نێچیرڤان بارزانی و ژینگەدۆستی

نێچیرڤان بارزانی و ژینگەدۆستی
ئەمڕۆ رۆژی ژینگەی كوردستانە، بۆیە گرنگە بیر لەوە بكرێتەوە هەموومان پێكەوە كاربكەین بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان، هاوكات لایەنە پەیوەندارەكان پەیڕەوی لە سیستەمی ئابووری ژینگەیی بكەن، لە پێناو كەمكردنەوەی زیانەكانی پیسكردنی ژینگەی وڵاتەكەمان، چونكە گەر لە ئێستاوە كار بۆ ئەو ئامانجە نەكەین، بە دڵنیاییەوە لە ساڵانی داهاتوو هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕوو لە پیسبوونی زیاتر دەكات، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان و هەڵكشانی تووشبوون بە شێرپەنجە، كە دواجار بۆ چارەسەری هەر نەخۆشێك دەبێت هاوڵاتیان و حكوومەت بودجەیەكی زیاتر لە ئێستا تەرخان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی كارگەكان، ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانی دیكە كە هۆكارگەلێكن بۆ زیاتر پیسبوونی ژینگە، ئابووری كوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆرتر دەبێتەوە.

بەپێی داتاكان رۆژانە حەوت هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک لە هەرێمی كوردستان فڕێدەدرێت و خەرجی حکوومەت بۆ کۆکردنەوەی ئەم زبڵ و خاشاکە دەگاتە 12 ملیار دینار، ئەمە جیا لەو بودجەی ساڵانە حكومەت بۆ پاراستن و چاككردنەوەی ژینگەی هەرێمی كوردستان تەرخانی دەكات، لەگەڵ دەیان ملیار دیناری دیكە بۆ چارەسەكردنی نەخۆشییە درێژخانەكان كە هۆكاری سەرەكیان بۆ خراپی خۆراك و ژینگە دەگەڕێتەوە.

لەئێستادا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا هەوڵدەدەن بودجەیەكی زیاتر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە ژینگەییەكان تەرخان بكەن، لە پێناو پاراستنی سرووشت و ژینگەی جیهان، كە لەبنەڕەتدا هەر خۆیان هۆكاری سەرەكین بۆ پیسبوونی، بەڵام دەبێت ئەوە هاندەرێكی بەهێزتربێت بۆ ئێمە تاكو پارێزگاری لە سرووشتی جوانی كوردستان بكەین لە پێناو پاراستنی گیانی نەوەكانمان.

ئەو هەڵمەتە یەك هەفتەییەی ئەمڕۆ بەرێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەرێمی كوردستان جێگەی دەستخۆش و پێزانییە و گرنگە هەموومان لە پێناو ژیانێكی تەندروستتر پشتیوانی بكەین و بەكردار كار بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی كوردستانەكەمان بكەین.


#ژینگە و #سرووشتی #كوردستان
#نێچیرڤان #بارزانی
Top