بۆ ئەوەی چیتر کات بە فیڕۆ نەدرێت

بۆ ئەوەی چیتر کات بە فیڕۆ نەدرێت

زیاتر لە (١٠٠) رۆژی تێ دەپەڕێت بەسەر ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەچی ھێشتا لایەنە سیاسیەکان لەسەر پێکھێنانی کابینەی حکومەت نەگەیشتوونە ڕێکەوتنێکی یەکلا کەرەوە کە ئەمەش بویتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و ھەڵوەستە کردن لە لایەن خەڵکی کوردستان ، چونکە کوردستانیان حەقیانە لەم ڕووەوە گلەیی و گازندە لە لایەنەکان ھەبێت بە دڵنیایەوە بۆیە دەنگیان دا تا قۆناغێکی تری سیاسی و ئیداری ببین لە ژیانیان دا ، بە تایبەتی لە ڕەوشێکی وەک ئێستادا کە کوردستان لە ماوەی کابینەی ڕابردوو تا ئێستا بە کۆمەڵێک ھەل و مەرجی جیادا گوزەری کردووە ، کە لەبەردەم ئەم کابینەیەدا بە ئومێد و ھیواوە دەروانە قۆناغی داھاتوویان تا گۆڕانکاری ڕیشەیی لە سیستەمی حوکمرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت ، بۆیە پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت پێویستێکی یاسایی و سیاسیە ، چونکە لە ڕێگای ئەم کابینەیەدا دەتوانرێت زۆر بە وردی کاربکرێت لە پێناو جێ بە جێ کردنی ویست و داواکاری خەڵکدا کە ئەمەش مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە بە تایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە کوردستان بۆتە شوێنیکی گرنگ و ستراتیژ لەسەر ئاستی دەرەوە ، کە ھاتنی ئەو ھەموو وەفدە دبلۆماسیانە دەرخەری بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستانە ، بۆیە گرنگە لایەنە سیاسیەکان لە ئاست ھەستیاری و گرنگی قۆناغەکەدابن و چیتر لە ژێر ھەر بیانوویەک بێت (کات) بە فیڕۆ نەدەن و ڕێز لە دەنگدەرانیان بگرن و پەلە بکەن لە گەیشتنیان بە دەرەنجامێک بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت کە وەکو دیاریشە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکاندا لە ھەوڵی ھەرچی زوتری دەست بەکار بوونی کابینەی تازەی حکومەتە کە بۆ ئەمەش چەندین گەڕی دانوستاندنی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجام داوە ، بۆیە دواکەوتنی زیاتری کابینەکە بە ھەر بیانوویەک بێت گرفت لە بەردەم دابینکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەت کردنی خەڵکی کوردستان دروست دەکات و زیان بە بەرژەوەندیەکانی ھاوڵاتیان دەگەیەنێت بۆیە حەقە لەم پێناوەدا ھەمووان ھاوکاری یەکتربین بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا واز لە داواکاریە حزبیەکان بھێنن و کاربکەن بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت کە تەنھا بەوە دەتوانرێت ڕێز لە ئێرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت

خوای گەورە پشتیوانی ھەموو لایەک بێت
Top