئەم کارە زۆر بە ئاسانی بەئەنجام بگەیەنێت، ئەویش بەوەی پاشەکەوتە سەد دۆلارێکان لە هاوڵاتیان لە هەژماری پاشەکەوتی خۆیاندا وەربگرێت، تێچەنێکی پارەی باشی لێ کۆبکاتەوە و ئەوجا بە قەرز ($100,000) ی بدات بە وەبەرهێنێک. بەم کردارەش بانک چارەسەری کێشەی نابەرامبەری قەبارە لەنێوان پاشەکەوتکەر و وەبەرهێنەردا چارەسەر دەکات.
دووەم، بانک لە لایەکی دیکەوە نابەرامبەری کێشەی کات لەنێوان پاشەکەوتکەر و وەبەرهێنەردا چارەسەر دەکات. پاشەکەوتکەران بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەیەکی کورت پاشەکەوت دەکەن، ڕەنگە لە چەند مانگێک یا زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ نەکات، بەڵام وەبەرهێن پێویستی بە قەرز هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر و ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت هەتا پرۆژەکەی دەستدەکات بە قازانجکردن. بۆیە بانک پارە کەمەکانی پاشەکەوتکەران لای خۆی کۆدەکاتەوە و دەتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژتر بە وەبەرهێنەری بە قەرزبدات. بانک دەتوانێت ئەم کارە ئەنجامبدات چونکە هەمیشە هێندە پاشەکەوتی خەڵکی لا کۆدەبێتەوە کە بتوانێ لە درێژمودەتا پارەی هەبێت بۆ وەبەرهێنان.
سێیەم، سیستەمی بانکی کارێکی دیکەی گرنگ دەکات لە بازاڕدا کە هانی پاشەکەوتکەران دەدات، ئەویش کەمکردنەوەی مەترسی لەناوچوونی پارەیە. بانک بە پێدانی قەرز بە پرۆژەیەکی زۆر، مەترسیی زیانکردن کەمدەکاتەوە، واتە دابەشکردنی مەترسی بەسەر ژمارەیەک وەبەرهێنی زۆردا. بانکە جیهانییەکان وەک کەلتوورێک ساڵانە هەندی پارە بەلاوە دەنێن بۆ ئەوەی زیانەکانی پرۆژە شکستخواردووەکان داپۆشن، ئەمەش لە قازانجەکانیانەوە لە پرۆژەکانی دیکەوە دێت. بۆیە بانک هەتا قەرزەکانی زۆر و هەمەچەشنە بن هێندە ڕێژەی مەترسییەکانی کەمتر دەبێتەوە و بەمەش گەرەنتی دانەوەی پارەکانی پاشەکەوتکەران دەدات.
چوارەم، کارێکی دیکەی گرنگی سیستەمی بانکی کە یارمەتی گەشەکردنی ئابووری دەدات، ئەویش کۆکردنەوە و پرۆسەکردنی زانیارییە لە بارەی کەرتەکانی ئابوورییەوە. بێگومان بۆ پاشەکەوتکەرێک زۆر کارێکی گرانە زانیاری لە بارەی پرۆژە سەرکەوتووەکانەوە کۆبکاتەوە تا بتوانی سەرمایەگوزاریان تێدا بکات بەڵام بانک بە ئاسانی ئەم کارە ئەنجام دەدات و زانیاریی کۆکردنەوە بەشێکی کارە گرنگەکانی بانکە و لە هەڵسەنگاندنی پرۆژەیەکدا کە قەرزی دەوێت بانک هەزار و یەک سەرەن و بێژنگ دەکات کە ئەمە کارێکی نەکردەنییە بۆ سەرمایەگوزارێکی تەنیا.
ئاستەنگێکی گەشەکردنی دیكەی ئابووری بەرزبوونەوەی کرێی ڕاستەقینەی کرێکارە لە کوردستان. بەداخەوە بە هۆی داهاتی نەوتەوە ئێستا کرێی کرێکار لە چاو وڵاتە دراوسێکاندا زۆر بەرزە، بۆیە دامەزراندنی پیشەسازی و بەردەوامبوونی زۆر گراندەبێت لە ڕووی تێچوونەوە. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە دەبینین کوردستان پڕبووە لە کرێکاری بیانی چونکە کرێکارانی ناوخۆ بە کرێی کەم گوزەرانی ژیانیان ناچێت بەڕێوە و پێیان باشترە چەکداری حیزبەکان یا فەڕاشی دام و دەزگاکانی دەوڵەت بن.
