چاکسازی، گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان لە چاوەروانی دوو کەسایەتی بەھێز ..

چاکسازی، گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان لە چاوەروانی دوو کەسایەتی بەھێز ..
کوردستانێکی بەھێزتر بەوە دێتە ئاراوە کە پێکەوە و دڵسۆزانە ھەوڵبدرێت کە گشت کوردپەروەران و نیشتیمانپەروەران بە رووحییەتی خزمەتکردنی کورد و کوردستان و بەرژوەندییە باڵاکانی گەلی کورد ھەوڵ بدرێت و ھەروەھا ئەو دۆخەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان کۆتایی پێ بھێنیرێت ، ھەروەھا کوردستان بەھێز دەبێت کە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ھەموو روویەکەوە تەیارو پڕچەککردن بەھێزیان بکەین، بەوە بەھێز دەبین لەبواری سامانە سرووشتییەکان و وزە و نەوت و گاز، کوردستان زیاتر گەشە بکات و بەرەوپێشەوەی ببەین و کۆمپانیای زەبەلاحی دنیا زیاتر بۆ کوردستان رابکێشین، لەلایەکی دیکە بۆ ئەوەی کوردستان بەھێز بێت، دەبێت یەک تێڕوانین و یەک ستراتیژمان ھەبێت لەبەرامبەر عێراق و وڵاتانی ھەرێمی و ریزەکانی ناوخۆمان یەک بخەینەوە و ھەوڵی ئەوە بدەین کە ئێمە لە قۆناغی داھاتوو پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و دامەزراوەکانمان بەھێز بن و بەرەوپێشەوەیان ببەین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە و چاکسازییەکی ئیداری و بنەڕەتی و راستەقینە ئەنجام بدەین و بەخۆداچوونەوەیەکی گشتی بکەین و لێی بگەڕێین حکومەت حوکمڕانیی خۆی بکات و حزبە سیاسییەکانیش حزبایەتیی خۆیان بکەن و نابێت حزبە سیاسییەکان لەسەر حیسابی گیرفانی حکومەت بەھێز ببن و حکومەتیش لاواز بێت، بەڵکو دەبێت مەودایەکی باش بۆ حوکمڕانییەکی باش بۆ حکومەتی کوردستان بڕەخسێنن و دەبێت بە راستی مافەکانی مرۆڤ و ناوبانگی ھەرێمی کوردستان لە رووی پارێزگاریکردن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان و تەبایی لەنێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکان لە ھەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەین، ھاوکات لە کوردستاندا نموونەیەکی جوانی دیموکراتیەت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات پێشکەش بکەین، ھەروەھا کوردستان بکەینە خاوەن دەستوور و کۆمەڵێک یاسای گرنگ بۆ بە دامەزراوەکردنی نەوت ھەبێت لە ھەموو روویەکەوە یاسا سەروەر بێت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان وەکو پرەنسیپک بپارێزین. نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بێگومان ھەردوو کاندید پەروەردە و قوتابی بەردەستی سەرۆک مەسعود بارزانی رابەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردسانن و، لە ھەمان کاتدا دوو کاراکتەری کاریگەری گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و ناوچەکەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا پەیوەندییەکی باشیان ھەیە و خاوەن پێگەی بەھێزی خۆیانن، کاندیدکردنیان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای حوکمڕانی کوردستان، ئومێدێکی زۆر بە جەماوەری کوردستان دەبەخشێت کەوا بە گەشبینییەوە بڕواننە داھاتووی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی کەوا لە ماوەی رابردوودا سەرۆکی حکومەتی کوردستان بووە، سەرەڕای ئابلووقەکانی سەر کوردستان توانیویەتی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو زۆبەی وڵاتانی جیھان بنیاتبنێت و، بەرژەوەندی زۆ لە وڵاتانیش بێنێتە کوردستان کە ئەوەش ھۆکارێکی گرنگ بووە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کوردستان و دامەزراندنی پرۆژەی ستراتیژی لە کوردستان بەتایبەت لە بواری دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوتدا، جگە لە بواری دیپلۆماسیدا نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی کابینەکانی حکومەتی کوردستان رۆڵێکی کارای بینیوە لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی کوردستان