كوردی رۆژئاوا لە دیدارەكانی سەرۆك بارزانیدا

كوردی رۆژئاوا لە دیدارەكانی سەرۆك بارزانیدا
لە دوو هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێی 2019 دا، وەزیری دەرەوەی دوو دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەوڵەتێكی ئیقلیمی سەردانی هەولێریان كرد، ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە، كە هەرێمی كوردستان لە دیدی ئەو دەوڵەتانە پێگەیەكی گرنگی هەیە، بەتایبەتیش كە ئێستا ناكۆكیی ئەمەریكا و ئێران لەوپەڕیدایە، گەمارۆكانی واشنتۆن بۆ سەر ئێران، كاریگەرییەكانی دەركەوتووە، هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنساش بە دەوری خۆی بەگرنگ پیشاندانی پێگەی هەرێمی كوردستانە لە عێراق و ناوچەكەدا.
ئەوەی لە دیدارەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ هەرسێ وەزیری دەرەوەدا تێبینی كرا، مەسەلەی كوردی رۆژئاوا بوو، چونكە هەرسێ دەوڵەت كە وەزیری دەرەوەیان هاتنە هەولێر، پەیوەندییان بە بارودۆخی كوردی سوریاوە هەیە، نیگەرانییەكانی كورد دوای لێدوانی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا لە 19ی 12ی 2018 هات و زیاتر دەركەوت كە گووتی لە سوریا دەكشێینەوە، دوای ئەو لێدوانە، كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان، ترسی ئەوەیان هەیە، ئاخۆ تراژیدیای كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە دیمەنی هەرە ترسناكی 2019؟
سەرۆك بارزانی نیگەرانیی كوردی لەبارەی ئاییندەی كوردی سوریا كردە بابەتی دیدارە گرنگەكانی لەگەڵ هەرسێ وەزیری دەرەوە، رۆژی 9ی كانوونی دووەمی 2019 كاتێ لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبووەوە، جگە لە مەسەلەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و پرسی دیكە، نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سوریا راگەیاند و داوای كرد كە گۆڕانكاری و پێشهاتە تازەكان نەبنە هۆی ئەوەی گەلی كورد لە سوریا چیتر تووشی ئازار و زیان ببێت، رۆژی 15ی كانوونی دووەمی 2019 لەگەڵ ژان ئیڤ لودریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا كۆبووەوە، لە بارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سوریا هەردوولا نیگەرانییەكانی خۆیان راگەیاند، سەرۆك بارزانی بۆچوون و پێشنییازەكانی خۆی بۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خستەڕوو، هەر لە 15ی كانوونی دووەمی 2019 لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووەوە، لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سوریا بە وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران گەیاند.
سەرۆك بارزانی لە دیدارەكانیدا، هاتنی وەزیری دەرەوەی هەرسێ دەوڵەتی بۆ باسكردنی چارەنووسی گەلی كورد لە سوریا قۆستەوە، بەو پێیەی واشنتۆن و پاریس وەك دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و تارانیش كە لە سوریا بەكاریگەرییەكی زۆرەوە ئامادەیی هەیە، ئەم جەختكردنەوەیەی سەرۆك بارزانی لەسەر پرسی كورد لە سوریا، لە دیدێكی واقیعی و پرسێكی مێژوویی هەڵقووڵاوە، ئەگەر بڕیاربێ ئەو سێ ناوەندەی بڕیار، گوێ لە هێز و لایەنەكان بۆ پرسی كوردی سوریا بگرن، ئەوا سەرۆك بارزانی ئەو مەرجەعەیە كە گوێی لێدەگیرێ، راستە سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێم نییە، بەڵام ناوەندە گرنگەكانی بڕیار لە جیهان و ناوچەكەدا، تێڕوانین و بۆچوونی ئەویان بەلاوە گرنگە.
Top