لاواندنەوە نازەكانی یەكێتی گەورەتركرد.
April 6, 2019
وتار و بیروڕا
هەرچەند پارتی وەك چۆن بە رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان پەرلەمانی كارا كردەوە، دەی توانی لەو ماوەیەدا بەبێ بوونی یەكێتی حكومەتیش پێك بهێنێت، بەڵام ئەوەی نەكرد چونكە نایەوێت هێزێكی وەك یەكێتی بخاتە دەرەوەی حكومەتی نوێ بە شێوی ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە. هەموومان باش ئەوە دەزانین بە نەبوونی پارتی یاخود یەكێتی لە حكومەتدا كەلێنێكی ئەمنی گەورە دروست دەبێت لە هەرێمی كوردستان و لە رووی ئابوری و كۆمەڵاتیش كاریگەری دەبێت بەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
پارتی زیرەكانە مامەڵە دەكات لەگەڵ هێزولایەنەكانی تری كوردستان، لە پێناو پێكهینانی حكومەتێكی بەهێز بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست دەنگ و خواستی خەڵكی كوردستان بێت و چاوەڕوانیەكانیان رەنج بە خەسار نەبێت، هەنگاوەكانی ورد و دووربینن تاكو لە ئایندە هیچ كەس و لایەنێك زەرەر مەند نەبێت، ئەوەی بۆ خەڵك و پارتەكان و دونیای دەروە سەلماند قازانج خواز نیە، بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان بەرژەوەندی پارتیە ئەو هەنگاوە دەنێت سود بەخشە بۆ میللەتی كورد.
بۆیە كۆڵ نادات هیچ پاساوێكیش بۆ بەیەك نەگەیشتن نابینێت، ئەوەی روونە لە پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەتدا رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسیەكانی خۆی لەبەر چاو نەگرتوە ئەوەندەی بەدوای رازی كردنی دڵی لایەنەكانەوەیە، ئەمەش بۆتە ئەركێكی گران بۆ پارتی. چونكە هەر لایەنەو بە پێی سودی خۆی پشك دەخوازێت و داواكاری هەیە، یەكخستنی ئەم هەموو رایە ئارامگری دەوێت.
پارتی هەنگاوێك نانێت لێی پەشیمان بێت، ئەوەی دەیكات لە ئایندە درك بە بایەخەكەی دەكەین. ئەم شێوازە خۆماندی كردنەی پارتی بە حزبەكانی تری كوردستان وا دەكات حكومەت و سەرۆكایەتیەكی بە هێز بێتە كایەوە لە ئەنجام كوردستان بە هێز و هاووڵاتیانیش خۆشگوزەرانبن. چوارساڵی ئارام و خزمەتگوزار بێتە ئارا، بەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم خزمەتكردن زاڵ بێت.
لەم كابینەیەدا پارتی خاوەن ماڵ و لایەنەكانی تریش بە میوان سەیر دەكرێن بەو هۆیەی ژمارەی كورسیەكان بەرێژەیەكی بەر چاو جیاوزازیان هەیە. بۆیە پارتی وەك خاوەن ماڵ ئەو مافە بە خۆی دەدات ئەو پەڕی رێز لەوانی تر بگرێت بەڵكو بگرە هەندێك جاریش دەگاتە ناز كردن و لاوانەوەیان لە لایەن حزبی یەكەم، مادام خاوەن ماڵە كەوایە ئەگەر لە هەندی پشكی خۆی سازشیش بكات بە كارێكی رەوای دەبینم، هەروەك چۆن گۆڕان زیاد لە بەركەوتەی خۆی وەرگرت، هەمان گەورەیی لەگەڵ یەكێتیش دەنوێنێت.
ئەمە كارێكی مەحاڵ نیە و لە پێگەی جەماوەری و نێو دەوڵەتی پارتی كەم ناكاتەوە. بەڵام دەبێت حزبەكانیش لەوە تێبگەن هەر یەكەیان بە پێی گرنگی بونی هەنوكەیی بۆ كوردستان نازیان هەڵدەگیردرێت. كوڵاندنی ئەم هەموو سەركەش بەیەكەوە، هاوسەنگی راگرتنیان كارێكی سانایی نیە. باوەڕ پێهێنانیان بەوەی رێككەوتن لەگەڵ هەر لایەنێك لە سەر حسابی ئەوەی تر نیە ئەمە كارێكی سەختە كەسانی بوێری دەوێت.
ئەوەی گرنگە لێك تێگەیشتن و سازبونی پارتی و یەكێتیە، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هاریكاری و پشتگریی هەردوولا. دوای لێدوانی سەرۆك بارزانی، یەكێتیش ئەوەی بۆ رۆشن بوو جگە لەرێككەوتن ئەگەرێكی تریان لەبەردەم نیە بۆ هێنانە دی خواستەكانیان. بە پێی تێڕوانین بۆ كۆبونەوەكانی نێوانیان ئەوە دەردەخات لە چەند رۆژی داهاتوو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و دواتر حكومەتی نوێ پێكدەهێندرێت. هەروەك چۆن پارتی نەرمی دەنوێنێت و نایەوێت تاك لایەن كاربكات و هەنگاو بهاوێژێت لە حكومەتی نوێدا لە پێناو بە هێز مانەوەی كوردستان و سەقامگیری ئەمنی، ئابوری و كۆمەڵایەوتی...هتد. دورخستنەوە یان بەلانی كەم لاواز كردنی دەستی دەرەكی لە بڕیارو قەوارەی هەرێمی كوردستان.
دەبێت یەكێتیش درك بەوە بكات و واز لە بەهانەو پاساو دۆزینەوە بێنێت بۆ پێكنەهێنانی حكومەت و لە ناوخۆدا كێشەكەنیان كاڵ بكەنەوە. چونكە جگە لە سازبون و یەكگری هیچ بەدیلێكی تریان نیە، بۆیە ئەمەش وایكرد یەكێتی ناچار بكات واز لە پاساو بهێنێت و رێكبكەوێت. لەوە زیاتر سودی حزبی نەخاتە بەردەم بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان.