ئیوارەی 16ی نیسانی 1987 ئیوارەیەكی شوم
April 16, 2019
وتار و بیروڕا
لە کۆتاییدا ئێوارەیەک ھات ھەموو شتەکانی برد، لە ھیچ ئێوارەیەک نەدەچوو ھیوای گەیشتن بە ئاییندەیەکی ئازاد و خۆشگوزەرانی لەناوبرد، پلانە درێژخایەنەکانی ژیانی پچڕاند.
پیاوەکان لەناو ڕەز و باخەکان لە ڕێگای گەڕانەوە بوون بەرەو ماڵ، بە ئومێدی ئەوەی بە بینینی خێزان و منداڵەکانیان بحەسێنەوە و نانی ئێوارە لەگەڵ ھاوسەر و منداڵە چاوگەشەکانیان بخۆن و برسیەتی و ماندوێتییان نەمێنێت، ھاوسەرەکانیشیان چاوەڕوانی پیاوەکان بوون ، لە ھەموو ماڵێک بۆنی چێشت دەھات و بە منداڵەکانیان دەگوت با باوکتان بێتەوە بە یەکەوە نان دەخۆین .
گەنجەکان بە ھیوای ئەوەی بە بینین و نیگایەکی پڕ خەندەی دۆستەکانیان کەمێک لە ماندوێتی ئەمڕۆیان کەمبکەنەوە و ئەو ھەستە دایانبگرێت کە لەم جیھانەدا کەسێک ھەیە چاوەڕوانی ئەوانە و بوونییان گرنگە لای ئەوان.
منداڵەکانیش ڕایاندەکرد لەبەر دەرگا لەسەر ڕێگا و ھەمان جێگای ڕۆژانی پێشتر چاوەڕوانی ھاتنەوەی باوکیان دەکرد، بەڵکو بەدیارکەوێت و لەگەڵ قیژەی خۆشی و لێکدانی دەستەکانیان ھاواربکەن دایە ... دایە ... باوکم ھاتەوە .
ھەموو ئەم ڕووداوانە لە یەک خولەکدا و لە جێگای جیاواز بەردەوام بوون، بەڵام لێرەدا ژیان وەستا، جۆرێکی نوێی قڕکردنیان لەسەر تاقیکرایەوە کە پێشتر کەس لەم مەملەکەتە بەم شێوەیە گیانی نەدابوو، بەبۆنی سێوی ھەڵگری گازی خەردەلی خنکێنەر گەنج و پیر و منداڵ بێ جیاوازی کەوتنە بەر ئەم ھێرشە دڕندانەیە، زۆرینەی ڕەھا شەھیدبوون و ھەریەک بە ئازارێک و بە خەون و خەیاڵێکی نیوەچڵەوە بە ناچارییەوە بەبێ ئەوەی ھیچ تاوانێکیان کردبێت، دەستیان لەم ژیانە بەردا.
ئەوەشی کە مایەوە چاوەکانی کوێر بوون و سووتانی پێست و تەنگەنەفەسیش لەلایەک، بە ھیوای ئەوەی دەستێک دێت دەستیان بگرێت و چارەسەر بکرێن، چونکە لە ناخۆشترین ساتیشدا ژیان خۆشترە لە مردن ھەرگیز مردن لە ژیان خۆشتر نییە، ژن و منداڵەکان دورخرانەوە بۆ دووری سی بۆ چل کیلۆمەتر و لەوێ بە کوێری خرانە چاڵێکی بێ سەرەوە زۆرینەیان شەھیدبوون، منداڵ لەبەر مەمکەکانی دایکی تا بەیانی بە مردووی مایەوە، ئێستاش ئەو منداڵە لە ژیاندایە و دەژیت، ئەوانەی مانەوە ژمارەیان یەک لەسەر چوار کەمتر بوو .
پیاوەکانیش جیارکرانەوە و بران بۆ شوێنێک کە ئێستاشی لەگەڵدابێت نەمانزانی و کەسیش جگە لە بکوژەکانیان نازانن لە کوێن، چۆن و بە چ ئازارێک شەھیدکران و لە کوێ جەستەی پیرۆزی بێ گوناھیان بەخاکسپێردرا، ڕەنگە بە خاکیش نەسپێردرابن و فڕێ درابنە بەردەمی سەگە برسییەکانی بیابان، بەڵام من گومانم نییە سەگیش جورئەتی خواردنی ئەو جەستە پیرۆز و بێ گوناھانەی نەبووە ، ئەم ئێوارەیە ئێوارەی (١٦.٤.١٩٨٧) بوو .
ئێرە گوندی شێخ وەسانی خاوەن (٢١٢) شەھید و بالیسانی خاوەن ( ٥٥ ) شەھیدە، یەکێکن لە شوێنە پیرۆز و ھەردەم سەربەرزەکانی کوردستان ، دروود بۆ گیانی پاکی بەرزەفڕی شەھیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان .