پێویستە ئاراستەی رای گشتیی شەقامی كوردەواری لە پێناوی دۆزی نەتەوەییدا بێت

پێویستە ئاراستەی رای گشتیی شەقامی كوردەواری لە پێناوی دۆزی نەتەوەییدا بێت
لە ئەمڕۆدا رای گشتی و ئاراستەی ئەو بوارە لە دنیای سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەوڵەتداریدا گرنگیی خۆی هەیە، كە هەردەم جێگەی بایەخی گەلانی زیندوو حوكمڕانانی تەندروستە، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئێمەی كوردیش لەم بوارەدا ئەسپی خۆمان بە توندی تاو بدەین، تاوەكو بگەینەوە بە گەلانی خوداپێداو و خاوەنی حوكمڕانیی سەربەخۆ. دیارە ئیمەی كورد لە مێژە خاوەنی حوكمڕانیی سەربەخۆی خۆمان نین و هەردەم لە پێناو گەیشتن بە سەرفرازی و سەربەخۆیی لە حاڵەتی بەرخۆدانی بەردەوامداین، بۆیە كەمتر توانیومانە رای گشتی بە ئاراستەی دۆزە رەواكەمان بەرەوپێش بەرین، چونكە هەردەم نەیارانی دۆزەكەمان كە هەر چوار لای ئێمەیان تەنیوە و لە رووی ماددییشەوە لە ئێمەش بەتواناتر بوون و زیاتر خاوەنی میدیاو ئامرازەكانی ئاراستەكردنی رای گشتین، بە رای گشتیی ئێمەشەوە، تاوەكو لە بەرژەوەندیی خۆیان ئاراستەی بكەن. لەگەڵ ئەوەشدا كە شۆڕش و بەرخۆدانەكانی ئێمە تا راددەیەكی زۆر لە رووی میدیا و ئامرازی ئاراستەكردنی رای گشتییەوە هەژار بوون، بەڵام توانراوە تا راددەیەكی باش كۆدەنگی و رای گشتی بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی و دۆزی رەوای نەتەوەدا ببات، هەر وەكو نموونەیەك: لە شۆڕشی ئەیلوولی ئازادیخوازی نەتەوەییدا، سەرەڕای پەرچەكرداری شۆڕشێكی چەواشە و بە میدیایەكی چەواشەتر و خاوەن توانای ماددیترەوە، كە دژ بە شۆڕش هاتەئاراوە، شۆڕشەكە توانی زۆر بە باشی ئاراستەی رای گشتیی شەقامی كوردەواری لە بەرژەوەندیی خۆی و دۆزی رەوای نەتەوەكەمان ئاراستە بكات، زۆرینەی تاكی كورد لە باشوور و بگرە لە بەشەكانی تری كوردستانیش، دڵ و رۆحیان لە گەڵ رابەری شۆڕش و پێشمەرگە و دۆزی رەوای خەڵكی كوردستان بوو، كە من پێموایە زۆر زەحمەتە ئەو پەیوەندییە رۆحییەی ئەوسا بە ئاسانی دروست ببێتەوە.
لە ئێستادا باسەكەمان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستانە، ئەم قەوارەیە هەرچەندە گشت خواستەكانی نەتەوەی كوردی بەرجەستە نەكردووە، كە سەربەخۆیی تەواوی خەڵك و خاكی كوردانە، بەڵام وەكو لە نووسینەكانی دیكە دا ئاماژەم پێداوە، خاوەندارێتی ئەم قەوارە سیاسییە بۆ گشت تاكێكی كورد دەگەڕێتەوە لە سەرتاپای كوردستان، بۆیە پێویستە هەردەم لە هەوڵی گەشەپێدانیدا بین، تاوەكو رۆژ بە رۆژ وابكرێت ببێتە نموونەیەكی حوكمڕانیی گەشە سەندو و بەرەو ئاراستەی سەربەخۆیی و تۆكمە بونی ببەین، لەم سۆنگەیەشەوە ئەوەی زۆر گرنگە وەكو ئەركێكی نەتەوەیی ئاراستەكردنی رای گشتییە رووەو خۆشەویستیی نیشتمان و گرنگی پێدانی خەڵك و خاكی كوردان و قەوارە سیاسییەكەی و ناساندنی ئەو ستەم و زوڵمەیە كە بە درێژایی مێژوو لە نەتەوەی كورد و خاكی كوردان كراوە، هاوكات پەروەردەكردنی تاك لە سەر گرنگیی مافی هاووڵاتی بوون و چەمكەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوەكەمان .
ئەگەر ئاوڕێكی پڕسەرنج لە 27- 28 ساڵی رابردوومان بدەینەوە، دەبینین كە حوكمڕانیی خۆماڵی بە هۆكارەكانی حزبچێتی و خۆپەسەندی و بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حزبی و دەستی دەركی و خۆگرێدانی بەشێك لە لایەنەكان بە بەرژەوەندی ئەملاو ئەولاوە، یان بە هۆكاری كەم ئەزمونی و بێ ئەزمونیی حوكمڕانی خۆماڵی بۆ خۆی، نەیتوانیوە رای گشتی بە ئاراستەی خواستە رەواكانی نەتەوەیی تۆكمە بكات و بیبات، لە هەمان كاتیشدا لێدانی قەوارەی خۆماڵی باشوور بكاتە هێڵی سوور بۆ هەر لایەن و تاكێك لە ناوخۆدا، لێرەدا ئەم بابەتە هەرگیز نایەوێت ببێتە بەرگریكار لە گەندەڵكاران، جا ئەوانە لە هەر پلەو پۆستێكدا بن و هەر ناوو نیشانێكیان هەبێت، بەڵام ناشكرێت بەناوی لێدانی گەندەڵكاران و قۆرخكاران و بە ناوی ركابەریی سیاسی و ئۆپۆزسیونەوە، خودی حكومەتی هەرێم بكرێتە ئامانج، یان سیمبولە مێژوویی و نەتەوەییەكان بكرێنە ئامانج، لە كاتێكدا باش دەزانرێت ئەم حكومەتە خۆماڵییە بە نەیارانی سەر سەخت هەر چوارلای گیراوە و، هەردەمیش ئەو نەیارانە لە بۆسەدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەكانی ئەم حكومەتە، بەڵام خۆ دەكرێت لە ناوخۆی هەرێمدا ركابەریی سیاسی و ململانێ هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەو هۆكارە ببێتە لێدان و ناشیرینكردنی قەوارەكە و سیمبولەكانی بەرخۆدانی كوردایەتی، وەكو ئەوەی پێشتر لە بەغدا بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە روویان دا، كە كەسانێكی ناشارەزا و نامۆ و قین لەدڵ بە خەباتی نەتەوەیی، یان وابەستەی نەیارانی دۆزی كورد، بە هەموو هێزی خۆیان كەوتنە سەروگوێلاك و وێزەی حكومەتی هەرێم، وەكو ئەوەی بەغدا و حكومەتی ناوەند شامی شەریف بن و گەندەڵی و قۆرخكاری سەرتاپای نەگرتبێتەوە، ئەمە وەكو ئەوە وایە كەسێك بڕوات لە لای نەخۆشێكی سەر جێگە و سەرەمەرگدا، داوای چارەسەری نەخۆشییەكانی خۆی بكات، لە مێژە گوتراوە: «ئەگەر كەچەڵ چارەسەری لا بوایە، سەری خۆی تیمار دەركرد»، بەغدایەك كە بۆ خۆی سەرتاسەری نوقمی تاوان و گەندەڵی بێت، دەبێت بۆ ئێمە چی پێ بێت، من پێموایە ئەو كارەی پێشتر ئەوان كردیان زۆر گەمژانە بوو، یان مەبەستی پڕ كینە و ناڕەوای لە پشتەوە بوو، چونكە دەرەنجام كاریگەریی زۆر نێگەتیڤی لە سەر كوردستان بە جێ هێشت و بە زیانی زۆر بۆ هەمووان گەڕایەوە، بەتایبەتی بۆ دۆزی نەتەوەیی كوردانی چوار پارچە، چونكە ئەو ناوزڕاندنە دواجار گەلەكۆمەكیی 16ی ئۆكتۆبەری لێكەوتەوە، دیارە هەرتاكێكی رۆشنبیر و خەمخۆر بۆ دۆزی كوردایەتی، لەلای خۆیەوە كەم تا زۆر رەخنە و سەرنجی بونیاتنەرانەی لە سەر جۆر و شێوازی حوكمڕانیی خۆماڵی و گەندەڵییەكان هەیە، بە خودی ئەوانەشەوە كە پۆستی باڵایان لە ناو حكومەتەكەدا هەیە، بەڵام نابێت مرۆڤ هێندەش دەبەنگ بێت، كە چاوەڕوانی چارەسەر لە نەیارانی دۆزی نەتەوەكەی خۆی بكات.
كەواتە لێرە بەدواوە ئەوەی زۆر گرنگە بۆ حكومەتی هەرێم بەتایبەتی و بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی، وەكو حكومەتێكی خەمخۆری خاك و خەڵك و نەتەوەیەكی مافخوراو و بندەست، گرنگیدانە بە ئاراستەكردنی رای گشتیی شەقام و سەرجەم میدیاكان (بە بینراو، بیستراو و خوێندراوەوە)، تەنانەت بە مزگەوت و پەرستگە ئایینییەكانیشەوە، هەنگاو بنێن روەو رۆشنبیركردنی تاكی كوردستانی بۆ بە گرنگ زانینی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەكی پێویست بۆ تاك بە تاكی سەرزەمینی كوردان، بە جۆرێك كە هەردەم نابێت كوێرەوەری و نەهامەتییەكانی رابردوومان لە بیر بچێتەوە، دەبێت لە مەولا ئاراستەی رای گشتی تاك بۆ ئەوە بێت، كە دروستبوونی قەوارەی سیاسیی حكومەتی هەرێم كۆتا ویستگەی دۆزی نەتەوەیی كوردستانییان نییە، بگرە وێستگەی یەكەم و سەرتایە رووەو ئامانجگەلێكی گرنگ و ستراتیجیتر، بۆ دۆزی نەتەوەیی و دانیشتووانی سەرزەمینی كوردان، بۆیە چیتر نابێت رێگە بە هیچ چەواشەكارییەك بدرێت لە بواری ئاراستەی دروست و ستراتیجیی رای گشتیدا كاربكات، ئەمەش بە واتای ئەوە نییە كە دەرگا لە پرۆسەی رەخنە و رەخنەگرتن دابخرێت، چونكە رەخنەی بونیاتنەر و خستنەڕووی كەموكورتییەكانی حوكمڕانی و دەستخستنە سەر برینەكان، بەڵگەی زیندوێتی گەل و حوكمڕانیی تەندروستە. قسەكردن لە سەر ئاراستەی دروستیی رای گشتی بابەتێكی ترمان بۆ دێنێتەپێش، ئەویش راگەیاندنی فەلسفەی حوكمڕانیی خۆماڵییە، چونكە ناكرێت حكومەت كار بكات و فەلسەفەی حوكمڕانیی نەبێت، هەر دەسەڵاتێك لە دونیادا تەنانەت دەسەڵاتە تاكڕەو و دیكتاتۆرەكانیش دەبێت جۆرێك لە فەلسەفەی حوكمڕانییان هەبێت، بۆیە ئێمەش وەكو نەتەوە و گەلێكی ستەمدیدە، كە بە دەیان ساڵە لە خەباتێكی سەختداین بۆ گەیشتن بە مافە سرووشتی و رەواكانمان، پێویستە فەلسفەی حوكم و خۆبەڕێوەبردنێكی باش و تایبەت بە خۆمان كارا بكەین، كە لەگەڵ پێودانگەكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبوندا خۆی بگونجێنێ، لە هەمان كاتیشدا ئەو فەلسەفەیە نابێت ئەوە لە بیر بكات كە ئەوەی بە دەستهاتووە هەموو شتێك نییە، بەڵكو پێویستە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی خۆماڵی هەردەم بەرخۆدانی هێمنانە و ئاشتییانەی نەتەوەكەمان جۆشدا بدات، كە مافێكی سرووشتیی تێكڕا گەلانی سەر رووی زەوییە، یان هەر چوارچێوەیەكی مافە سرووشتییەكانی دیكەی خەڵك و خاكی كوردستانە، روونیشە ملنان و هەنگاوهاویشتن رووەو ئەو مافە رەوا و سرووشتییانە، بەبێ گەڵاڵەكردنی رایەكی گشتیی تۆكمە و ئامانجدار نایەنەدی، هەر دەمێكیش جڵەوبەدەستانی هەرێمی كوردستان لەو گەڵاڵەكردنەدا توانییان سەركەوتوو بن، ئەوكات لە