کورد لە باکوور باجی سیاسەتی هەڵەی پەکەکە دەدات
April 2, 2019
وتار و بیروڕا
پەکەکە لە باکوور جگە لە خۆی هیچ کەس و لایەنێکی تر بە کورد نازانێ، لە باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواش کلک و باڵی تایبەت بۆ خۆی درووست کردوون و بەردەوام کێشە بۆ حزب و لایەنە رەسەنەکانی ئەو بەشانەی کوردستان درووست دەکات, لەگەڵ داگیرکارانی ئەو سێ بەشەی کوردستانیش کێشەی نییە و لە زۆر کات و شوێنیش لەگەڵیان دەبێتە هاوپەیمان.
بە هەر هۆکار و لە ژێر هەر گوشارێکدا بووبێ لە باکووری کوردستان پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد, ئەوە بۆ کورد لەو قۆناغەدا سەرکەوتن و دەرفەتێکی باش بوو، لەژێر سێبەری ئەو پرۆسەیەدا دەرگای زیندان بە رووی عەبدوڵا ئۆجەلاندا کرایەوە و وەک رابەری کورد گفتوگۆی لەگەڵ دەکرا، پەکەکە بە کوشتنی دوو پۆلیس بیانووی دایە دەست تورکیا تا ئەو پرۆسەیە لە بەین بەرێ.
خاڵێکی تر کە کوردانی باکووری لە پەکەکە نائومێد کرد ئەو ئامانج گۆڕکێیە بوو کە کردی، لە یەکخستنەوەى کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردییەوە ئامانجەکەی بۆ درووشمی خەیاڵی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دابەزاند، ئەوەش بە دڵی هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان بوو، چونکە ئەوان لە هزر و بیری کوردایەتی دەترسان و پەکەکەش بەو درووشمە خەیاڵیە کاری لەسەر لاواز کردنی ئەو هزر و بیرە دوژمنکوژە دەکرد، نکولی کردنی لە ئاڵای کوردستان وەک ئاڵای کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان باشترین بەڵگەی ئەو راستییەیە کە پەکەکە لە سەنگەری کوردبوون و کوردایەتی دەرچووە و خزاوەتە سەنگەری دوژمنان.
لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە سیاسەتی هەڵەی پەکەکە چ خزمەتێکی گەورەی بە ئاکپارتی و ئەردۆغان کردووە، ئەگەرنا ناکرێ و ناگونجێ ئاکپارتی و ئەردۆغان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بدۆڕێن و لە کوردستان ببرێنەوە، بۆیە دەبێ پەکەکە ئەوە بزانێ کە کوردانی باکوور تۆڵەی ئەو سیاسەتە هەڵە و ئامانج گۆڕکێیەی لە پەکەکە کردۆتەوە، ئەوەش لە پەکەکە دەخوازێ بە هەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە و کوردبوون و کوردایەتی بکاتەوە ئامانجی دوور و نزیکی خۆی و واز لە سەرەڕۆیی سیاسی و دژایەتی کردنی حزب و لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی تری کوردستان بێنێ و لە سەنگەری داگیرکارانیش بێتەوە دەرێ.