یەکێتی بە دوای دۆزینەوەی هێزدا دەگەڕێ
March 26, 2019
وتار و بیروڕا
١ــ مێژووە سەلماندویەتی کە هێزی کورد لە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی دایە, لە سەروبەندی بانگەشەی ریفراندۆم و ئەنجامدانی پرۆسەکە کورد لە چەرخی زێڕینی هێزدا بوو، بەڵگەش ئەوەیە کورد لە ریفراندۆمدا بە دەنگی ٩٣% بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پەیامی بەهێزی و یەکهەڵوێستی خۆی بە دۆست و دوژمن گەیاند، یەکێتی ئەو پەیامەی لەسەر بوون و هێزی خۆی بە مەترسی زانی، بۆیە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و بە رێککەوتن لەگەڵ سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی و رادەست کردنی کەرکوک و مەترسی خستنە سەر هەولێر و تەوای کوردستان، کوردی بە جۆرێک گەڕاندەوە دواوە ئەگەر لێبڕاوی و بەرگریەکانی پارتی هاوپەیمانەکانی نەبووایە شتێک نەدەما بەناوی حکومەتی هەرێم و دەستکەوتەکانی راپەڕین.
٢ــ حکومەتی هەرێم دوای رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و چارەسەر کردنی قەیرانی دارایی و نەهێشتنی پاشەکەوتی مووچە کورد هێزی پەیدا کردەوە، یەکێتی دووبارە ئەو بەهێز بوونەوەى کوردی لەسەر هێزی حزبی خۆی بە مەترسی دەزانێ، بۆیە لە دوو کەناڵەوە بۆ بێهێز کردنەوەی کورد کەوتۆتە خۆ، یەکەمیان خاوەخاوە لە درووست کردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و دووەمیش لە رێگای بەغداوە هەوڵەکانیان لەسەر دووبارە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و درووست کردنەوەی قەیرانی دارایی چڕ کردوونەوە، بۆیە پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بۆ پێشگرتن بەو جموجۆڵە حزبییەی یەکێتی، کار لەسەر بەهێزی کورد بکەن و هەموویان هیزی حزبی خۆیان لە بەهێزی کورد و حکومەتی هەرێمدا ببینن.