و، ھەوڵەکانی بۆ تێکشکاندنی گەمارۆکانی سەر کوردستان تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوون، لەدوای رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە ھەموو شێوەیەک ناحەزانی کوردستان ھەوڵی کەوتنی حکومەتی کوردستانیاندا، بەڵام نێچیرڤان بارزانی رووبەڕووی ھەڕەشە و پیلانەکان وەستایەوە و خۆڕاگرانە ھەوڵی تێکشاندنی ھەڕەشە و پیلانەکانی سەر حکومەتی کوردستانی دا و، لەم رووەوەش ھەنگاوی گرنگی نا بە تایبەت لە رووی دیپۆماسییەوە، توانی لە ماوەیەکی کەمدا گەمارۆی دیپلۆماسی سەر کوردستان تێکبشکێنێت.مەسرور بارزانی کەسایەتییەکی وردبین و دووربین و خودان ھزر و رامان و بەرنامەیە لە کارکردندا، ئەمە وا دەکات کارنامەی حکومەتی داھاتووی کوردستان کارنامەیەکی دەوڵەمەند و پڕ چارەسەر بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەو ئاستەنگانەی کەوا ئێستا لەبەردەم حکومەتی کوردستاندان، مەسرور بارزانی وەک راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان لە ماوەی رابردوودا زۆر سەرکەوتووانە توانیویەتی کوردستان بپارێزێت و ھێمنی و ئارامی بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات، سەرەڕای کارەکەی خاوەن پەیوەندییەکی بەتینە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی و زۆبەی وڵاتانی جیھان و نزیکی ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیھانیشە، لە کاتی ھێرش و پەلاماری تیرۆیستانی داعش بۆ سەر کوردستان بەردەوام وەک پێشمەرگە و ھاوکارێک لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەنگەری بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی ھاوڵاتیان مایەوەو رۆڵی کاریگەرانەی خۆی بینی.لە سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، مەسرور بارزانی رۆڵیکی گرنگی بینی و ھاوکارێکی کاریگەری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو، بە خەبات و خۆڕاگری سەرۆک مەسعود بارزانی و پرۆسەی ریفراندۆم سەرکەوت. ئەگەر رووداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەر روویان نەدابووا، ئێستا کوردستان لە رەوشێکی زۆر پێشکەوتووتردا دەبوو، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پیلانەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەریش مەسرور بارزانی بە سیاسەتی وردبینانەو دووربینانەی خۆی توانی رۆلێکی کارا بگێڕێت و خەونی ناحەزان لە گۆڕ بنێت.ھەردوو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەوا کاندیدی سەرۆک مەسعود بارزانی رابەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانن، دوو قوتابیی پەروەردەی سەرۆک بارزانین، وزە و توانای کاریان لە ھێزی کاری سەرۆک بارزانی وەردەگرن، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک رابەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان و مەرجەع و داینەمۆی پرۆسەی سیاسی کوردستان، توانی لە ماوەی رابردوودا بە ھەموو جیھان بڵێت گەلی کوردستان خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی و دەیەوێت بە ئازادی بژیت، سەرۆک بارزانی لە دیرۆکی نوێی کوردستاندا مەزنترین شانازی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد کە ئەویش ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بوو، لە رێی پرۆسەی ریفراندۆمەوە بە ھەموو جیھانی راگەیاند کەوا بڕیاری گەلی کوردستان ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە نەک دیلی و ژێردەستەیی. ئێستاکەش دوای پێنج مانگ ، گشت ھەوڵەکان بە ئاڕاستەی دوایین بریارە ھێز ولایەنە کوردستانییەکان بۆ بونیاتنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان و دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ، کە ئەو دوو کاراکتەرە بەھێزە بە ھەموو توانایەکەوە ھەرێمی کوردستان بە ئارٍاستەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و گەشەکردن و بەھێزترکردنی کوردستان ببەن.
Top