پێناوی گەیشتن بەو ئامانجانە گرنگە دەتوانن باشترین توانا ماددی و مەعنەوییەكانی حكومەت بخەنەگەڕ، بەڵام دیارە وەكو پێشتریش گوتمان هەردەم حكومەت رووبەڕووی پیلانی هێزگەلێكی دەرەكی و ناوەكی و پەنهان و پلان بۆ داڕێژراو دەبێتەوە، كە كار لەسەر چەواشەكردنی رای گشتی و خواستە رەواكانی نەتەوەكەمان دەكات، بۆیە زۆر گرنگە بۆ حكومەت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ چەواشەكارانی رای گشتیدا بكەن، بەمەبەستی نەهیشتنی شوێنەواری چاوەشەكاری لە سەر دانیشتووان لە رووی دەروونی و تێكدانی پرەنسیپەكانی تۆكمەبوونی رای گشتی جەماوەر و بۆ رووبەڕووبوونەوەیان كەسانی شارەزا و پسپۆڕ بخەنە گەڕ، شارەزایانی بواری میدیا و دروستبوونی رایەكی گشتیی نیشتمانیی رەسەن، هەردەم باس لەوە دەكەن كە چەواشەبوونی رای گشتی لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە گەڵ دوژمنێكی پڕتواناو پڕچەكی مەزن و توانای مرۆیی كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی زۆر زیاترە، كەواتە تۆكمەیی رای گشتی بریتییە لە: تۆكمەبوونی بەرەی ناوخۆیی گەل و حكومەت، ئەوەش یەكەم هەنگاوی سەرەكی و گرنگە بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی دەرەكی لە گەڵ دوژمن و نەیاران، هاوكات هەر درز و كەلێنێك لە رای گشتی كۆمەڵگە و حكومەتەكەیدا بە راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی نەیارانی ئەو گەل و حكومەتە دەكەوێتەوە و زیانی فرە بە ئامانجە نەتەوەیی و ستراتیجییەكان دەگەیەنێت، بۆیە دووبارەو چەند بارەش دەبێت حكومەت و خەمخۆرانی گەل و وڵات پلانی تۆكمە دابڕێژن بۆ رووبەڕووبوونەی چەواشەكارانی رای گشتی، زۆریش گرنگە بەشداربووانی حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش هاودەنگی و كۆدەنگییان هەبێت، لە ئاراستەكردنی رای گشتیی رەسەن بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی حكومەت و خەڵك و لە هێڵە گشتی و هەستیارەكانی دەرنەچن، لە هەمان كاتدا دەبێت هەمووان ئاگادار بكرێنەوە لە بنەماكان و هێڵە هەستیارەكانی ئەو را گشتییە. لێرەوە هەر دەرچوونێك لە هێڵە سەرەكییەكانی رای گشتیی جەماوەر و حكومەت، دەبێت بە تاوان هەژمار بكرێت، چونكە زیانی ئەو دەرچوونە بە زیانی فرە بۆ دۆزی رەوای نەتەوەو گەل و حكومەت دەكەوێتەوە، لە هەمان كاتیشدا تاوان پێویستی بە یاسای تایبەت هەیە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت رەوتە ئازادیخواز و سەربەخۆخوازەكەمان بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە گەڵاڵەیەكی باش بۆ رای گشتیمان بكەین و یاسای تایبەتیشی بۆ دابڕێژین، تاوەكو چەند جارە نەكەوینە تەپكەی نەیارانمانەوە و نەخنكێین.

Top