چارەنوسی كۆمەڵ لە حكومەتی مردار.

چارەنوسی كۆمەڵ لە حكومەتی مردار.
لە چوار ساڵًی رابردوو كۆمەڵی ئیسلامی وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن خۆی لە قەلەم دا، هاوشان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمان بوون لە رەخنەگرتنی بێ‌ چارەسەر بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان. بڕیاری ئەوان بوو پێكەوە یەك دەنگبن لە بەشداری كردن و نەكردنی حكومەت لەم چوار ساڵەدا، هیچ كامیان بێ‌ رەزامەندی ئەوەی تر نەچێتە كۆبونەوە و قسەكردن لەسەر حكومەتی نوێ‌.
دواتر هاوپەیمانی ئاوەژوو بویەوە، گۆڕان بە كۆمەڵی گوت تا ئێرە بەسە، هەر یەكەمان بەدوای پشكی خۆی، بەڵام كۆمەڵ سوربوو لەسەر هەڵوێستەكانی، لە ماوەی هاوپەیمانیەتیان كۆمەڵی ئیسلامی لەپێناو ئەجێندای گۆڕان تا رادەیەكی زۆر دژایەتی پارتی كرد، بێ‌ ئەوەی پارتی هیچ خەرابیەكی بۆ كۆمەڵ هەبێت. لە خۆیەوە راست و چەپ كەوتە لۆمە، بەمەش نائاگا لە داوی گۆڕان مایەوە.
ئەوەی بۆتە جێگەی تێفكرین و پرسیار، تاكو ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی نازانێت پارتی خاوەنی زۆرینەی پەرلەمان بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت پێدەكات یاخود نا. لە سەری دوو رێچكە ماون بۆیان روون نیە رۆیشتن بەكامیان لە بەرژەوەندیان دەشكێتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی هەڵمەتی دەستكردن بە قسە لەسەر نارونی حكومڕانی داهاتوو.
كۆمەڵی ئیسلامی باش دەزانێت بەشداری پێكردنیان لە حكومەتی نوێ‌، بە سەنگ و قورسایی رابردوو نابێت. ئەگەری هەیە لە دوای واژوو كردنی رێكەوتنی كۆتایی، پارتی بانگهێشتی كۆمەڵ بكات، بەڵام بێ‌ قبول كردنی هیچ مەرجێك بەڵكو بەشداری پێكردنێكی قورسە بەوەی نابێت لە حكومەت بن و وەك ئۆپۆزسیۆن قسەبكەن، هەرچەند بەشداری پێكردنیان تا ئێستا ئاشكرانیە.
لە دوای هەڵبژاردنەوە كۆمەڵ لێدوانەكانی نەرمە و لە چاوەڕوانی بەشداری پێكردنن، نایانەوێت لەم ئان و ساتە ناسكە جارێكی تر دڵی پارتی بڕەنجێنن و بەرنامەی خەڵكی تر ئەدابكەن، چونكە لەم تاقیكردنەوە شكەست بوون، بە هەڵە خرانە داوی بەرژەوەندی لایەنی تر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەبێ‌ تێڕامان بۆ رابردویان بكەن و هەڵەكانیان بەرامبەر پارتی راست بكەنەوە.
تا رادەیەكی زۆر درك بەوە دەكرێت ئەوانیش گوڵی ئەمەلیان بەرەو سیس بوون دەڕوات. بەوەی تاكو ئێستا پارتی بە شێوەیەك ئاوڕی لێ‌ نەداونەتەوە شایەنی باس بێت و هیچ پۆستێكیان بۆ تاوتوێ‌ نەكراوە، كەوتونەتە نێوان دوو بەرداش، بۆ چاوگرتنی دەنگدەرانیان دەڵێن چاوەڕێین حكومەت پێك بهێندرێت ئەوسا بڕیاری بەشداریكردن یان نەكردن دەدەین لە كابینەی نوێدا. ئەمەش كارێكی سەختە چونكە ئەگەر ئەوان لەسەرەتا پشكیان بۆ دیاری نەكرێت و بانگهێشت نەكرێن لە لایەن پارتی دواتر هەنگاوی بەشداری كردن بۆیان قورس دەبێت. بڕوام وایە ئەگەر كۆمەڵ بەشداریشی پێبكرێت دەرفەتی دڵگێڕان لەسەر پۆستەكانی بۆ نەماوەتەوە.
لە پێشبینی بەشداری پێنەكردنیان بۆ حكومەتی نوێ‌ لە ئێستادا دەیانەوێت چەند قسەیەك بخەنە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان تاكو لە ئەگەری بەشداری پێنەكردن خەراب بەسەریان نەشكێتەوە، توشی شەرمەزاری گەورە و ناڕزایی توندی دەنگەدرانیان نەبنەوە دەیانەوێت (پێش هاتنی تا بەڕ بەخۆیان دابدەن).
بەچەند قسەیەك دەیانەوێت سەرنجی ئەوانە لەسەر خۆیان كاڵ بكەنەوە كە دەنگیان پێداون، بەوەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی باس لەوە دەكات حكومەت مردار بۆتەوە بۆ كۆمەڵ باش نیە بەشداری بكات، كەچی خەڵك وا دەبینێت خەریكە كۆمەڵ مردار دەبێت.
هەموومان ئاگادارین لەماوەی دوو رۆژی رابردوو حەوت كادری باڵای كۆمەڵ دەستیان لەكار كێشایەوە بەهۆی بێبەرنامەیی كۆمەڵ، نا روونی لە بڕیار و نادادگەری و كۆكردنەوەی بڕیار لە دەستی تەنها كەسێك ئەمە بوە هۆی توڕەیی سێ‌ ئەندامی سەركردایەتی و چوار كادری تر لە ئاستی باڵا. ئەم هەڵوێستە وادەكات كادرانی تر لە ئاستی بەرز بێنە دەنگ بۆ پەردە پۆشكردنی هۆكاری دەست لە كار كێشانەوەی ئەم كادرانەی كۆمەڵی ئیسلامی.
هەرچەند ئەوان زۆر باس لە دادگەری دەكەن، بەڵام ئەم هەڵوێست و توڕەیی كادرانی باڵای كۆمەڵ نیشانەی پرسی خستە سەر ئەدای كار و یەكنەگری قسە و كردار، بۆمان روون دەبێت بڕیار لە دەستی ئەمیری كۆمەڵە دەنگی ئەو زاڵە بەسەر كۆی دەنگە بەر هەڵستەكانی ناوخۆ، دەنگە ناڕازیەكان لەسەر شێوازی كاركردنی حزب كپكراون، رێگە نادرێت دەنگی گازاندە سەرهەڵبدات.



Top