لە لایەکی دیکەوە، بە هۆی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بە سەر دوو پارتی سەرەکیدا، سەرمایەگوزاری لە هەر بەشێکدا پێویستی بە ڕەزامەندیی لایەنی دەسەڵاتدار هەیە. ئەمەش بە ئاسانی ناکرێت گەر سەرانی ئەو دەسەڵاتانە بە ئیمتیازاتێکی تایبەت ڕازی نەکرێن. ڕەنگە ئەوەش بە پێدانی پشکێک لە پرۆژەکەدا تەواوببێت یا بە پێدانی بڕە پارەیەکی زۆر. لە هەردوو باردا، تێچووی پرۆژەکە بەرزدەبێتەوە و لە ڕێژەی قازانجەکەی هێندە کەمدەبێتەوە کە ڕەنگە سەرمایەگوزار پەشیمانبکاتەوە. ئەمەش بەشێکی گرنگی دیاردەی گەندەڵییە لە هەرێمی کوردستاندا کە زیانی زۆری بە گەشەکردنی ئابووری گەیاندووە.
پەیوەست بە خاڵی سەرەوە، پارتە سیاسییەکان لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆیاندا کۆمەڵێک کۆمپانیای سێبەریان دروستکردووە کە باشترین و بە قازانجترین پرۆژەکانی حکومەت و ئابووری بۆ خۆیان دەبەن. بەمەش سەرتوێژی ئابووری کوردستان دەکەویتە دەست توێژی دەسەڵاتدار نەک سەرمایەداری بەرهەمهێنەر. ئاشکراشە کە کاتێک خەڵکی سیاسی و قومارباز و گەندەڵکار پارەیان لا کۆدەبێتەوە زۆربەی دەکەنە کۆشک و تەلار و ڕابواردنی خۆیان و منداڵەکانیان و ئەویتری تەخشان و پەخشان دەکەن. هەر بۆیە نموونەی خەڵکی خراپ لە کوردستاندا منداڵانی بەرپرسیارانە. ئەم دیاردەیەش زۆر خانایی هەیە لەگەڵ کۆشک و تەلارەکانی فیودالەکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا. ئێستاش لە سەردەمی سەرمایەداری پێشکەوتوودا ئەو کۆشک و تەلارانە زۆربەیان بەتاڵن و هیچ کەڵکێکی ئابووریان نییە.
نەبوونییەکی دیکە کە یارمەتیی گەشەکردنی ئابووری نادات، نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان زانست و گەشەکردنی ئابووریدا. بە داخەوە زانکۆ و پەیمانگاکانی خوێندنی باڵا لە کوردستاندا تەنیا خاوەن بڕوانامە پێدەگەیەنن نەک خاوەن زانستی سەردەم. بۆیە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە زانست و تەکنەلۆجیا و خوێندنی باڵای کوردستان لە یەک جیابوونەتەوە. ڕەنگە خەڵکانێک وابزانن کە تەکنەلۆجیا زۆر بە ئاسانی کۆپی دەکرێت یا دەکڕێندرێت یا تەنانەت دەدزرێت و ئابووری دەتوانێت سوودی خۆی لێببینێت، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە و لە نەشارەزاییەوەیە. لە مێژە لە زانستی ئابووریدا ئەو ڕاستیە جێگیربووە کە گەر تەکنەلۆجیا خوودی (Endogenous) نەبێت ئابووریی وڵات ناتوانێت نەک هەر بەهرەمەند بێت لێی بەڵکو ناشتوانێت تەبەنیشی بکات. گەر سەیری وڵاتانی دراوسێ و چین و ڤێتنام و کوریا و تایوان بکەین بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە گەشەکردنی ئابووریی ئەوان لە سایەی بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیای خۆیاندا بووە. بۆیە گەنم هاڕین گرنگە، بەڵام ئاش دروستکردنەکە دەبێتە مایەی گەشەکردن نەک خواردنی ئاردی ئاشەکە.
دەرئەنجام
بابەتی ئەم وتارە نەک هەر تێڕامانی زۆر، بەڵکو کاری لێکۆڵینەوەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێت. حکومەتی کوردستان گەر مکوڕە لە سەر گەشەکردنی ئابووری، دەبێت ئەو هۆکارانەی پاڵپشتی گەشەکردنی ئابووریان تا هەنووکە کردووە زیاتر پەرەیان پێبدات و جێگیرتریان بکات. لە هەمان کاتدا ئەو هۆکارانەی کە ڕێگرن بەڕووی گەشەکردنی ئابووریدا هەوڵ و کۆشش بکات بۆ کەمکردنەوەیان و پلانی هەبێت بۆ بنبڕکردنیان. هیچ لەو خاڵانەی لە سەرەوە باسکران ئاستەم نین گەر ئیرادەی سیاسی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبن. گەر تورکیا و ڤێتنام و کۆریا بەو هەموو بێ سەرچاوەی سروشتییەوە بتوانن بیکەن، حکومەتی کوردستانیش بەو هەموو سەرچاوەی سروشتییەوە، دەتوانێت چاو لەوان بکات و تیایدا سەرکەوتوویش بێت.

Top